خانەوادەی ئەمیتاب سانسۆری لەسەر دادەنێن
ناوبانگی ئەمیتاب وایكردووە كە لە زۆربەی كارو چالاكییە هونەرییە جیهانییەكاندا ئامادە بێت و ساڵانە لە زیاتر لە 3 فیلمدا رۆڵی هەیە، جا رۆڵەكەی سەرەكی بێت، یان لاوەكی و میوان، ئەم چالاكییە زۆرانە وایانكردووە كە خانەوادەكەی نیگەران بن و سنوورێك بۆ كارە زیادەكانی دابنێن، لەم بارەیەوە سەرچاوەیەكی نزیك لە خانەوادەی ئەمیتاب رایگەیاند كە بەشێكی زۆری ئەو داوەتنامانەی بۆ ئەمیتاب دێن لەسەر ئاستی خانەوادەكەی گفتوگۆیان لەسەر دەكرێت، بۆ ئەوەی بزانن تا چەند پێویستە بەشداریی تێدا بكات یان نا.
سەرچاوەكە زیاتر رایگەیاند كە ئەبهیشك باتشانی كوڕی زۆر جار داوا لە باوكی دەكات كە پەلە نەكات لە رەزامەندی دەربڕین لەسەر بەشداریكردن لەو هەموو چالاكییە جۆراوجۆرانە لەبەر چەند هۆكارێكی تەندروستی، بۆیە زۆر جار ناچار دەكرێ كە بەشداری لەو چالاكییانەدا نەكات.
سەرچاوەكە زیاتر ئاشكرای كرد: جگە لەوە ئەمیتاب زۆر چالاكە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و تا درەنگانی شەو ناخەوێت، ئەمەش كاریگەرییەكی بەرچاوی لەسەر تەندروستییەكەی هەیە.