(ئەسپی ڕەش) تارا جاف دەهێنێتە سەر شاشە
فیلمەكە «چیرۆكی ژنێك دەگێڕێتەوە بە ناوە ئاسكە كە رووبەرووی تراژدیای داكۆكیی لە فەرهەنگی سەركوتكراو دەبێتەوە و هەروەها بەرخۆدانی كوردەكان لە چوارچێوەی داستانێكی لیریكدا پیشان دەدرێت.»
«ئاسكە” ئەندامی گرووپێكی نهێنی چالاك لە باكوری كوردستانە كە ئامانجیان پێشخستنی چاند و هونەری كوردییە. لەم نێوەدا ئاسكە تێدەگا وادەی مەرگی نزیكە. هەر بۆیە هەوڵ دەدا بە دواهەمین ئارەزووی كە دیتنی ماندانایە بگات. ماندانا ئەسپێكی رەشە كە بەشێكی هەر زۆر لە منداڵیی ئاسكە پێكدەهێنێ. پاش مەرگی ئاسكە، هاوڕێكانی بڕیار دەدەن جەستەكەی بگەڕێنەوە لای دایكی. زریا هەڤاڵی ئاسكە دەچێتە سەر چیاكانی كوردستان و ماندانا دەهێنێتە سەر گۆڕی ئاسكە، ماندانا لەوێ بە چاوەكانی دەكەوێتە گو و دواجار فرمێسك دەڕێژێت.
دوای مردنی یەكێك لە كەسایەتییە گەنجەكانی ناو فیلمەكە، هاوڕێیەكی هەوڵ دەدات تەرمەكەی بۆ دایكی بگەڕێنێتەوە. ئەو گەشتە بە ئەسپە ڕەشەكەی قۆناغی مناڵیی گەنجەكە دەكرێت لە كاتێكدا ئەسپە ڕەش و سپییەكە هۆی سەرەنجڕاكێشبوونی فیلمەكەیە، پڕ لە سۆمبۆلی بێدەنگ و خاوەن تایبەتمەندییەكانی شێعری خەیامی شاعیرە.
بەشیوەیەكی گشتی ئەو فیلمە باس لە مافە سەرەتاییەكانی خەڵك وەكوو كەلتوور و زمانیان دەكات.
فیلمی “بیرەوەرییەكانی ئەسپی رەش هاوڕێ لەگەڵ ٩ فیلمی دیكە لە بەشی فیلمی نوێخواز و جیاوازیی فیستیڤاڵی فیلمی بوسان لە كۆریای باشووردا نمایش كراوە.
لە ماڵپەڕی ئەو ڤستیڤاڵەدا سەبارەت بە بیرەوەرییەكانی ئەسپی رەش ئاماژە بەوە كراوە كە دواهەمین گرتەكانی فیلمەكە وەبیرهێنەرەوەی چیرۆكی دەروێشی عەبدی پاڵەوانی دیرۆكی كوردانە.
براك تزۆناتاج، دیمەن زەندی، شنای ئایدن و مریم بۆبانی لە ئەكتەرە سەرەكییەكانی فیلمەكەن. هەروەها (تارا جاف)ی خانمە هونەرمەندی گەورەی كورد بە چەنگەكەیەوە لە بەشیك لە فیلمەكەدا ڕۆڵ دەگێڕێت. وێنەهەڵگرتنی بیرەوەرییەكانی ئەسپی رەش لە توركیا و باكوری كوردستان هاتۆتە ئەنجام.
سەبارەت بەم فیلمە نوێیە و فیلمەكانی پێشوتری شەهرام دەڵێ: پێویستە هەر دەرهێنەرێك سنووری خۆی بزانێت و دەستكەوتێك بەدەست بهێنێت بۆ فیلمەكەی بەو بودجەیەی بۆی تەرخان كراوە و هێزێكی زیاتر بداتە فیلمەكەی خۆی، هەروەها نابێت بودجەكەی هەمووی لە كوردستان دابین بكرێت، لە فیلمە نوێیەكەی خۆمدا كوردستان وەك بەشێكی بچووك تێیدا بەشدارە لەگەڵ چەندین وڵاتی دنیا، ئێمە پێویستمان بە توانای ئەم هونەرمەندانە هەیە لە هەمان كاتدا توانایەكی زۆریشمان لەبەردەستە و بەرپرسین لە سایكۆلۆژیەتی مرۆڤی كورد و ناكرێت لە سینەمادا هەر بڵێین دۆڕان و دۆڕان، بەڵكو دەبێ رێچكەیەك دانێین بۆ ئەوەی ناوبانگی سینەمای كوردی لە دەرەوە بپارێزین، زۆر كەسی شارەزا لە دەرەوە پێم دەڵێن بۆ سینەمای كوردی وای لێهاتووە؟ ئەوە كێیە لە كوردستان ئەم جۆرە فیلمانە دەكات و كێ لێی بەرپرسە؟ چونكە ئەوان دەزانن خەریكە ئاستی فیلمەكان زۆر دادەبەزێت.
شەهرام عەلیدی دەرهێنەری كورد لەدایكبووی سنەی رۆژهەڵاتی كوردستانە و دەرچووی ماستەری ئەنیمەیشنە لە زانكۆی تاران. پێشتر فیلمێكی درێژ و چەندین كورتەفیلمی بەرهەم هێنابوو. “سرتە لەگەڵ با” یەكەمین فیلمی درێژی عەلیدییە كە چەندین خەڵاتی جیاوازی بردۆتەوە.