چۆن هونەرمەندان دەڕواننە سروودەكانی ئێستا؟
سەرەتا هونەرمەند قادر ئەسعەد كە ساڵانێكە لە بواری گۆرانیدا ناوێكی دیارە، وتی: كاری هونەری سروود بۆ خاك و نیشتمان كارێكی هێندە ئاسان نییە، تاكو بتوانی لە شەو و رۆژێكدا ئەنجامی بدەی. پێموایە سروودوتن دەبێت بە شێوەی كۆمەڵ بێت. مەبەستم كۆڕاڵی گەورە كە كۆمەڵێك دەنگبێژی باش سروودەكە بڵێن، هەروەها تێكستە شیعری شیاو و كاریگەر، ئاوازێكی ریتمی سروودی تایبەت و وێنەی تایبەتی پێویستە. سروودیش لق و پۆپی خۆی لێ دەبێتەوە.
قادر ئەسعەد هەروەها دەڵێ: بێسەروبەرییەكی زۆر هەیە و كە كێشە سەرەكییەكە نەبوونی خەڵكی پسپۆڕ و ئەكادیمییە لەم بوارەدا. دەتوانم بڵێم ئێمە هێشتا لە قۆناغی سەرەتاداین لە هونەری سروود، راستە هەندێك هەوڵی تاك تاكە دراوە لێرە و لەوێ، بەڵام هەوڵەكان زۆر بە پەرتەوازەیی دراون، هەر كەسەو لەلایەن خۆی كاری بۆ كردووە، بە بێ گوێدان بە پرەنسیپ و مەرجەكانی بنەڕەتی سروود و هەندێكیان هیچ مانا نابەخشن، تەنانەت هەندێك سروودی وا وتراوە كە بە گوێگرتن و پەخشكردنیان مەترسییان لە سەر ئاسایشی نەتەوەیی دەبێت.
هونەرمەند عەبدولعەزیز سلێمان كە یەكێكە لە كەسایەتییە دیار و بەرچاوەكانی شاری زاخۆی دەلال و كوردستان بەگشتی و لە ئێستا و لە سەردەمی شەڕی بەرگری و خەباتی شاخیشدا چەندین سروودی بۆ هونەرمەندان ئامادە كردووە و شارەزاییەكی تەواوی لەو بوارەوەدا هەیە، سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێ: ژیان و بوونمان وەك نەتەوە و وڵات پەیوەستە بە پێشمەرگە، لەم كاتەشدا هونەرمەند بە سروود دەتوانێت خۆشەویستیی خۆی بۆ كوردستان و پێشمەرگە دەرببڕێت، بەڵام هەموو كەسێكیش هونەرمەند نییە، بۆیە ئەوەی سروودێك بۆ پێشمەرگەش بڵێت دەبێ سروودەكە شایەنی ئەو ناوە بێت لە رووی ئاواز و تێكست و ئەدایەوە و تا چەند كاریگەریی هەیە، ئەگەر وا نەبێت، نەگوترێت زۆر باشترە، بەڕای من هەموو كەسێك پێویست ناكات سروود بڵێت.
سەبارەت بە مەرجەكانی سروود مامۆستا عەبدولعەزیز دەڵێ: سروود لە گۆرانیی ئەڤینداری، یان كۆمەڵایەتی جیاوازە، لەو كاتەدا دەوترێت كە رووداوێكی گرنگ و گەورە لە نێو میللەتدا هەبێت، وەك شۆڕشێك، یاخود پێشكەوتن، یان شەڕێك كە بە سەر میللەتدا سەپێندرابێت، بۆیە پێویستە تێكستەكەی زۆر بەهێز و كاریگەر بێت و بە وردی هەڵبژێردرابێت، ناكرێ هەر كەسێك بێت و تێكستی سروودێك بنووسێت، دەبێت كەسێكی بە ئەزموون و ناسراو ئەو كارە بكات كە ناو و سەنگی خۆی هەبێت، ئاوازەكەیشی دەبێ كاریگەریی لەسەر هەستی پێشمەرگە و هەموو تاكەكانی كۆمەڵگە هەبێت.
نازێ عەزیزی خانمە هونەرمەندی رۆژهەڵاتی كوردستان دەربارەی سروود و كاریگەرییەكانی دەڵێ: راستە بەشێك لە هونەرمەندان سروودیان بۆ پێشمەرگە گوت، بەڵام زۆربەشیان تەنیا بۆ بەرژەوەندی خۆیان و ناوبانگ دەرخستنی زیاتر گوتیان، یان نوێیان كردەوە، نەك بۆ پێشمەرگە، چونكە بە حوكمی ئەوەی لە نێو خەڵكدا بووم، ئەم قسانەم لێیان دەبیست و دەیانگوت لە جیاتی ئەوەی بێن گۆرانییەك، یان سروودێك بڵێن، كارێكی دیكە بۆ پێشمەرگە بكەن باشترە، ئەوەی من تێبینیم كردووە ئەوەیە كە زۆربەی ئەوانەی سروودیان وتووە لەم ماوەیە، تەنیا مەبەستیان ناوبانگ پەیداكردنی زیاتر بووە.
من كاتێك لە رۆژهەڵاتی كوردستان بووم كە ژێردەستە و ئازاد نییە بە هۆی هەستی نەتەوایەتی و دوورەوڵاتی سروودم وتووە، بەڵام دوای ئەوەی هاتینە باشوور كە ئازادە، زۆر زۆر بەداخەوە بینیمان كە زۆر كەس قەدری ئەو ئازادییە و دەستكەوتەكانی نازانن. من پێموایە بەو شێوەیەی كە پێشبینییان كردووە لەلایەن خەڵكەوە پێشوازی لە سروود نەكراوە، بۆ نموونە زۆربەی خەڵك سروودەكانیان لەبەر نەكردووە، بەڵام پێشتر وانەبوو، هەموومان دەزانین كە پێشتر هونەرمەندان سروودیان وتووە و خەڵك شەڕی بەو سروودانە كردووە، من منداڵ بووم لە بیرمە كە خەڵك بە دەنگی محەمەد جەزا و شڤان پەروەر و ناسر رەزازی و میكایل شەڕی كردووە، بەڵام ئێستا وا نییە، چونكە سروودەكان كاریگەرییان نییە و بە دڵ ناكرێ، بۆ نموونە دەچن لە بەرەكانی جەنگ چەند گرتەیەك تۆمار دەكەن و دەیكەنە ڤیدیۆ كلیپ.
خانمە هونەرمەندی شاری سلێمانی نیان عەبدوڵا ئەویش بەم شێوەیە رای خۆی سەبارەت بە بابەتەكە خستەڕوو: پێویستە هەموو گەلی كورد هەر یەكە لە شوێن و پێگەی خۆیەوە پشتگیری لە پێشمەرگەی كوردستان بكات، دەستخۆشی لەو هونەرمەندانە دەكەم كە سروودیان بۆ پێشمەرگە وتووە، بەڵام تێبینیم كردووە لە نێو ئەم سروودانە كاری كرچ و كاڵیش هەیە، سروود هەر ئەوە نییە هۆنراوەیەك بۆ پێشمەرگە وترا بێت، بچیت ئاوازێكی بۆ دانێیت و تۆماری بكەیت، سروود زۆر لەوە گەورەترە و تایبەتمەندیی خۆی هەیە، ئەو كەسەی سروودێك دەڵێت، پێویستە لە بارەی شیعر و ئاوازەكە گونجانێك درووست بكات لە نێوانیان لە كاتی وتنی سروودەكە، هەروەها حەماس و رۆحیەتێكی تێدا بێت كە ببێتە هۆی ئەوەی حەماس بە گوێگر ببەخشێت، بۆ نموونە كاتێك ئێمە گوێمان لە سروودەكانی شڤان پەروەر و محەمەد جەزا و هونەرمەندانی دیكە دەگرت، جۆرێك لە رۆحییەتی شۆڕشگێڕی لە ناخی ئێمە درووست دەبوو، پێشمەرگە قارەمانەكانیش پێویستیان بەم جۆرە سروودانە بوو، بەردەوامیش گوێیان لێدەگرت، هەر ئەمەش دەبووە هۆی بەرزكردنی ورەی پێشمەرگە، بەڵام باوەڕ ناكەم ئێستا پێشمەرگەكان گوێ لەو سروودە كرچ و كاڵانە بگرن.
بورهان محەمەدی هونەرمەندیش پێوایە سروود تایبەتمەندیی خۆی هەیە و لەم بارەیەوە دەڵێ: سروود جیاوازە لەگەڵ گۆرانی و ئیقاعەكانی مارشی سەربازییە، بەداخەوە دەڵێم زۆرێك لەو بەرهەمانەی بە ناوی سروود لە میدیاكان بڵاودەكرێنەوە، غەدرە ناویان بنێین سروود، من رێزم هەیە بۆ ئەوانەی دەیڵێن، بەڵام لەوانەیە دەنگی ئەو بۆ سروود نەبێ، یاخود لەو بوارەدا سەركەوتوو نەبێ، كەسانێك هەن دەنگیان بۆ گۆرانیی سۆزداری گونجاوە، كەچی دەیبینی سروود دەڵێن، هەست دەكەم تەنیا بۆ ئەوەیە بڵێ منیش ئەوەتام سروودم هەیە،پێموایە ئەگەر نەیڵێن زۆر باشترە.