كتێبخانەی گەڕۆكسامانێكی رۆشنبیریی تینوێتی خەڵكی هەمەجۆر دەشكێنێت

كتێبخانەی گەڕۆكسامانێكی رۆشنبیریی تینوێتی خەڵكی هەمەجۆر دەشكێنێت
ئا. یاسین قادر بەرزنجی

یەك لە كتێبخانە گرنگەكانی جیهان كتێبخانەی گەڕۆكە، كە بەهەرشێوەیەك بێت كتێب دەگەیەنێتە خەڵكی جیاواز لە تەمەن و رەگەزو ئاستی رۆشنبیریدا، بەداخەوە لە كوردستاندا ئەم چەشنە كتێبخانەیە بوونێكی ئەوتۆی نییەو تا ئێستا لە توانای كتێبخانە گشتییەكاندا نییە ئەم خزمەتگوزارییە بایەخدارە پێشكەش بە سوودمەندان بكەن.
بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی (البیان)، بایەخی ئەم جۆرە كتێبخانانە روونكراوەتەوە، لێرەدا مشتێك لە خەرواری زانیارییەكانی ئەو سەرچاوەیە دەخەینە بەرچاوی خوێنەرو كارمەندانی كتێبخانەكان...

• سەرەتاكانی ئەم خزمەتگوزارییە دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە (150) ساڵ لەمەوبەر، ئەو دەمەی دامەزراوەی (ورینگتون) یەكەم ئەزموونی لەو بوارەدا نواندو كتێبی لە گالیسكە ناو بەهۆی راكێشانی ئەسپەوە، (كتێبخانەی گەڕۆك) یان بە گەلێ جێگای دوورەدەست ئاشنا كرد.
پاشان خزمەتگوزارییەكە لە بەریتانیاو ئەمریكا گەشەی كردو دواتریش لە ئەوروپا، هەروەها له هیندستان بەهۆی یۆنسكۆوە ئەو كتێبخانەیە دەركەوت.
• سەرەتا كتێب بەهۆی وڵاخ و گالیسكەوە گوێزراونەوە بۆ ناوچە دوورو بێ بەشەكان لە كتێب و رۆشنبیریی، یان بەهۆی بەلەمەوە، دواتر بەهۆی ماشێن و ئۆتۆمبێلەوە، فەڕەنسا یەك لەو وڵاتانەیە كە بایەخێكی زۆری داوە بەو جۆرە كتێبخانەیە و لەساڵی (1919) بە دواوە كتێبی گەیاندوەتە ناوچەی دوورو خاوەن دانیشتووانی كەمتر لە دوو هەزار كەس، هەرچۆن كتێبخانەی گەڕۆك لەوڵاتانی دیكەی وەك نەمساو بەلجیكاو یەكێتی سۆڤیەتی پێشوو دەركەوتوون.
لە ئەفریقاش، هەر لە چلەكانی سەدەی رابردووەوە ئەم كتێبخانەیە وەك چەكێك بەرامبەر نەخوێندەواریی بەكار هێنراوە، ساڵی 1925 یشلەلایەن كتێبخانەی بەناوبانگی نیویۆركەوە كتێبخانەی گەڕۆك گەیەنراوەتە نێو باخچەی گوندە دوورەكان.
• لە فەڕەنسا (شەمەندەفەری رۆشنبیریی) داهاتووەو لەیەك فارگۆنی پڕ لە كتێبدا، خزمەتگوزاریی پێشكەش بە زیاتر لە (20) هەزار كارمەندی هێڵەكانی ئاسنین و خێزانەكانیان كراوە.
• دروشمی ئەم جۆرەی كتێبخانە ئەوەبووە (گەر نەتوانن بگەنە كتێبخانە، ئەوا كتێبخانە دەگەنە لای ئەوان )، بەپێی ئەزموونی ئەو وڵاتانە بێجگە لە بەسەربردنی خەڵكی گوندو ناوچە دوورەكان لە كتێبخانەوە، بەخوێندنەوەو چێژ وەرگرتن لەو خوێندنەوەیە، سەرچاوەكان بوونەتە مایەی زانیاریی پەیدا كردن بۆیانو بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمیان و باشبوونی تەندروستییان.
• لە ئێستادا ئۆتۆمبێلی بچووك و گەورەی تایبەت بە كتێبخانەی گەڕۆك، بەپێی تایبەتمەندیی لە درووستكردنیانو نمایشكردنی كتێبەكانیاندا بەباشترین شێوە ئەو خزمەتگوزارییە جێ بەجێ دەكەنو خەڵكێكی یەكجار زۆر لە وڵاتە پێشكەوتووەكاندا تینوێتی خۆیان بە خوێندنەوەی سەرچاوە سوودبەخشەكان دەشكێنن.

سەرچاوە: البیان الأماراتی
24/7/2015
Top