ئەهوورا مورادی:مۆسیقای رۆژهەڵاتی كوردستان كاریگەریی لەسەر مۆسیقای ئێرانی هەیە

ئەهوورا مورادی:مۆسیقای رۆژهەڵاتی كوردستان كاریگەریی لەسەر مۆسیقای ئێرانی هەیە
هەرچەندە ئەهوورا مورادی دەرچووی بەشی تەلارسازییە، بەڵام یەكێكە لە موزیكژەنە ناسراوەكانی ناوچەی كرماشانی رۆژهەڵاتی كوردستان كە هەر لە تەمەنی پانزە ساڵییەوە چووەتە نێو بواری گۆرانی و موزیكی كوردی و بە ئامێرە كۆنەكانی وەك دووتار و سێتار ناوبانگی دەركردووە. بۆ تیشك خستنە سەر تایبەتمەندییەكانی مۆسیقای سوننەتی لە رۆژهەڵاتی كوردستان و كاریگەریی مۆسیقای ئێرانی بەسەر هونەری كوردییەوە، ئەم دیمانەیەمان لەگەڵ هونەرمەند ئەهوورا مورادی ساز كرد.

* لە رۆژهەڵاتی كوردستان مۆسیقای سوننەتی زۆر باوە، ئەمە بۆچی دەگەڕێتەوە؟
- مۆسیقای سوننەتی ئێستا بە ناوی مۆسیقای كلاسیكی ئێرانی بەناوبانگە كە مۆسیقای ناوەڕاستی ئێران بووە و دواتر كاریگەریی لە سەر ناوچەكانی دیكەی ئێران هەبووە. هەندێك لە لاوچەكانی مۆسیقای سوننەتیش گەواهیدەری ئەم راستییەن وەكو (دەیلەمان- كێڵگەیی و ئاوازی دەشتی، یان بەیاتی كوردی و بەیاتی زەند) یان لاوچەكانی تەرز و قەتار لە دەزگای هومایۆن و راست و پێنج گا كە لە مۆسیقای تەموورەیش ناوی دوو مەقامی رەسەنی كوردییە. رۆژهەلاتی كوردستان لە بواری فەرهەنگی مۆسیقاییەوە دەوڵەمەندە و بۆ هەر ماوەیەك مۆسیقایەكی تایبەتی هەبووە كە لەگەڵ ژیانی خەڵك تێكەڵییەكی زۆری هەبوو، بەڵام بەداخەوە ئێستا شێوەی ژیان گۆڕاوە و رەسەنایەتیی فەرهەنگی لەوێش نەماوە، هۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە كەلتووری نەتەوە ژێردەستەكان كاریگەری داگیركەرەكانیان بەسەرەوە دیارە نەك كەلەپوری رەسەنی خۆیان، هەر كەسێك بیەوێت فێری مۆسیقای رەسەنی كوردی بێت ناچارە لە رێگای مۆسیقای سوننەتی و ئامێرەكانی سوننەتی وەكو تار و سێتار و سەنتور دەست بە كار بكات، هەر ئەمەشە كە وایكردووە مۆسیقای سوننەتی لە رۆژهەڵاتی كوردستان زیاتر باوبێت، هەڵبەتە نابێ ئەوەشمان لە بیر بچێت كە زۆرترین ئەو گۆرانییە خۆشانەی دەیانبیستین لە چوارچێوەی ئامێرەكانی مۆسیقای سوننەتی ئێرانی سەرچاوە دەگرن ئەمەش لەبەر ئەوەیە كە مۆسیقای كوردی خاوەن بەشە لە مۆسیقای سوننەتی.
* ئایا كوردانی رۆژهەڵاتی كاریگەرییان لە سەر مۆسیقای ئێرانی هەیە، یان مۆسیقای ئێرانی كاریگەری لە سەر كوردانی رۆژهەڵاتی كودستانەوە هەیە؟
- من پێموایە كە هەردووكیان بەشێوەیەكی جیاواز كاریگەرییان بەسەر یەكەوە هەبێت. وەك باسمان كرد مۆسیقای سوننەتی خۆی تێكەڵێكە لە مۆسیقای ناوچەكانی ئێران، لەبەر ئەوەی مۆسیقای كوردیش لە بواری ریتم و میلۆدی زۆر دەوڵەمەندە وەك لە ناوچەكانی كرماشان، لۆرستان، ئیلام، گۆران، هەورامان، سنە، و مۆكریان بۆیە توانیویەتی شوێنی خۆی لە نێو مۆسیقای نوێی ئێرانی بكاتەوە، زۆربەی موزیسیانە گەورە و ناودارەكانی ئێستای ئێران كوردن وەكو كامكاران، نازرییەكان، عەندەلیبەكان، شارەزایی ئەمانە لە مۆسیقای نەتەوەیی خۆیان وایكردووە كە كاریگەرییان لەسەر مۆسیقای ئێرانیش هەبێت وەكو مامۆستا حوسێنی ئەلیزادە، پەروێزی مشكاتیان، موحەممەد ڕەزا لوتفی تا دەگاتە مامۆستا شەجەریان، ئەمانە هەموویان ئەگەر بەشێوەیەكی بچووكیش بێت كاریان وەك وتنەوەی كارەكانی مامۆستا سەید عەلی ئەصغەری كوردستانی و عەلی مەردان كردووە. هەڵبەت كاریگەریی مۆسیقای ئێرانی بەسەر مۆسیقای رۆژهەڵاتەوە زیاترە هەم لە بابەتی شێوەی رێكخستن و نووسینەوەی نۆت و زانستی زانكۆیی و هەم سەبارەت بە شێوەی پیشاندانی ئەم مۆسیقایە و جێگای ئامێرە ئێرانییەكان لەنێو گرووپەكان بۆ نمایشكردن لەسەر شانۆ، هەروەها نموونەیەكی دیكەی مۆسیقای كوردی كە لەم چەند ساڵەی رابردوودا لە مۆسیقای ئێرانی زۆر بەكاردەهێنرێ بریتییە لە (تەموورە) كە زیاتر بە ئامێرێكی مۆسیقی كوردی لە ئێران ناسراوە، بەڵام غەیرە كوردەكانیش ئێستا زۆر حەز لە بەكارهێنانی دەكەن.
* دەف و سێتار و چەند ئامێرێكی دیكەی موسیقی لە رۆژهەڵاتی كوردستان رەواجی زۆری هەیە، نهێنیی ئەو خۆشەویستییە بۆ ئەم ئامێرانە چییە؟
-دەتوانم بڵێم چەند نهێنییەك هەیە لەوانە یەكەم: بڵاوبوونەوەی زۆرتری ئەم ئامێرانە و دەستكەوتنیان، دووەم: درووستكردنی ئەم ئامێرانە بەشێوەیەكی درووست لە ئێران، چونكە لە ساڵانی رابردوو ژمارەیەكی زۆر مامۆستای بەناوبانگی درووستكردنی ئامێرە مۆسیقییەكان لە ئێران كاریان لەسەر كردووە بۆیە بەشێوەیەكی زانستی تەواو درووست دەكرێن، سێیەم: فێربوونی ئەم ئامێرانە لە ئێران ئاسانە بەهۆی بوونی كتێبی زۆر و مامۆستای شارەزای ئەم ئامێرانە زۆرن، چوارەم: لەبەر ئاهەنگی زۆر دەنگی خۆشی ئەم ئامێرانە زیاتر لە گوێچكەی كوردانی رۆژهەڵاتی كوردستان زیاتر جێگیر بووە.
* ئێستا خەڵك زیاتر رووی لە گۆرانیی خێرایە، چۆن بتوانین گۆرانیی رەسەنی كوردی زیندوو بكەینەوە لە زهنی تاكی كورد؟
-بە هۆی دووركەوتنی تاك لە ژیانی رەسەنایەتی خۆیان و هەنگاو هاویشتن بۆ پێداویستییەكانی ژیانی مۆدێرن، تەنیا ئەوەمان بۆ ماوەتەوە كە چاومان لە دەستی ئەویتر بێت و لە یادمان چووە كە چیمان هەبووە و چیمان هەبووە، هەموو شتەكان بەرەو خێرایی دەڕۆن گۆرانیش بە هەمان شێوەیە، چونكە زیاتر كەناڵە و میدیاكان ئێستا بە شارەزایی یان ناشارەزایی بوونەتە هۆكاری لە بیرچوونەوەی مۆسیقا و كەلتووری رەسەنی كوردی، بۆ زیندوو كردنەوەی گۆرانیی رەسەنی كوردی لە زهنی تاكی كورد پێویستە پێشەكی كەلتووری گوێ گرتن لە گۆرانی رەسەنی كوردی زیندوو بكەینەوە، بۆ نموونە لە وڵاتانی ئەوروپا مۆسیقای كلاسیك و رەسەن بۆ خۆی فەرهەنگی تایبەتی هەیە و هەر كەسێك بیەوێ گوێ لەم مۆسیقایە بگرێت شوێنی تایبەتی خۆی هەیە و دەزانن لە كوێ دەتوانن گوێیان لەم جۆرە مۆسیقایە بێت.
* ئایا پێتوایە هیچ پێوەندییەك لە نێوان زمان و موزیكی كوردی و فارسیدا هەیە؟
- بەڵێ، دیارە مۆسیقا شێوەی زمان و فەرهەنگ دەگرێت، زمان بنچینەی مۆسیقایە، ئەگەر زمانی نەتەوەیەك جیاواز بێت، مۆسیقای ئەو نەتەوەیەش جیاوازە، بەڵام لە رێگای زمانناسی دەبینین كە زمانی كوردی و فارسی هەردووكیان لە یەك شوێن و بنەڕەتن كە لە رووی زانستییەوە پێی دەڵێن: (Iranian Languages Group) كە لە (Ethnomusicology) مۆسیقاناسی نەتەوەیی دیار دەكەوێ ئەم دوو نەتەوە یەك سەرچاوەی یەكێتییان هەیە.
* بۆچی لە رۆژهەڵاتی كوردستان ئافرەتان زیاتر وەك موزیكژەن دەردەكەون نەك وەك گۆرانیبێژ ؟
- لە رۆژهەڵاتی كوردستان ئافرەتان لە چالاكییە هونەرییەكان بەشدارن و توانیویانە شوێنی خۆیانی تێدا بكەنەوە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ بوونی فەرهەنگی مۆسیقای سوننەتی كە لە گرووپە مۆسیقییەكانی تاران و ناوچەكانی دیكەی ئێران بەشێوەیەكی بەرچاو بەشداریی تێدا دەكەن، هەڵبەتە بەشداری كردنی ئافرەتان تەنیا لە گرووپە مۆسیقییەكاندا نییە، بەڵكو لە هەموو چالاكییە هونەرییەكان ئافرەتان رۆڵی خۆیان بینیوە.
Top