پروپاگەندە دژی هونەرمەندان چ كاریگەریەكی هەیە؟
هونەرمەندی گەورە حەمە رەشید هەرەس ئاماژیە بەوە دەكات كە خۆیشی قوربانی ئەم جۆرە پروپاگەندانە بووە:
ئەم دیاردەیە زیاتر دەگەڕێتەوە، بۆ سەرەتای سەدەی رابردوو، ئەو كاتانە بەشێوەی ئێستا وا بە زوویی بە درۆ نەدەخرانەوە، چونكە بوارەكانی تەكنەلۆجیا وەك ئێستا نەبوو. بەڵام ئێستا زۆر بە زوویی درۆ و پڕوپاگەندەكان بە هۆی خێرایی تەكنەلۆجیاوە بە درۆ دەخرێنەوە.
بەندە یەكێكم لە قوربانیانی ئەم جۆرە هەواڵانە، چەند ساڵێك لەمەو پێش كوڕێك بە ناوی حەمەڕەش لە ووڵاتی كەنەدا خۆی كوشت. كەچی یەكێك لە كەناڵەكانی كوردستان لە مانشێتی خوارەوەدا نووسیبووی، حەمەڕەشید هەرەس بە رووداوێكی دڵتەزێن گیانی لە دەستداوە، ئەمە بووە بە هۆی شین و واوەیلا، لە ناو كەس و كارمداو بەڕێكەوت منیش لە دەرەوە بووم و مۆبایلەكەم لەماڵەوە لە بیر چووبوو، كە تەلەفۆنیان بۆ كردبووم و وەڵامم نەبووە، ئیتر بووە بە ڕاست لای كەس و كارم. بە راستی ئەمە دیاردەیەكی ناشیرینە، بە رای من هەندێك ناحەزی ئەو هونەرمەندانە لە پشت ئەم بەزمەوەن، یان هونەرمەندەكە خۆی بۆ بازاڕگەرمی، ئەم هەواڵانە بڵاو دەكاتەوە، یان سەرچاوەیەكی میدیایی بۆ راكێشانی خوێنەر ئەم كردارانەی لێ دەوەشێتەوە، یان هەڵەیەك لە بیستنی ناوەكەدا هەیە و نا مەسئوولانە، ئەیسەپێنن بەسەر هونەرمەندێكدا.
بە كورتی ئەمڕۆ ئەم هەواڵە درۆیانە، بەهۆی تەكنەلۆجیاوە وەك جاران ناژی و زوو راستی دەردەكەوێت.
هونەرمەندی خاوەن ئەزموون سەعدون یونس كە چەندین ساڵە لە وڵاتی ئەڵمانیا ژیان بەسەر دەبات ئەم جۆرە بابەتانە بە گرنگ دەزانێت و دەڵێ:
ئەم جۆرە پروپاگەندانە لە سەرتاسەری جیهان هەن و زیاتر كەسانی خاوەن ئەزموون و ناسراو دەگرێتەوە، ئێمە لە قەیرانێكی سیاسی و كۆمەڵایەتی و كەلتووریداین، قەبارەیەكی زۆر لە خۆمان گەورەترمان درووستكرد لە هەمان كاتدا زۆر بێ پلان بووین، دامودەزگایەكی زۆر كە ئێستا ئەركەكەی قورسە، و دەرەنجام فەرامۆش كردنی كەلتووری رەسەنی كوردی لێكەوتەوە، ئێمە نموونەیەكی گەشی كوردستانی گەورە بووین ئەگەر كار وابڕوات دەبینە ئەرك لەسەر كوردستان، بە سەدان گەنجی كوردی خەركی ون بوونن لە وڵاتانی ئەوروپا، دەیان حزبی سیاسیمان هەیە تەنیا خاوەنی ناون، دڵنیام ئەوانەی دەسەڵاتیشیان هەیە بە دوای رێگایەكەوەن كە خۆیان رزگار بكەن، چونكە خەریكە ناسنامەی ئێمە پارچە پارچە دەبێت.
لە بارودۆخێكی هاوشێوەیە ئێستای كوردستان چی چاوەڕوان دەكەی، لەو حاڵەتەدا تەنیا كەلتوور دەتوانێت خاوێنمان بكاتەوە ئەو دیاردەیەش كە ئێوە باسی دەكەن و كەسانی ناسراو و هونەرمەندان دەگرێتەوە شێوەیەكە لە شێوەكانی بزر بوون.
هونەرمەند بورهان محەمەد دەڵێ پێی وایە هۆكاری سەرەكی میدیاكان و لەم بارەیەوە دەڵێ:
سەبارەت بەم بابەتە كە زۆر جار میدیاكان ئەو جۆرە هەواڵانە بڵاودەكەنەوە حەز دەكەم ئەوە بڵێم كە ئەمە تەنیا لە وڵاتی خۆمان نییە بەڵكو لە سەرتاسەری دنیا ئەم جۆرە هەواڵانە بڵاو دەكرێنەوە و هەمیشە كەسایەتییە ناسراو و خاوەن جەماوەرەكان دەبنە قوربانیی ئەم هەواڵە درووستكراوەكان و كاریگەرییشی هەیە لەسەر ەو كەسانەی كە هەواڵەكەیان لە دژی بڵاودەكرێتەوە و بیر لە كاردانەوە و گرتنە بەری رێوشوێنی تایبەت و یاسایی بگرنە بەر و ەو رۆژنامەنووس و رۆژنامەكەش ئاگادار دەكەنەوە بۆئەوەی چیتر پشت بە هەواڵی نادروست مەبەستن و تا 100% لە راستی و درووستی هەواڵەكە دڵنیا نەبن پێویست ناكات بڵاوی بكەنەوە.
مامۆستای هونەرمەند و خاوەن ئەزموون هیوا سوعاد كە خۆیشی ماوەیەك بەر لە ئێستا قوربانی ئەم جۆرە پروپاگەندانە بووە دەڵێ:
ئەم دیاردەیە چەند هۆیەك هەیە بۆ بوونی لەوانە چاولێكەری پەیجە عەرەبییەكان و سەرنجڕاكێشانی خەڵك بۆ ئەو پەیجانەی كە هیچیان لە بار نییە جگە لەوەی خۆدەرخستی خاوەن پەیجەكان و كۆكردنەوەی لایك و كۆمێنتە، هەروەها ئینتیمای حزبی و هزر هونەرمەندەكەیە، كەسانێكی بیر تەسك وەك تۆڵە سەندنەوە پەنا بۆ ئەم كارە دەبەن، بەشێوەیەكی گشتی ئەم جۆرە كارانە هەمیشە كاردانەوەیەكی دەروونی و كۆمەڵایەتی خراپی هەیە و گوزارشت لە ئاست نزمی و بێ ویژدانی ئەم كەسانە دەكات كە ئەو جۆرە هەواڵانە بڵاودەكەنەوە، چونكە هەمیشە هونەرمەندان و رۆشنبیران گەورەترین سەرمایە میللەتەكەمانن.
دەرهێنەری سینەمایی حوسین زارین ئەویش بەم شێوەیە باسی بابەتەكە دەكات دەكات:
لەبەر ئەوەی هونەرمەند مرۆڤێكە لە هەموو كۆمەڵگایەكدا خۆشەویستە و زۆربەشیان جەماوەری تایبەتیان هەیە، بۆیە بیستنی هەواڵی كۆچی دوایی كردنیان جەماوەر زۆر دڵتەنگ دەكات لە هەمان كاتدا كاریگەریشیان دەبێت بەرامبەر بەم هەواڵە، لە ئێستادا فەیسبوك زۆر بە خێرایی هەواڵەكان دەگوازێتەوە، و دەرفەتی بەدودا داچوونیش بۆ راستی هەواڵەكە ناهێلێتەوە ئەمە لایەنێكی درووستبوونی ئەم گرفتەیە،هۆكاری دووەمیش میدیای كوردییە، بەداخەوە لە كوردستان راگەیاندن هیچ بنەمایەكی نییە كە ئەرك و سزا و پاداشتی تێدا بێت، بۆیە بێ گوێدان زۆر جار دەردەكەوێـت دەكەوینە داوی ئەم جۆرە پورپاگەندانە، هیوادارم مەرگی هیچ تاكێكی كوردستان و مەرگی هیچ هونەرمەندێك نەبینم.
خانمە هونەرمەندی رۆژئاوای كورددستان ئالین دەڵێ:
بڵاوكردنەوەی ئەم جۆرە هەواڵانە لە وڵاتانی رۆژئاوا كارێكی ئاساییە، زۆرە جار لە تیڤی یان رۆژنامە و گۆڤار هەواڵێكی لەم جۆرە بڵاو دەكرێنەوە هەندێكیان لە بەرژەوەندی هونەمەندانن، بەڵام هەندێك جار دەبێتە هۆی بەرزكردنەوەی سكاڵا و لە دادگا دژی ئەو كەسەی هەواڵەكەی گواستۆتەوە و ئەو شوێنەی لێی بڵاوكراوەتەوە، بەشێوەیەكی گشتی مەبەستی سەرەكی لەم جۆرە پروپاگەندانە لێدانە لە بەرژەوەندییەكانی كەسایەتییەكی ناسراوی نێو جەماوەر بەتایبەتی هونەرمەندان، زۆر جاریش مەبەستیانە زیان بە كەسایەتی ئەو هونەرمەندە بگەیەنن و لە پەنای ئەم هەواڵەشەوە خوێنەر یان بینەر بۆ دەزگایەكی دیاریكراوی راگەیاندن پەیدا بكەن.