خەدیجە عەلوش:هیوادارم فیلمە كوردییەكان هاوشێوەی دراما توركییەكان لە كەناڵە عەرەبییەكان نمایش بكرێن
* بۆچی زۆربەی هونەرمەندە ئافرەتەكان دەڵێن لە سەرەتای كاروانی هونەرییان رووبەرووی گرفت و ئاستەنگ دەبنەوە جگە لەو رێگری و ئاستەنگانەی كە لەلایەن خانەوادەكانیانەوە بۆیان درووست دەبێت؟
- بێگومان ئەمە راستە بە دەگمەن گوێمان لێ بووە ئافرەتێكی ئەكتەر باسی ئەوەی نەكردبێت كە لە سەرەتای كاروانی هونەرییدا تووشی گرفت و ئاستەنگ بووبێتەوە مەگەر خۆی بە هەموو شتێك رازی بووبێت، من خۆم تووشی ئەو گرفتانە بوومەتەوە، دەرهێنەر چەند داواكارییەكی تایبەتی دەبێت كە پێویستە پێی رازی بی بۆ ئەوەی رۆڵێكی سەرەكیت پێ بدات لە كارەكەی ئەگینا تۆ هونەرمەندێكی زۆر بە تواناش بیت ئەگەر بە مەرجەكانی رازی نەبیت ئەوا رۆڵێكی لاوەكی سادەت پێ دەبەخشێت كە لەگەڵ تواناكانی تۆ یەك ناگرێتەوە، ئەمەش بە قۆرغ كردن و هەوڵدان بۆ ئیستیغلال كردنی ئەكتەرە ئافرەتەكان دەزانم.
* ئەو دەرهێنەرانە بڕوایان بە تواناكانی ئەو ئەكتەرانە نییە، یان نیازی ئیستیغلال كردنیان هەیە؟
- نەخێر، هەموو هەوڵێكیش دەدەن بۆ ئەوەی هونەرمەندان ئیستیغلال بكەن بۆ مەبەستی تایبەتی خۆیان، ئەمەش تەنیا لەگەڵ ئەو ئەكتەرانە دەكەن كە لە سەرەتای كاری هونەریدان، بۆیە زۆربەی ئافرەتە ئەكتەرە گەورەكانیش كە چەندین ساڵە لەو بوارەدا كار دەكەن بەم قۆناغەدا تێپەڕیون.
* زیاتر حەز لە بینینی چ جۆرە رۆڵێك دەكەی؟
- ئەو رۆڵانەی كە جورئەت و سەركێشییان تێدایە، واتە ئەوانەی جۆرێك لە جۆرەكانی ئەكشنیان تێدایە.
* باست لە جورئەت كرد، مەبەستت چ جۆرە جورئەتێكە؟
- بۆ ئەوەی بە هەڵە لە قسەكانم تێ نەگەن، مەبەستم لە جورئەت ماچكردن و خۆ رووت كردنەوە و گرتەی ورووژێنەر نییە، بەڵكو مەبەستم جورئەتە لە ئەكشن و قسە كردن و خستنەڕووی بابەتەكان و لە هەڵبژاردنی رۆڵ و بابەتەكان، رۆڵەكان جیاواز بن، ئەو رۆڵانە نەبن كە هەمیشە دەیانبینین، بەڵكو جیاوازییەكی پێوە دیار بێ كە جەماوەر هەستی پێ بكات.
* كێیە ئەو هونەرمەندەی تۆ بە پیشەنگی دادەنێی؟
- زۆر هونەرمەند هەن كە من بە پیشەنگیان دادەنێم بۆ كارەكانم، لە بواری ئەكشندا من زۆر سەرسامم بە ئەنجلینا جۆلی و شێوەی ئەداكردنی رۆڵەكان و لە ئەنجامدانی جووڵەكانی وەك ئافرەتێك زۆر بە باشی و بە جورئەتەوە ئەنجامیان دەدات كە تەنیا پیاوان دەتوانن ئەنجامی بدەن.
* هەندێك جار سینەمای مەغریبی و فیلمەكانیان بەتایبەتی بەوە تاوانبار دەكرێن كە پشت بە خۆ رووتكردنەوەی و جورئەتی زیاد لە پێویست دەبەست بۆ سەركەوتنی فیلمەكانیان؟
- رەنگە ئەم تۆمەتە لەبەر ئەوە بێت كە فیلمە مەغریبییەكان زۆر نابینرێن و ئەمەش لە هەموو فیلمە مەغریبییەكاندا نییە ئەو فیلمانەیش كە پشت بەم شتانە دەبەستن دەتوانم بڵێم بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن، بەڵام حەز دەكەم یەك شت روون بكەمەوە ئەو دیمەنانەی كە باسی دەكەی من بە (دیمەنی بەخۆڕایی) ناویان دەبەم و ئەمانە تەنیا لە سینەمای مەغریبیدا نییە هەندێك لە فیلمەكانی ئێمە كە بە جورئەت وەسفیان دەكەن سنووری ماچكردنیان نەبەزاندووە، بەڵام لە وڵاتانی عەرەبی بە دەیان فیلم هەن كە ئەم سنوورەیان زۆر زیاتر بەزاندووە و كەسیش باسیان ناكات.
* سینەما و كەلتووری فەرەنسی چ كاریگەرییەكی بەسەر سینەمای مەغریبیدا هەیە؟
- دەتوانم بڵێم پاشماوەكانی داگیركاری فەرەنسی كاریگەریی بەسەر كۆمەڵگای مەغریبی هەیە بە جۆرێك وەك هەوا هەڵیاندەمژێت، بەڵام ئەم كاریگەرییە لە سینەمادا بەدی ناكرێ، چونكە ئەو فیلمانەی پێشكەشیان دەكەین هەموویان باس لە كۆمەڵگای مەغریبی دەكەین، ئێمە نەچووین بیرۆكەی فەرەنسی بهێنین و بیكەین بە فیلم.
* زانیاریت هەیە دەربارەی سینەمای كوردی؟
- لێت ناشارمەوە زانیارییەكانم لەو بوارەوە زۆر نین و ئەوەی هەیە لە رێگای هەواڵەكانەوە دەیبیستم، لە فیستیڤاڵی (بصمات الابداع) چەند كورتە فیلمێكی كوردیم بینی زۆرم پێ باش و سەركەوتوو و لە ئاستێكی بەرزدا بوون، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا جەماوەری سینەمای كوردی لە مەغریب وەكو پێویست نییە، خۆزگە هەوڵتان بدابا فیلمە كوردییەكان لە كەناڵە عەرەبییەكان نمایش بكرێن بۆ ئەوەی لە رووی جەماوەرییەوە لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی بڵاوببنەوە هاوشێوەی زنجیرە دراما توركییەكان كە ئێستا چووەتە هەموو ماڵێكی مەغریبی و شوێنی خۆیشی گرتۆتەوە لە دڵی جەماوەری مەغریبی.
* هونەری مەغریبی بە گشتی زۆربەی وڵاتانی عەرەبییان داگیر كردووە لە هەموو روویەكەوە، بەڵام بۆچی ئەو توانا هونەرییە مەغریبیانە لە وڵاتی خۆیان دەرناكەون و نابن بە ئەستێرە و هەمیشە پشت بە قاهیرە، یان بەیروت، یان كەنداو دەبەستن؟
-سوپاس بۆ خوا هونەرمەندە مەغریبییەكان سەرەتا لە وڵاتی خۆیان دەردەكەون و سەركەوتن بە دەست دەهێنن و لە كۆتاییدا ئەم سەركەوتنەیان سنووری مەغریب دەبەزێنێت، نەك تەنیا بۆ وڵاتانی عەرەبی، بەڵكو لە سەرتاسەری جیهان و شوێنی خۆیان كردۆتەوە و خاوەن جەماوەرێكی زۆرن، ئەمەش مایەی شانازییە بۆ ئێمە و هۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە هونەرمەندەكانمان لە هەر شوێنێك بن دەتوانن خۆیان بگونجێنن و نموونەیەكی باشی سەركەوتن پێشكەش بكەن و هەمووشیان پشت بە خۆیان دەبەستن، چونكە بە سەدان هونەرمەندی زۆر سەركەوتوومان هەیە لە مەغریب كە لە ئاستێكی بەرزدان و پشتیان بە دەرەوە نەبەستۆتەوە و زۆربەی هەرە زۆری كارەكانیان لە چوارچێوەی مەغریب ئەنجام دەدەن كەچی ناوبانگیانی سنووری وڵاتەكەیان بەزاندووە.
* حەز دەكەی لە كوێ ناوبانگ دەركەی؟
- سوپاس بۆ خوا من لە مەغریب هونەرم خوێندووە و كارەكانیشمان هەر لەوێ بوون، بەڵام حەز دەكەم لە میسر كار بكەم، چونكە سینەمای میسری لە ئاستێكی بەرزدایە و سنووری وڵاتانی عەرەبی بەزاندووە، بۆیە هیوادارم هەنگاوی داهاتووم لە میسر بێت.