ئەحلام حەجی:كوردستان وڵاتی جوانی و پێشكەوتنە بە شانازییەوە سەردانی دەكەم
بۆچی زۆربەی شاجوانەكان روو لە كاری هونەری دەكەن، تەنانەت ئەگەر تایبەتەمەندیی و پێداویستییەكانی هونەرییان نەبێت وەك دەنگی خۆش؟
من ناتوانم باسی كەسانی دیكە بكەم، چونكە تەنیا لە خۆم بەرپرسیارم. من لەو كەسانەم كە ئەو بوارە هونەرییەی بۆم گونجاوە هەڵیبدەبژێرم، بەر لە گۆرانیوتن داوایان لێكردم بەشداری لە نواندندا بكەم، ئەمەم رەت نەكردەوە، بەڵام پێم باش بوو پەلە نەكەم و ئارام بگرم تا ئەو كاتەی بەشداری لە چەند خولێكی تایبەتدا دەكەم بۆ ئەوەی تواناكانم پێش بخەم، بۆ ئەم مەبەستەش سەردانی میسر و لوبنانم كرد. لەو كاتەدا بەهرەی دەنگی خۆم دۆزییەوە بە سەرپەرشتی چەند مامۆستایەكی پسپۆڕ، لە هەمان كاتدا دەستم بە خوێندنی بنەماكانی دەنگ كرد تا گەیشتمە قۆناغێك كە بتوانم گۆرانی تۆمار بكەم، بۆیە دەتوانم بڵێم من كەسێك نیم بە رێكەوت، یان بە هۆی جوانییەكەمەوە رووم لە گۆرانی وتن و نواندن كردبێت.
بەر لەوەی وەك شاجوان هەڵبژێردرێی، ئارەزووت لە بواری هونەری هەبوو بەتایبەتی گۆرانیوتن؟
نەخێر من لە بواری ئابووری خوێندنم تەواو كردووە، هاتنم بۆ بواری پێشبڕكێكانی شاجوانی بە رێكەوت بوو، لە شاجوانیشەوە رووم لە بوارەكانی دیكە كرد.
جگە لە گۆرانی لە بواری نواندن بەشداری كردنت چۆن بوو؟
لە فەرەنسا چاوم بە ئەستێرەی جیهانی عومەر ئەلشەریف كەوت، هەر ئەویش بوو كە زۆر هانیدام روو لە نواندن بكەم، بەڵام دواتر بارودۆخی خۆم بەتایبەتی دامەزراندنی كۆمەڵەی ئەحلام بۆ منداڵان كە رێكخراوێكی جیهانی خێرخوازی تایبەتی بواری منداڵانە رێگر بوو لەوەی دووبارە چاوم پێی بكەوێتەوە.
وەك كچە مەغریبییەك دەتوانی پێمان بڵێی گرنگترین تایبەتمەندییەكانی ئافرەتی مەغریبی چین؟
ئافرەتی مەغریبی بە سروشتی خۆی هیوا و ئاواتی زۆرن و زۆر بە پەرۆشەوە هەوڵ دەدات بۆ گەیشتن بە ئاواتەكانی لە ژیان، بۆیە دەبینین لە زۆر بوارەكانی ژیاندا ئەمەی سەلماندووە و هەموو لایەك شایەدی بۆ دەدەن.
ئافرەتی رۆژهەڵاتی بە گشتی چی كەمە بۆ ئەوەی زیاتر گرنگیی بە جوانی خۆی بدات؟
ئافرەتی رۆژهەڵاتی توانیویەتی قۆناغی گرنگی پێدانی تەقلیدی بە رووخسار و جوانی خۆی ببەزێنێت و ئێستا گەیشتۆتە قۆناغی جیهانی گرنگیدان بە وێنە و جوانی خۆی و دەركەوتن بەردەوام و هەوڵدان بۆ پێشكەوتن و پێشخستنی تواناكانی لە هەموو بوارەكانی ژیاندا.
چۆن بوو رووت لە كاری خێرخوازی كرد و لەم بوارەوە چ پەیامێكت هەیە؟
پەیامی من وەك شاجوانێك بریتی بوو لە گرنگیدان بە منداڵە بێ باوك و هەژارەكانی مەغریب و دەرەوەی مەغریب، بۆیە دەزگای ئەحلام بۆ منداڵان ئەو شوێن و دەزگایە بوو كە بتوانم لەو رێگەیەوە پەیامەكەم بگەیەنم و پرۆژەكانم پێشكەش بكەم، سوپاس بۆ خوا ئێستا ئەم دەزگایە لە بەرفراوانی و پەرەپێداندایە.
چۆن و لە كوێ كارەكانی ئەم دەزگایە ئەنجام دەدەی؟
بارەگای سەرەكی دەزگاكە لە پاریسە و لەوێشەوە كارەكانم ئاراستە دەكرێت بۆ وڵاتە عەرەبییەكان لەوانەش میسر و لوبنان و مەغریب و سووریا.
وەك كەسێكی ناسراو ئەگەر پڕوپاگەندەی نادروستت بەرامبەر بكرێ، چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا دەكەی؟
پڕوپاگەندەكان پشتگوێ دەخەم و هیچ گرنگییان پێنادەم و خۆمیان پێوە سەرقاڵ ناكەم، چونكە بڕوام بەوە هەیە كە راستی هەمیشە لە هەموو قسەیەكی نادروست بەهێزترە.
گەورەترین پڕوپاگەندە كە دژی تۆ كرا بێت چی بووە و چۆن وەڵامت داوە؟
سوپاس بۆ خوا تا ئێستا هیچ پڕوپاگەندەیەكی زۆر ترسناك بەرامبەر بە من نەگوتراوە و ئەگەر لە دواڕۆژیشدا رووبەڕووم ببێتەوە پشتگوێی دەخەم.
ئێستا سەماكردن بووەتە یەكێك لە پێداویستییەكانی گۆرانیوتن ئامادەی لە گۆرانییەكانت سەما بكەی؟
من دژی سەماكردن نیم، هەرچەندە تێبینی و سەرنجم هەیە دەربارەی هەندێك بابەت ئەوانەی كە سەر بەو قوتابخانەیە نین، بۆیە رەنگە بە سەماكردن رازی بم، بەڵام بەو مەرجانەی خۆم دایاندەنێم.
خەونەكانت بۆ دواڕۆژی كاری هونەریت چین؟
خەوەنەكانم بێ سنوور و بەرفراوانن، واتە سنوورێكی دیاریكراویان نییە، ئەمەش پێویستی بە كاری زۆر هەیە.
زانیومانە كە بە نیازی سەردانی كوردستان بكەی، دەكرێ هەندێك باسی ئەو سەردانە بكەی؟
بەڵێ بڕیارە بەر لە كۆتایی ئەم ساڵ سەردانی شاری هەولێر بكەم، كوردستان وڵاتی جوانی و هزر و پەرەپێدان و كرانەوەیە، شانازی دەكەم كە چاوم بە خەڵكەكەی بكەوێت، بێگومان كوردستان گەورەترە لە هەموو ئەو پیلانانەی دژی دەكرێت، چونكە قوتابخانەی دواڕۆژی رووناك و ژیانی بێ وێنەیە.