نارین فەقێ:ئێستا لە هەموو كاتێك زیاتر كورد پێویستیی بە یەكگرتن هەیە
* هەستت چۆن بوو كاتێك مامۆستا دڵشاد تۆی هەڵبژارد بۆ بەشداری كردن لە سیمفۆنیای شنگال؟
- كاتێك مامۆستایەكی مەزنی وەك دڵشاد محەمەد سەعید و شاعیرێكی گەورەی لە ئاستی ئەدیب چەلكی، داوام لێبكەن بەشداری لە كارێكی هونەری و پیرۆزی وەك سیمفۆنیای شنگال بكەم، بە راستی مایەی شانازی و سەربڵندی و لە هەمان كاتدا مایەی دڵخۆشیش بوو بۆ من، بۆ هەر 13 هونەرمەندە بەڕێز و قەدرگرانە بەشداربووەكەی هەردوو سیمفۆنیای (شنگال و پێشمەرگە) خەون بوو كە لە كارێكی گەورەی لەم شێوەیە و لەگەڵ دوو مامۆستایە گەورەیەدا بەشدای بكەین.
من وەك كچە كورد و هونەرمەندێكی رۆژئاوای كوردستان، سەربەرزم بەوە بە دەنگ و كەسایەتیی خۆم نوێنەرایەتی بەشی رۆژئاوای كوردستانم كردووە لە هەردوو سیمفۆنیای (پێشمەرگە و شنگال).
* مامۆستا دڵشاد هەردوو كاری (پێشمەرگە وشەنگال) بە گەورەترین كاری ژیانی هونەری خۆی دەزانێت، تۆ وەك نارین فەقێ چی دەڵێی؟
- جێگای دڵخۆشییە كە دوای بێدەنگییەكی زۆر لە كاری هونەری بەتایبەتی بۆ جەماوەری كوردستان، دەبینین لە بارودۆخێكی وا سەخت كە كوردستان پێیدا تێپەڕدەبێت، دوو كاری و مەزن بۆ پێشمەرگە و شنگال پێشكەش بكات، مامۆستا دڵشاد ئەرك و ماندووبوونێكی زۆری بەو كارانەوە بینی، پرۆژەی شنگال دەمێك بوو بەرنامەی بۆ دانرابوو بەر لەوەی ئەم شارە بكەوێتە دەست داعش، دوای داگیركردنی شنگال و ئێستا كە گوێ لە سیمفۆنیاكە دەگری، هەست دەكەی كە ئەم سیمفۆنیایە دوای كەوتنی شنگال ئامادە و تۆمار كراوە.
* پێشوازی خەڵك لە كارەكە چۆن دەبینی؟
- پێشوازییەكی زۆر گەرم بوو بەتایبەتی لە شاری دهۆك لە ئاستێكی زۆر بەرزدابوو، خەڵكی ئاسایی، رۆشنبیر و سیاسەتمەدار و تەنانەت جەنابی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازییەكی گەرمییان لێكرد، مایەی دڵخۆشییە كە بەشێكی زۆر لە پێشمەرگە قارەمانەكان وەك جەماوەر ئامادە بن.
وەك هەموو لایەك ئاگادارن لە چەند رۆژێكدا ئێمە لە سلێمانی و هەولێر و دهۆك نمایشەكانمان دەستپێكرد، پێشوازی جەماوەر لە ئاستێكی باشدا بوو، بەڵام دووبارەی دەكەمەوە لوتكەی پێشوازی كردنی جەماوەر لەم دوو سیمفۆنییە لە شاری دهۆك بوو.
* كەواتە سیمفۆنیای شنگال چ ئیزافەیەكی لەسەر كاروانی هونەری تۆ هەبوو؟
-دیارە ئەمە جاری یەكەمە لە مێژووی هونەری كوردیدا بەرهەمێكی سیمفۆنیا بەو شێوەیە ئامادە بكرێت و لە شێوەی ڤیدیۆ كلیپ و بەرهەم بڵاوبكرێتەوە بە بەشداری 13 هونەرمەندی ناسراوی هەموو پارچەكانی كوردستان. هیوادارم ئەمە جاری یەكەم وكۆتایی نەبێت، چونكە هونەری كوردی پێویستی بە ستایلی كلاسیكی و سیمفۆنیا هەیە. لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بكەم كە ئەگەر هەوڵ و كۆششەكانی تۆڕی میدیایی رووداو و خودی كاك ئاكۆ نەبوایە ئەم دوو بەرهەمە گەورەیە تەواو نەدەبوون.
* 13 هونەرمەند بەشداربوون، پێتوانییە ئەم ژمارەیە كەمە و ئەگەر ژمارەی هونەرمەندان زیاتر بوایە ئایا كارەكە باشتر نەدەبوو؟
- بە تێڕوانینی من نەخێر، ئەو هونەرمەندانەی بەشدار بوون لە هەر چوار پارچەكەی كوردستان بوون، تێكستی سروودەكان، شوێنی خوێندنەوەیان تەقەبولی ئەوەی نەدەكرد كە ژمارەی هونەرمەندان زیاتر بێت.
* وەك هونەرمەندێكی كوردستانی كە بەشداری ئەم كارە نیشتیمانییە گەورەت كردووە، پەیامت چییە؟
- هەمیشە وتوومانە و هەر دەیڵێین و دووبارەی دەكەینەوە، دوژمنانی كورد ئێمەیان پارچە پارچە كرد بۆ ئەوەی بە هەموو شێوەیەك رێگر بن لە یەكبوون و یەكگرتنی ئێمە، چونكە باش دەزانن ئێمەی كورد تەنیا بە یەكگرتوویی و بە پتەوبوونی ریزەكانمان بەرامبەر بە دوژمنان دەتوانین سەركەوین و بە ئاواتەكانمان بگەین، بۆیە یەكگرتن و یەكڕیزی نەتەوەكەمان ئاواتی هەموو كوردێك و ئێستا لە هەر كاتێك زیاتر پێویستە، هەروەها ناكۆكی و دووبەرەكی خەونەكانمان بەتاڵ دەكات و دڵی دوژمنانمان خۆش دەكات، بۆیە دەڵێم ئێستا لە هەر كاتێك زیاتر یەك دەستی و یەك بڕیاری كورد پێویستە بۆ ئەوەی دڵی خۆمان و دۆستەكانمان خۆش بكەین و خەونی دوژمنانمان لە گۆڕ نێین.