كاریگەری بارودۆخی كوردستان لەسەر گۆرانی و موزیك

كاریگەری بارودۆخی كوردستان لەسەر گۆرانی و موزیك
پێشكەوتنی هونەر پێویستی بە كەشێكی ئارام و سەقامگیر هەیە كە تێیدا هونەرمەندان بتوانن داهێنان بكەن و پەرە بە كارەكانی خۆیان بدەن، لە دوو ساڵی رابردوو كوردستان لەرووی ئابوورییەوە تووشی قەیرانێكی دژوار هاتووە لە ئەنجامی نەبوونی بودجە و شەڕی داعشیش بارودۆخەكەی زیاتر شڵەژاند، هونەرمەندان وەك پێشمەرگە بە هونەرەكەیان بەرگرییان لە كوردستان كرد، بەڵام ئایا بارودۆخەكە كاریگەریی چۆنی لەسەر بواری گۆرانی و موزیك هەبوو؟ بەشداربووانی ئەم راپۆرتە وەڵامی پرسیارەكە دەدەنەوە.

سەرەتا هونەرمەند قادر ئەسعەد وتی:
بەدڵنیاییەوە ئەوەی لە وڵاتی ئێمە دەگوزەرێت قەیرانی بیری روناک و تێکنەگەیشتنە بۆ روئیای جیاواز و نەبوونی متمانەی سیاسییەکانە بە ئایندەی گەلێک کە تاکو ئێستاش نەیانتوانیوە بیگەیەنن بە کەنارێکی هێمن ودڵنیایی پشوێک بە رۆحمان بدەین.
کاتێک كە مووچە بۆ سێ مانگ جارێک بدرێت لایەنە سیاسییەکان لەسەر دەسەڵات ڕێکنەکەون و موزایەدەی بەیەکفرۆشتنی دڵسۆزی و نیشتمانپەروەری لە بازاڕی ساغکردنەوەی کاڵای دیموکراسی و فێڵی سیاسەت لە خەڵکی خۆڕاگری ئەم نیشتمانە، ئەم کێشەیە زۆر لە قەوارەی خۆی گەورەتر کراوە بەتایبەتی ئەگەر ئێمە بێین لە ساتەوەختی هەنوکەمان بە لۆجیکێکی واقعیانە بڕوانینە گۆڕەپانی پارسەنگی هێز لە کوردستان کە دوژمنێکی سەرسەختی دیموکراسی و مرۆڤایەتی بەر دەرگای ماڵی لێگرتوین، دەبێت چاک لەو بگەین و بزانین کێیە ئێستا خوێن لە جەستەی پڕ لەزامی بەبەردەومی لێ دەڕوات، ئەوە تەنیا دەستورو یاسا نین لە هەموو سەردەمێکدا روح وەبەر پێشکەوتن و سیستەمێکی مۆدێرندا دەنێت، بەڵێ لە گەڵ ئەوەشدام کە کێشەکان گەورەن و دەبێت چارەسەر بکرێن، بەڵام کەی و چۆن ئایا لە دنیای ئەمڕۆکەماندا ئەوە دەستورو یاسا یان عەقڵ لۆجیکە دەبێت کاری پێبکرێت.
بەڵێ کە دەڵێن هونەر ئاوێنەی ڕەنگدانەوەی کۆمەڵگەیە، کە وا بێت رەنگدانەوەکە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر هونەر بە گشتی داناوە لە نێویانیشدا بەتایبەتی هونەری گۆرانی و موزیک، کاتێک کۆمەڵگەکەم دووچاری کێشەی زۆر مەترسیدار وخنکاوی باری ئابووری و سیاسی بێت، چۆن دەکرێت ئاوازو موزیک لە ماڵەکاندا جێگایان بێتەوە، کە هونەر خۆی بەشێکە لە هەستی جوان و ناسک و ورژێنەر، کاتێک زمانی زبڵ و خاشاک لە دەمی بەشێک لە پیاوە سیاسیە ئەماتۆرەکانمان لە بەرنامەکانی کەنالی تێڤێدا زەوق وهەستی بینەر پەلکێشی دنیایی شەڕەنگێزی دەکەن جێگای زمانی گوڵی هونەرو موزیک دەگرێتەوە چۆن بەخۆمان ڕەوا دەبینین بڵێن لێرەین، بێگومان لەوێ نابین لەو شوێنەی زمانی شیعرو گۆرانی هیچ مانا و مەبەستێک نابەخشێت ناشبینە بەشێک لەو هەناسە بۆگەنانەی کە مرۆڤ دووچاری نەخۆشی ڕشانەوەی بێ ویژدانی و ماڵوێرانی دەکات.
کاتێک لە سەری کۆڵانی هەرمالێک قوماشێکی ڕەش هەڵواسراوە بە نزیکی چەند مەترێک لەوێش دەنگی سیمفۆنی فرمێسکەکان و ناڵەی دەنگی دایک و خوشکی شەهیدێک دەبیسترێت. دەنگی گۆرانی و موزیکەکانیش دەرگا لەسەر خۆیان دادەخەن وکەڕو ڵالو کپ دەبن لە ئاستی ئەم دیمەنانە پێم ناڵێیت چۆن کاریگەری نابێت بەسەر هونەر، ڕەنگە هەر کەسێکی دیکە، پاش هەفتەیەک لە سەرەخۆشی بگەڕێتەوە سەرکارەکەی خۆی، بەڵام هونەرمەندێک گۆرانیبێژو موسیکژەنێک دەتوانن پاش هەفتەیەک دەست بە گۆرانیی گوتن وموزیک ژەنین بکەنەوە، دەڵێم نەخێر زۆر سەختە.
لە گەڵ ئەوهەموو نەهامەتیانەو قاتو قڕیەشدا هێشتا بێدەنگی تەواومان هەڵنەبژاردوە لەوێ ئاوازێک بۆ روحی بەرزەفڕی شەهیدێک لەدایک دەبێت ئاوازێکیتریش دەست لە ملی باڵای پیرۆزی پێشمەرگەیەک دەکات ئەوەیتریشیان باس لە جوانی وپاراستنی نیشتمانێک دەکات نیشتمانێک کە تەنیاو تەنیا لە نێو رۆح و هزری پێشمەرگە وهونەرمەندێک بە جوانی خۆی ماوەتەوەو رێزی لێدەگیرێت. هونەر هەمیشە بە دوای نیشتمانێکی سەرفراز و ئارام و جواندا دەگەڕێت تاکو ئاوازێک بکات بە میدالیایی شکۆمەندی خۆشبەختی گەلەکەی.



خانمە هونەرمەندی رۆژئاوای كوردستان ئالین دەڵێ:
كورد هەمیشە رووبەرووی بارودۆخی سەخت بۆتەوە كە كاریگەرییان بەسەر هونەرەوە هەبوو، چونكە بەر لەوەی كاری هونەری پێشكەش بكرێت دەبوایە هەوڵ بدرێت ناسنامە و زمان و كەلتووری میللەتەكەت لە رێگای هونەرەوە بپارێزی، ئێستاش كە كوردستان رووبەرووی دڕندەترین دوژمن لە مێژووی مرۆڤایەتی بۆتەوە و رۆژانە لاوەكانمان بە خوێنی خۆیان رێگا لە داگیر كردنی كوردستان دەگرن ئەركی هونەرمەندان سەخت بووە، چونكە وەك تاكێكی ئەم وڵاتە پێشمەرگە ئاسا بە هونەرەكەی بەرگری لەم وڵاتە دەكات، لە هەمان كاتدا پێویستی بەوە هەیە كە جەماوەر گوێ لە كارەكانی بكرێت ئەمەش لە بارودۆخێكی هاوشێوەی ئێستادا ئاسان نییە، چونكە لە كاتی ئارامی و سەقامگیریشدا هونەرمەندان مەغدور بوون و هیچ كاتێك وەك پێویست رێز لە هونەرەكەیان نەگیراوە، هیوادارم ئارامی بۆ كوردستان بگەڕێتەوە و خەم و نەهامەتی لە وڵاتەكەمان دوور كەوێتەوە.



هونەرمەند دانیا عەلی سەبارەت بە هەمان پرس بەم شێوەیە رای خۆی دەردەبڕێت:
بەداخەوە ئێستا دەبینین بارودۆخی كوردستان ئارام نییە، كاتێك مرۆڤ رووبەرووی بارودۆخێكی سەخت و پڕ لە كارەسات بێت هونەر هیچ بەهایەكی ئەوتۆی نامینێت، بەڕای من لە هەر شوێنێك ئارامی هەبێت ئەو كاتە هونەر بەرەو پێش دەچێت و رێز و بەهایەكی زۆری دەبێت، من سیدییە نوێیەكەم لە مانگی 4ی 2014 تەواو بووە زۆر بەداخەوە رامگرتووە و بڵاوم نەكردۆتەوە بەهۆی ئەم بارودۆخەوە، بە هیوام هەموو كورد ئاسودە بێت لە كوردستان و وڵاتەكەم یەك پارچە ئارام بێت.



خاتوو نیان عەبدوڵڵا بەم شێوەیە باس لەم بابەتە دەكات:
بەدڵنیاییەوە ئەم بارودۆخە كاریگەری نەرێنی كردۆتە سەر هونەری كوردی و زۆر بە روونی پێیەوە دیارە، چونكە كاری هەنەری پیویستی بە لایەنی داراییە و ئەوەی لای هەموان ئاشكرایە كە دەزانین هەرێمەكەمان لە چ دۆخیكی داراییدایە كەواتە حاڵی هونەرەكەشمان لە داراییەكە باشتر نییە و كۆمپانیا ناوخۆییەكان نەبوونەتە كۆمپانیای نیشتمانی تا بتوانن چەمكێكی هونەرەكە بگرنە ئەستۆ تەنها لە ڕێگەی دۆستایەتی و هاوڕێیەتەوە سپۆنسەری بۆ كاری هونەری دەكەن .
هونەر نەبۆتە پیشەیەك كە هونەرمەندەكان بتوانن لەڕێگەیەوە خۆیانی پێ بژێینن كەچی لە هەموو دنیادا هونەر یەكێكە لە كاڵاكانی سەرمایەداران، بەڵام بەداخەوە لە هەرێمەكەی ئێمەدا ئەم چەمكە بەهیچ جۆریك بوونی نییە. بۆیە هونەرەكەمان لەدۆخێكی خراپدایە بە و هیوایەی دۆخی هەرێمی كوردستان لەزووترین كاتدا ئارام بگرێت.



دۆتمیر كە هونەرمەندێكی رۆژهەڵاتی كوردستان و دانیشتووی ئەوروپایە دەڵێت:
بێگومان ئەم بارودۆخە كاریگەری بەسەر هەموو بوارەكانی ژیاندا هەیە لەوانەش بواری هونەری و بەتایبەتی گۆرانی و موزیك، راستە هونەرمەندان زۆربەیان بەگوێرەی توانای خۆی سروودی بۆ كوردستان و شەهیدان و پێشمەرگە وتووە كە ئەمە بەشێكە لە ئەركیان بەرامبەر بە خاك و نیشتمانیان، بەڵام هونەر تەنیا سروود و گۆرانی شەڕ و ناخۆشی نییە، هونەر پێویستی بە كەشێكی ئارام و سەقامگیر هەیە لە هەموو روویەكەوە لەوانەش پێویستە باری ئابووری سقامگیر بێت بۆ ئەوەی هونەرمەندان بتوانن داهێنان بكەن و كاری نوێ پێشكەش بە خەڵك بكەن لە هەمان كاتدا خەڵكیش بتوانێت گوێیان لێ بگرێت، لەلایەك هونەرمەند ئەگەر سپۆنسەری نەبێت ناتوانێت كارەكەی خۆی بڵاو بكاتەوە ئەگەر بڵاویشی بكاتەوە سەركەوتوو نابێت، چونكە خەڵكەكە بە گشتی لە چەندین قەیراندایە.
Top