هیوا سوعاد:حكومەت بە هیچ بیانوویەك نابێت پشت لە هونەرمەندان و كاری هونەری بكات
* پێش قەیرانەكانی كوردستانیش هونەر و شانۆ زۆر لە بوارەوە وەكو پێویست نەبوون، ئێستا شانۆ لە چ دۆخێكدایە؟
- هەڵبەت هەموو بوارەكانی ژیان لە كوردستان كاریگەر بوون بەم دۆخەی ئێستا بەتایبەتیش بواری شانۆ.چونكە ئێمە وەك ژێرخان دوو هۆلمان لە دەستدا و تیپەكان بودجەیان نەماو وەزارەتی رۆشنبیریش توانای پاڵپشتی دارایی نەماوە لە كاری هونەری و بە حوكمی ئەوەی زۆربەی هونەرمەندان مووچەخۆرن زیاتر لە دوو سێ مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە، ئەمانە هەمووی هۆكارن كە شانۆ سست بێت وچالاكیە شانۆییەكان كەم ببنەوە و لە هەمووی گرنگتر هونەرمەندان بۆ ئەنجامدانی كاری هونەری سەدا سەد پشتیان بە هاوكاری ماددی بە ستبوو لەلایەن حكومەتەوە. كار لەسە ر پلیت و داهاتی نمایشەكان نەكرا بوو.
•شانۆكاران دەستەوەستان وەستاون، یان لە هەوڵدان بەردەوامن؟
-هەوڵێكی زۆر هەیە نمایشەكان بەردە وام بن و چەندین بەرهەمی شانۆیی خۆبەخش وسیمیناری هونەری خۆبەخشانە ئەنجامدراوە، ئێستاش بە هاوكاری بەڕێوەبەرایەتی شانۆ چەند شانۆگەریەك لە قۆناغی پرۆڤە كردنن.
* رێككەوتنی كاری هاوبەشتان لەگەڵ چەند وڵاتێك هەبوو، بەتایبەتی لەگەڵ میسریەكان، ئەوانە بە كوێ گەیشتوون؟
- ئێستاش هەر بەردەوامین لەگەڵ میسرییەكان و بەم دوواییە چەند هونەرمەندێكیان هاتن خۆبەخشانە سێ فیلمی تۆماریان لەسەر شنگال و ئەمنە سوورەكەی سلێمانی و میحوەری مەخموور ئەنجامدا، ئێستاش سیناریۆی فیلمێكی درێژیان ئامادە كردووە كە بە هاوبەشی لەگەڵ هونەرمەندانی كوردە، چاوەڕێی ئێمە دەكەن بانگیان بكەین، بۆ ئەوەی جێبەجێی بكەین، هەروەها لە هەموو فیستیڤاڵ و چالاكییەكانیان داوەتمان دەكەن و هەمیشە ئامادەن بۆ سازدانی وۆرك شۆپ و خولی هونەری.
* چۆن هونەرمەندان دەتوانن لەو بارودۆخە دەرباز بن بێ ئەوەی كاریگەری سلبی بكاتە سەر رێرەوی شانۆ لە كوردستان؟
- دەبێ هونەرمەندان بیر لە داهاتی نمایشەكان بكەنەوە و هەرچۆنێك بێت هەوڵ بدرێت نمایشی شانۆیی بەردەوام بیت و داهات بۆ كارەكان پەیدا بكرێت، بە مەرجیك هەوڵەكان نەبنە بیانوویەك ئاستی شانۆ نزم بكرێتەوە، من دڵنیام دەتوانرێ جوانترین نمایشی شانۆیی پێشكەش بكرێت و داهاتیشی هەبێت بە مەرجێك بابەتەكەی نزیك بێت لە واقعی ئەمڕۆ و گوزارشت لە هزری تاكی كورد بكات.
* شانۆكاران بۆ پشتگیری كردن لە پێسمەرگە چییان كردووە؟
- زۆربەی ئەو شانۆ گەری و كلیپانەی تۆماركراون بە مەبەستی پشتیوانی كردن بووە لە پێشمەرگە، بەردەوامیش دەبین لە هاندانی ئە وكارانەی كە گوزارشت لە ئازایەتی و نەبەردی و خۆراگری پێشمەرگە و خانەوادەكانیان دەكەن.
* بارودۆخی هاوشیوەی كوردستان دەبێتە مایەی بێهیوابوونی شانۆكاران، یان بە پێچەوانەوە دەبێتە هاندەرێك بۆ داهێنان؟
- شانۆ لە وڵاتانی جیهان لە بارودۆخی زۆر خراپتر لە وەی كە لە كوردستاندا هەیە نەشونمای كردووە، بەڵام بە چەند تەوژم و ستایلێكی نوێ هاتۆتە مەیدانەكە و دواتر ئەو تەوژمانە كاریگە ری زۆریان لەسەر رەوتی شانۆ هەبووە و هەندێكیان تا ئێستاش بوونەتە سومبل، یا وەك ئەزموونیكی بەرز سەیری دەكرێت .بۆیە گەر هونەرمەندان بە دڵسۆزییەوە بێنە مەیدانەكە و حكومەتیش بە ئەركی خۆی هەڵستێت لە رووی هاوكاریكردن، دڵنیام دەتوانین كاری چاك ئەنجام بدەین وەك هاندەر و پاڵپشتی پێشمەرگە و میللەتەكەمان بین، چونكە ناكرێت حكومەت لە ژێر هەر بیانوویەك بێت، پشت لە هونەرمەندان و كاری هونەری بكات.
•ماوەیەك پێش ئێستا هەواڵی كۆچی دوایی تۆ بڵاوكرایەوە، كێ بوو ئەم كارەی كرد؟
-نازانم كێ بوو، بەڵام هەست دەكەم چەند كەسێك بە چالاكی و كارەكانم زۆر قەڵسن و بە ناوی خوازراوەوە شت دەنووسن. هەر بابەتێك بڵاو بكەمەوە برادەران بایەخی پێ بدەن، سەیر دەكەم یەكێك بە ناوی خوازراوەوە زۆر بە ناڕەحەتی كۆمێنت دەنووسێ و شتەكانیشی هەمووی خەیاڵین و هیچی كاریگەری نەبووە، چونكە فەرمانبەران و برادەران و خەڵكیش و ئەوانەی درۆیەكانیش دەكەن، باشم دەناسن، ئیتر ئەوە بوو هەواڵی مردنی منیان بڵاوكردەوە، یەك دووانێكیشیان سەرەخۆشییان لە كچ و كوڕەكە م كردبوو. نازانم چ ویژدان و چ عەقڵییەتێكە حەز بە مردنی كەسێك بكەی، نەك لەبەر ئەوەی زیانی هەیە، بەڵكو لەبەر ئەوەی چالاكە و ئیش دەكات، یاخود پۆستیكی وەرگرتووە. كەچی كەسێك تەمەننای ڕووخان و لێكترازانی خانەوادەكەی بكات و حەزی لەوە بێت بەرەو چارەنووسێكی نادیار بڕۆن، تەنها بۆ ئەوەی پۆستەكەی جێ بهێڵێت، یان كەسێكی چالاك لەوشوێنە نەبێت. من بیانناسم و نەیانناسم حەتمەن ئەوانە نەخۆشن، بێتوانان، ئەگینا هەر كەسەو لە بواری خۆی دەتوانێ كار بكات و هەر كەسەو بەپێی ئیمكانیاتی خۆی دەتوانێ خزمەت بكات، ئەگەر مەبەستیان خزمەتكردنە. منیش بەپێی شوێنی كارەكەم و وەك دەرهێنەرێك و بەڕێوەبەری یەكێك لە گەورەترین فیستیڤاڵی شانۆیی ناوچەكە، وەك كەسایەتیش ماڵ و ژووری ئۆفیسەكەم هەمیشە جێگەی كۆبوونەوەی هونەرمەندان بووە و حەزم كردووە هەمیشە خزمەتی هونەرمەندان بكەم، بۆیە ئاساییە خەڵكێك چاوی بەوە هەڵنەیەت و شتم بۆ دروست بكات.