رادیكا سەردانی پزیشكی دەروونی دەكات

رادیكا سەردانی پزیشكی دەروونی دەكات
ماوەیەك بەر لە ئێستا كچە ئەكتەری بۆڵیۆد رادیكا ئەپتی دەستی بە وێنەگرتنی فیلمی خۆی كرد بەناوی (فۆبیا) و بەر لە دەستپێكردنی فیلمەكەش رادیكا دەستی كرد بە خوێندنەوەی چەند كتێبێك دەربارەی نەخۆشییە دەروونییەكان و خوێندنەوەیەكی وردی ژیانی خۆی و ئەو كەسایەتییەی دەینوێنێ لە فیلمەكەدا.
سەرەڕای خوێندنەوەی چەند كتێب و توێژینەوەی تایبەت بە فۆبیا بۆ ئەوەی بتوانێت رۆڵەكە بە باشی بنوێنێت، رادیكا سەردانی چەند پزیشك و نەخۆشیی دەروونی كردووە بۆ ئەوەی زۆرترین زانیاریی پێویست پەیدا بكات.
لەم بارەیەوە رادیكا وتی: رۆڵەكە تا رادەیەكی زۆر هەستیارە و پێویستە زۆر بە وردی بیخوێنمەوە بۆ ئەوەی بتوانم بە باشترین شێوە بەرجەستەی بكەم، بۆیە لە پێوەندییەكی بەردەوامدام لەگەڵ پزیشكە دەروونییەكان بۆ زانینی لایەنی دەروونی و بایۆلۆجی و عەقڵی و شێوەی مامەڵە كردن و هەڵسوكەوتی ئەم جۆرە نەخۆشانە، هەروەها لەگەڵ پزیشكەكانی سەردانی چەند نەخۆشێكیشم كردووە.
شایەنی وتنە دوای تەواو بوونی فیلمی (فۆبیا) كە دەستی پێكردووە، رادیكا خۆی ئامادە دەكات بۆ وێنەگرتنی فیلمی (كابالی) لەگەڵ ئەستێرەی ناوداری بۆڵیۆد راجینیكنس.
Top