راوێژكاری ئەڵمانیاپشتیوانی كارە هونەرییەكەی ئالین دەكات

راوێژكاری ئەڵمانیاپشتیوانی كارە هونەرییەكەی ئالین دەكات
بەر لە ساڵێك زیاتر و پێش ئەوەی تیرۆریستانی داعش هێرش بكەنە سەر چەند ناوچەیەكی كوردستان وەك شنگال، كەركووك، مەخموور، جەلەولا، لەو كاتەدا خانمە هونەرمەندی رۆژئاوای كوردستان ئالین كە نیشتەجێی وڵاتی ئەڵمانیایە، نامەیەكی ئاڕاستەی ئەنجێلا مێركلی راوێژكاری ئەڵمانیا كرد و تێیدا داوای كرد ئەڵمانیا پشتیوانی لە كورد بكات و داعشی بە دوژمنی مرۆڤایەتی دانا، لە هەمان كاتدا هۆشداریی دا بۆ مەترسيی داعش كە بگاتە ئەوروپا و هەڕەشە لە ئاسایشی ئەوروپا بە گشتی بكات.
دوای ماوەیەكی كەم داعش دەستی بە هێرشە دڕندەكانی خۆی كرد و دەستی بەسەر چەند شوێنێكدا گرت و كوشتارگەیەكی بێ وێنەی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا تۆمار كرد، دژی هەموو پێكهاتە ئایینی و نەتەوەیی و مەزهەبییەكان بەتایبەتی دژ بە كوردانی ئێزیدی، لەم سەروبەندەدا كورد بە تەنیا مایەوە دژی داعش و پێشمەرگە تاكە هێز بوو كە رووبەڕووی بۆوە و توانیی هێرشەكانیان رابگرێت و زیانی گەورەشیان پێ بگەیەنێت، لەهەمان كاتدا تیرۆریستانی داعش چەند هێرشی تیرۆریستییان لە ناو جەرگەی ئەوروپادا ئەنجامدا و بوون بە هەرەشەیەكی جددی لەسەر سەقامگیری ئەوروپا، ئەو كات سەركردەكانی رۆژئاوا بە تەواوی دركیان بە مەترسییەكانی ئەم رێكخراوە تیرۆریستییە كرد و بڕیاریاندا یارمەتی پێشمەرگە بدەن لەو جەنگە لە هەمان كاتدا سەركردەكانی جیهان روویان لە كوردستان كرد و هاوكاریی سەربازی و مرۆییان بۆ كوردستان نارد و دانیان بەوەدا نا كە پێشمەرگە تاكە هێزە توانیبێتی رووبەڕووی داعش ببێتەوە و بە نوێنەرایەتیی جیهانی دیموكراسی و ئازاد دەجەنگێت.
خانمە هونەرمەندی رۆژئاوای كوردستان ئالین كە پێشتر لە نامەیەكدا راوێژكاری ئەڵمانیای لەم مەترسیانە ئاگادار كردبۆوە، لەو كاتەدا چەند سروودێكی تایبەت بە پێشمەرگە بڵاوكردەوە وەك وەفایەك بۆ گیانفیدایی پێشمەرگە، دوای بڵاوكردنەوەی دوو كلیپ وەك ئالین خۆی ئاماژەی پێكرد بە پێویستی زانی وەك ئەركێكی ئەخلاقی و سوپاس كردنی ئەڵمانیا لە هەڵوێستەكانی، گۆرانییەك بە هەردوو زمانی ئەڵمانی و كوردی پێشكەش بكات، لەم بارەیەوە ئالین زیاتر دەڵێ: دوای هێرشی ناڕەوای داعش بۆ سەر كوردستان و بەتایبەتی شنگال و كۆبانێ، وەك هونەرمەندێكی كورد بە پێویستم زانی پشتگیری و خۆشەویستیی خۆم بۆ پێشمەرگە و هێزە كوردییەكان بە چەند گۆرانییەك دەرببڕم و لە ماوەی رابردوودا دوو گۆرانیم پێشكەش كرد كە هیوادارم بە دڵی جەماوەر بووبن و توانیبێتم بەشێك لە ئەركی خۆم بەرامبەر بە پێشمەرگە و پارێزەرانی وڵات دەرببڕم، چونكە شایەنی هەموو خزمەت و رێز لێگرتنن و هەر یەكێك لە شوێن و پێگەی خۆیەوە.
ئالین بەردەوام دەبێت و دەڵێ: زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا پشتگیریی تەواویان لە پێشمەرگە كرد بە بەرگریكاری مرۆڤایەتی وەسفیان كرد و یارمەتی و هاوكاریی زۆری پێشمەرگەیان كرد، وڵاتی ئەڵمانیاش یەكێكە لەو وڵاتانەی كە پێشەنگ بوو لە یارمەتیدانی پێشمەرگە بە مەشق پێكردنیان و ناردنی نوێترین و پێشكەوتووترین چەكەكانی بۆ پێشمەرگە، منیش بە پێویستم زانی بە هونەرەكەم سوپاسی ئەو هەڵوێستەی ئەڵمانیا بكەم ئەویش لە رێگای گۆرانییەك بە هەردوو زمانی كوردی و ئەڵمانی وەك رێزگرتنێك لەم هەڵوێستە، بۆیە لێرەوە بە جەماوەرەكەم دەڵێم چاوەڕێی سوپرایزێكی جوان بن كە بەم زووانە پێشكەشی دەكەم و بڵاوی دەكەمەوە.
رۆژی 29/6/2014 ئالین پرۆژە هونەرییەكەی خۆی پێشكەش بە نووسینگەی ئەنجێلا مێركل كردبوو، بەڵام لە رۆژی 19/08/2015 لە نامەیەكدا كە ئاڕاستەی (ئالین)ی كردبوو پشتگیریی خۆی بۆ پرۆژەكەی دەربڕی، لە نامەكەیدا د. ئەنجێلا مێركل دەڵێ:(پرۆژەكەتان كە تێیدا مەترسییەكانی داعشتان لەسەر جیهان دیاری كردبوو، كاریگەرییەكی زۆری لەسەر من هەبوو، لە هەمان كاتدا وای دەبینم كە خەباتی هونەری و هونەرمەندان لەسەر ئەم مەسەلەیە مایەی شانازییە و گرنگییەكی تایبەتی و شەخسی لەلای من هەیە، چونكە هونەرمەندان لە پەیامەكەیاندا داوا لە گەنجە موسڵمانەكان دەكات كە لە تیرۆر و تیرۆریستان دوور بكەونەوە و لە تیرۆر رزگاریان دەكات، چونكە ئێستا خەریكە تیرۆر دەبێتە دیاردەیەكی كۆمەڵایەتی و نێودەوڵەتی لە سەدەی بیست و یەكەم، لە هەمان كاتدا وەك ئاماژەتان پێكردووە هەرەشەیە لەسەر جیهان بە گشتی و بەشێوەیەكی دڕندانە چەندین كەس لە گەنج و پیر و ئافرەت و منداڵ دەبنە قوربانی.
من پشتیوانی تەواوی پرۆژە هونەرییەكەتان و پرۆژەكانی داهاتووشتان دەكەم و هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم).
هەروەها پڕۆفیسۆر مۆنیكا كرۆتیرۆس وەزیری رۆشنبیری و راگەیاندنی ئەڵمانیا بە شێوەیەكی فەرمی پشتیوانیی خۆی بۆ پرۆژە هونەرییەكەی ئالین دەربڕی، و ف. زیل وتەبێژی فەرميی حكومەتی ئەڵمانیا لە رۆژی 13/08/2015 ستایشی خۆی بۆ پرۆژە كوردییە ئەڵمانییە هاوبەشەكەی ئالین دەربڕی.
لەلایەن خۆیەوە خانمە هونەرمەند ئالین سوپاسی ئەم هەڵوێستەی مێركلی كرد و بە مایەی شانازیی بۆ خۆی و گەلی كوردی وەسف كرد و وتی: جارێكی تر دەمەوێ بە ناوی خۆم و گەلی كوردستانە سوپاس و ستایشی خۆم بە حكومەت و راوێژكاری ئەڵمانیا رابگەیەنم، چونكە بە هەموو شێوەیەك هاوكاریی پێشمەرگە و هێزە كوردییەكانی كردووە، هەروەها هاوكاریی پەنابەرەكانی رۆژئاوای كوردستان و سووریایان كردووە و ئەم هەڵوێستەیان بە هیچ شێوەیەك لە بیر ناكرێ و بە پیتی زێڕ لە مێژووی مرۆڤایەتیدا دەنووسرێت، لە كانگای دڵمەوە بە ناوی هەموو كوردێك پێی دەڵێم: سوپاس جەنابی راوێژكار.
Top