شەوكەت ئەمین:بەداخەوە كەلتووری چوونە سینەمامان نییە و پێویستە زیندوو بكرێتەوە
شەوكەت ئەمین سەبارەت بە ستافی فیلمەكە دەڵێ: ئەكتەرەكان و ستافی فیلمەكە بەگشتی واتە ئەوانەی پشتی كامێراشن لە هەر چوارپارچەی كوردستان و خەڵكی وڵاتانی دیكەش پێكهاتوو بۆ نموونە بەشێكی زۆریان خەڵكی ئەڵمان بوون، چونكە پۆست پرۆدێكشنی كارەكەیش لەوێ بوو، هەروەها بەشێكیشیان فارس بوون. یەكێك لە ئاستەنگەكان و ئەو شتە زۆر زەحمەتانەی كە لەم فیلمەدا بۆ من درووست ئەوەبوو كە ستافی فیلمەكە زۆر گەورە بوو.
دەربارەی نمایش كردنی فیلمەكە لە كوردستان دەڵێ: تا ئێستا كەلتووری سینەمای لای میللەتی ئێمە بە تەواوی نەچەسپیوە و دەتوانین بڵێین تا راددەیەك نامۆیە، چونكە پێش ئێستا زۆر جار كەسانێك هەبوون دەیانوت جەماوەری كوردی مافی خۆیەتی ئەو فیلمە كوردیانە ببینێت كە لە فیستیڤاڵە جیهانییەكاندا بەشداری دەكەن و خەڵات بەدەست دەهێنن ئێمەش وەكو سینەماكار دەمانگوت هۆڵی سینەما و شوێنی گونجاو و فیلممان نییە بۆ ئەوەی فیلمەكان تێدا نمایش بكەن، كەچی ئێستا لە هەرێمی كوردستان هۆڵی باش و مۆدێرن هەیە و نوێترین فیلمە جیهانییەكان نمایش دەكرێن جگە لەو نمایشە تایبەتانەی بۆ فیلمەكان دەكرێت و جەماوەر دەتوانێت بەم فیلمانە ئاشنا بێت، بەڵام هۆڵەكان چۆڵن، فیلمی (بیرەوەرییەكانی سەر بەرد) یش بە هەمان شێوە ئاستی جەماوەریی زۆر نزم و بە هیچ شێوەیەك لە ئاست تمووحی ئێمە نەبووە، من پێشبینی ئەوەم نەدەكرد، ئەو سارد و سڕییەی جەماوەر وەنەبێت تەنیا بۆ فیلمە كوردییەكان بێت،چونكە بەپێی زانیارییەكانی من نوێترین فیلمە بیانییەكانیش كە نمایش دەكرێن بینەریان نییە.
شەوكەت ئەمین زیاتر دەڵێ: بەر لە هەولێر و سلێمانی لە دهۆك فیلمەكەمان نمایش كرد، بەڵام ئەو پێشوازییەی كە ئێمە چاوەڕێمان دەكرد لە لایەن خەڵكییەوە بۆ فیلمەكە نەكراوە، و پێمانوابوو ئەگەر فیلمەكە بهێنینە هەولێر و سلێمانی رەنگە بینەری فیلمەكە زیاتر دەبێت، بەڵام بەڕاستی لەو دووشارەش زۆر خراپ ئەمەش نیشانەی ئەوەیە كە كەلتووری چوونە سینەما لە هەرێمی كوردستان بوونی نییە و ئەگەر هەشبێت وەكو پێویست نییە.
كوركی بوونی بینەری كوردی لە هۆڵەكان بۆ بینینی فیلمە كوردییەكان بە گرنگ دەزانێت و دەڵێ:
خۆزگە ئێمە ئەو بینەرەمان هەبا، چونكە من بەو ئیحساسەوە كار دەكەم كە فیلمەكە بۆ كوردە، و هەر كاتێك كە كار دەكەم بینەرێك كە بۆ فیلمەكەم تەسەوری بكەم بینەری كوردە نەك بینەرێكی دیكە، چونكە من خۆم كوردم من لەناو ئەو بینەرەم و فیلم بۆ دڵی خۆم دروست دەكەم واتە فیلمێك دروستدەكەم كە خۆم بینەری دەبم یەكەم جار، ئەو بینەرەی نزیكی خۆمە كوردە، بینەری ناوخۆ زۆر زۆر گرنگە بۆ من و لە بینەری دەرەوە زۆر گرنگترە، ئەگەر ئێمە بینەرێكی گەورەمان هەبا، ئەگەر كوردستان كیانێكی سیاسی گەورەی بە سینەمایەكی پیشەسازی لێرە هەبا، بەدڵنیاییەوە فیلمەكان دەیانتوانی نەك هەموویان بەشێكی زۆریان دەیانتوانی ئەو تێچووەی لە فیلمەكاندا خەرج دەكرێت دەربهێنێتەوە، من فیلم بۆ ئەوە دروست دەكەم یەكەم جار، میللەتی خۆم پاشان دنیا بیبینێت خەڵكێك لە هەموو شوێنێكی دنیاوە حەزی لێ بكات.
شەوكەت ئەمین كوركی دەربارەی سیناریۆی فیلمەكە بە گشتی دەڵێ: فیلمەكە دەربارەی سینەمای كوردییە، دەتوانم بڵێم پشت كامێرای دروستكردنی فیلمێكی كوردییە، فیلمێك كە سەبارەت بە فیلم دروستكردن. زۆرتریش بەشێكی تەجروبەی خۆمە لە فیلمەكانی پێشووم، ئەم فیلمە دەربارەی كاستێكی فیلم دروستكردنە كە كار لەسەر دروستكردنی فیلمێك دەكەن لەسەر ئەنفال و توشی زۆر گیر و گرفت دەبن.
فیلمەكە بەرهەمێكی هاوبەشی چەند وڵاتێك و كوردستانە ئەمەش یەكێكە لە تایبەتمەندییەكانی ئەم فیلمە، لەم بارەیەوە دەرهێنەری فیلمەكە دەڵێ: فیلمەكە بەرهەمێكی هاوبەشی كوردستان و چەند وڵاتێكە، بەڵام بە شێوەیەكی سەرەكی بەرهەمی كوردستان و ئەڵمانیایە و زۆرترین هاوكاری فیلمەكە لەلایەن وڵاتی ئەڵمانیا بووە و تا ئێستا لە چەندین فیستیڤاڵی جیهانی بەشداریی كردووە وەك سویسرا، قەتەر هەروەها فاندی سكریپت كە لە ئاسیا پاسیفیك و پوسان لە كوریای جنوبی، لەگەڵ گوتنبورگی سوید، و یەكەمجار لە فیستیڤاڵی “كارلۆڤی ڤاری” پێشان درا، پاشان لە “پوسان” و دواتریش لە فێستیڤاڵی “ئەبوزەبی” پێشاندرا كە خەڵاتیشی وەرگرت، ئێستایش بۆ چەند فێستیڤاڵێكی دیكەشمان ناردووە و بەشداری دەكات لەو فێستیڤاڵانەشدا.
هەروەها سیناریۆی ئەم فیلمە لەكاتی سكریپدا و پێش بەرهەم هێنان دوو خەڵاتی برد “پوسان، ئاسیا پاسیفیك” شتێكی دیكە هەیە لەسەر ئەم فیلمە، لە كوردستان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی سینەمای شاری دهۆك و پارێزگاری دهۆك، هەروەها ئەڵمانیایش زۆرترین هاوكاری كراوە.
لەلایەكی دیكەوە لە یادی ٧٠ ساڵەی دامەزراندیی رێكخراوەی یۆنسكۆ UNESCO و ١٠ ساڵەی كۆنوانسیۆنی پاراستن و بڵاوكردنەوەی كەلتووری بە ئامادەبوونی شەوكەت ئەمین كوركی و مەمەد ئەكتاش” بەرهەمهێنەری ئەم فیلمە، “عەباس غەزالی” ئەندامی پەڕڵەمانی كوردستان، جێگری سەرۆكی گشتیی رێكخراوەی یۆنسكۆ، “مایكل هاوكینز سەرۆكی خەڵاتی “ئاسیا پاسیفیك”، ئەكتەری ناوداری عەڕەبی ـ فەڕەنسی “هیام عەباس” و ٨٠٠ كەس لە كەسایەتییە تایبەتەكان، رۆژی ١٠ حوزەیران / یۆنیۆی ٢٠١٥ لە هۆڵی بارەگای سەرەكی رێكخراوەی جیهانی یۆنسكۆ لە شاری پاریسی نمایشكرا.
لە دەستپێكی كۆنفڕانسەكەدا جێگری سەرۆكی گشتیی رێكخراوەی یۆنسكۆ بەخێرهاتنی میوانانی كوردستانی كرد و پەیامی “ئیریانا باكۆڤا سەرۆكی گشتیی رێكخراوەی یۆنسكۆی خوێندەوە، لە بەشێكی ئەم پەیامەدا هاتووە: ئێمە زۆر خۆشحاڵین كە ئەمڕۆ فیلمی سینەمایی “بیرەوەرییەكانی سەر بەرد لە یۆنسكۆنمایش دەكرێت. لە دنیای ئێستادا فیلم، رۆڵێكی زۆر گرینگ و بەهێز لە رووی پەرەپێدانی كەلتوورە جۆراوجۆرەكان، لێكتێگەیشتن، وتووێژ و هەروەها پێكهێنانی ئاشتی دەبینێت.
سەبارەت بە جیاوازی ئەم فیلمە لەگەڵ كارەكانی پێشوویدا كۆركی دەڵێ: من كە لە فیلمێكدا ئیش دەكەم خۆم بە ستایلێكەوە نابەستمەوە تا فیلمەكەش نمایش نەكرێ كەس ناتوانێت بڵێت چ ستایلێكە و رەنگە چەند ستایلێك پێكەوە خۆی نیشان بدات فیلمەكانی پێشووشم بە هەمان شێوە بوون، بەڵام بە گشتی دەتوانم بڵێم تاڕاددەیەك سیناریۆی فیلمەكە درێژە پێدەری فیلمی “شوێنێك بۆ یاری”یە، بەڵام بە جۆرێكی دیكە، لێرەدا ئێمە چەند كارەكتەرمان هەیە، هەرچەندە لەوانەیە كارەكتەرێكی سەرەكی وەكو “حوسەین” هەبێت و بڵێین كارەكتەری سەرەكییە، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی تەركیزمان لەسەر كۆمەڵێك كارەكتەر و كۆمەڵێك ڕووداو بووە.