دەرهێنەرێکی کورد دوو ساڵە پێشبڕكێ بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی ئۆسکار دەکات
"نێچیرڤانی خراپ" دوایین فیلمی سینەمایی ئەو دەرهێنەرە کوردەیە کە تەواوی ستافەکەی کوردن، پێشتر چەندین خەڵاتی جیهانیی بەدەستهێناوە.
لەم بارەیەوە سەهیم عومەر خەلیفە رایگەیاند کورتە فیلمی "نێچیرڤانی خراپ" لەگەڵ نۆ کورتە فیلمی دیکە لە کێبڕکدایە بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی ئۆسکاری باشترین فیلم.
خەلیفە راشیگەیاند، لە 19 ئەم مانگە کۆمیتەی ئۆسکار لە هۆلیوود، 10 کورتەفیلمی کاندید کردووە بۆ خەڵاتی ئۆسکاری باشترین کورتەفیلم، گوتیشی "لە 14 مانگی کانوونی دووەم/ یەنایەر 2016، تەنها پێنج فیلم بۆ پێشبڕکێی کۆتایی هەڵدەبژێردرێن.
خەڵاتی ئۆسکار بە گرنگترین خەڵاتی سینەمایی لەسەر ئاستی جیهاندا دەناسرێت، لە ساڵی 1972ـەوە لەلایەن ئەکادیمیای هونەر و زانستی سینەمایی لە 22 شوبا/ فەبرایەرـی هەموو ساڵێک لە ئەمەریکا دەبەخشرێت، ئەمساڵ خولی 88مینی بەڕێوەدەچێت.
ئەو دەرهێنەرە کوردە، روونیشی کردەوە، ئەو یەکەم دەرهێنەرە لەسەر ئاستی بەلژیکا، کوردستان و عێراقدا دوو ساڵ بەسەریەکەوە کاندیدی خەڵاتی ئۆسکار بێت.
پارساڵ کورتەفیلمی "میسیی بەغدا"ـی ئەو سینەماکارە، یەکێک لە 10 ئەو کورتەفیلمانە بوو کە کێبڕکێی بۆ خەڵاتی ئۆسکاری باشترین کورتەفیلم دەکرد.
سەهیم عومەر خەلیفە، خەڵكی شارۆچکەی زاخۆیە و دانیشتووی وڵاتی بەلژیکایە، هەر لەو وڵاتە بڕوانامەی ماستەری لە سینەمادا بەدەستهێناوە.
"نێچیرڤانی خراپ" بەرهەمی هاوبەشی بەڕێوبەرایەتیی سینەمای هەولێر، وڵاتی بەلژیکا و فێستیڤاڵی سینەمایی دوبەیە.
خەلیفە لە رێگەی هەردێ کورتە فیلمی "خاكی پاڵەوانان"، "میسیی بەغدا" و "نێچیرڤانی خراپ"، 93خەڵاتی لەسەر ئاستی فێستیڤاڵە سینەماییە نێوخۆیی و جیهانییەکاندا بەدەستهێناوە.
لەلایەکی دیکەوە ئەو دەرهێنەر کوردە، سەرقاڵی بەرهەمهێنانی یەکەم فیلمی درێژیەتی بەناوی "زاگرۆس" لە دوای سێ کورتەفیلم.
پێشتر وڵاتی بەلژیکا بڕیاریدا ببێتە بەرهەمهێنەری سەرەکی فیلمەکە، دواتر هەریەک لە فەڕەنسا و بەشی کلتووری یەکێتیی ئەوروپا پشتگیری دارایی خۆیان بۆ فیلمەکە نیشاندا و بەم دواییەش وڵاتی هۆڵەندا.
کاری وێنەگرتنی فیلمەکە لە مانگی نیسان/ ئەپرێل 2016ـدا لە جۆلەمێرگ لە باکووری کوردستان دەستپێدەکات و بەشیێکی دیکەی لە بەلژیکا وێنەدەگیرێت.