نەوزاد شێخانی:پێویستە سوود لە سینەمای مەغریبی وەربگرین، چونكە خاڵی هاوبەشمان زۆرە

نەوزاد شێخانی:پێویستە سوود لە سینەمای مەغریبی وەربگرین، چونكە خاڵی هاوبەشمان زۆرە
نەوزاد شێخانی دەرهێنەرێكی لاوی كوردستانە و نیشتەجێی وڵاتی ئەڵمانیایە، ئێستا خەریكی چەندین كاری هونەرییە، هەروەها دەرهێنەر و خاوەنی بیرۆكەی سیمفۆنیای (شنگال)ە كە بەم دواییە لە كوردستان نمایش كران، هەروەها وەك سەرۆكی لیژنەی دادوەرانی فیستیڤاڵی (بصمات لسينما الابداع) لە وڵاتی مەغریب هەڵبژێردراوە و شارەزاییەكی زۆری دەربارەی سینەمای مەغریبی هەیە، بۆ باس كردنی چەند پرسێكی سینەمایی ئەم دیمانەیەمان لەگەڵی ساز كرد.

*چۆن ئێوە وەك سەرۆكی لیژنەی دادوەرانی میهرەجانی بەسەمات لە وڵاتی مەغریب هەڵبژێردران؟
- هەڵبژاردنی سەرۆكی لیژنەی ناوبژیوانان لە فیستیڤاڵێكی جیهانی دەوەستێتە سەر چەند سیفاتێكی دیاریكراو كە پێویستە لە كەسایەتی كەسە هەڵبژێردراوەكەدا هەبن، لەوانە توانست و رۆشنبیری سینەمایی، ناوبانگ و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی دانیشتنەكانی لیژنەی دادوەران لە هەڵسەنگاندنی فیلمەكان و چەند تایبەتمەندییەكی دیكە، پێموایە بەڕێوەبردنی فیستیڤاڵی (بصمات لسينما الابداع) كەسایەتییەكی گونجاویان هەڵبژارد بۆ ئەوەی ئەم ساڵ سەرۆكایەتيی لیژنەكە بكات و زۆر سوپاسی هەموو ئەندامانی بەڕێوەبردنی فیستیڤاڵەكە دەكەم بۆ ئەو رێز و متمانە و پێگەی كە بە منیان بەخشی.
*هەست دەكەین لە سینەمای مەغریبی نزیكی و گرنگی زۆری پێ دەدەی، بۆچی؟
- مەغریب وڵاتێكی كراوەیە بەسەر جیهاندا، سەقامگیريی وڵاتەكە و حیكمەتی پاشا و حكومەت و وشیاريی گەلی مەغریبی ئاشتیخواز و توانای بۆ كارلێك كردن و پێكەوەژیانی ئاشتیانە لەگەڵ هەموو كۆمەڵگاكانی دیكە وایكردووە كە مەغریب یەكێك بێت لە وڵاتە پێشكەوتووەكانی ناوچەكە لە هێنانەدیی سەقامگیری و پەرەپێدانی جۆری لەبوارە جیاوازەكانی ژیاندا، ئەمەش وایكرد كە سەرنجی كۆمپانیا جیهانییە گەورەكان رابكێشێت لەوانەش كۆمپانیاكانی بواری بەرهەمهێنانی سینەمایی لە هۆلیۆد، ئێستا لە شاری وەرزارات چەندین ستۆدیۆی گەورەی سینەمایی هەیە بۆ وێنەگرتن وەك (ئەتلەس) و (كلا) و ئێستا پرۆژەیەك لە ئارادایە بە ناوی (وەن ستۆپ شۆپ) بۆ ئەوەی ئەم شارە بكرێتە رووگەیەكی سینەمایی گەورەی هاوشێوەی ئەوانەی لە هۆلیۆد هەن وەك (یونیڤەرساڵ و وارنەر)، چونكە چەندین فیلمی جیهانی لەم شارە وێنەگیراون وەك( گلادیۆتەر، لۆرەنسی عەرەب، ئەسكەندەری گەورە، شانشینی بەهەشت)، هەروەها چەندین ئەستێرەی سینەمایی روویان لەم شارە كردووە وەك (ئالفرید هیتشۆك، شین كۆنری، سیرجیۆ لیونی، ئەنتۆنی كوین، بیرتیلۆتشی، جۆن هۆستن، ئیزابیل ئەدجانی، ئەنجلینا جۆلی، براد پێت، مۆنیكا پیلۆتشی و لیۆناردۆ دیكاپریۆ) و چەندانی دیكە.
*سینەماكارە مەغریبییەكان تا چەند زانیارییان دەربارەی كورد و كوردستان و سینەمای كوردی هەیە؟
- لە بواری سینەما مەغریبییەكان گرنگی بە كەلتوورە سینەماییەكان دەدەن، بەتایبەتی ئەگەر تایبەتمەندێتی و شارستانیيەتی گەلێك نیشان بدات كە جیاواز بێت لەگەڵ گەلانی دیكە لەوانەش سینەمای كوردی كە بە سینەمای هەنوكەیی دادەنرێت سەرەڕای نەبوونی پیشەسازیی سینەمای، بەهۆی بەشداری وەفدە سینەماییە كوردییەكان بە بەردەوامی، ئێستا مەغریبییەكان زانیاریی زۆریان لەسەر ئەم كەلتووری سینەماییە هەیە و شانشینی مەغریب لە چەندین فیستڤاڵی جیهانی رێزی لە سینەمای كوردی ناوە و چەندین سینەماكاری كوردی لە باوەش گرتووە و زۆر بە گەرمی پێشوازی لێكردوون.
* تۆ پێوەندییەكی باشت لەگەڵ مەغریبییەكان هەیە، چۆن سوودت لەم پێوەندییە وەرگرتووە بۆ خزمەتكردنی سینەما و سینەماكارانی كورد؟
- زۆر بە باشی هەوڵمداوە پێوەندییە هونەری و مرۆڤایەتییەكان بەهێزتر بكەم و متمانە درووست بكەم لە نێوان خۆم و سینەماكارە مەغریبییەكان و سەرۆك و بەڕێوەبەری چالاكی و فیستیڤاڵە سینەماییە نێودەوڵەتییەكان و سەنتەری سینەمای مەغریب و ببمە پردێك بۆ هەماهەنگی و گۆڕینەوەی بیرۆكە و بەشداری كردن لە سەرخستنی هەر چالاكییەك یان فیستیڤاڵێكی جیهانی كە بەشداریی تێدا دەكەین، بێگومان كاتێك دەگەڕێمەوە بۆ فیستیڤاڵە سینەماییە نێودەوڵەتییەكانی مەغریب بەرپرسیاریەتييەكی گەورە لەسەرشانمە بۆ نوێنەرایەتی كردنی سینەمای كوردی و پێویستە لە ئاستی بەرپرسیاریەتیدا بم لەم كۆڕ و كۆبوونەوە جیهانیانە، سینەمای كوردی ناوبانگێكی باشی لە مەغریب هەیە، منیش هەوڵمداوە بەردەوام سینەماكارە مەغریبییەكان و فیلمەكانیان بانگهێشت بكەم بۆ مەغریب و ئەمەم بە ئەركی سەر شانی خۆم زانیوە بۆ خزمەتكردنی سینەمای كوردی.
*سینەمای مەغریبی بە جورئەت ناسراوە لەسەر ئاستی جیهانی و عەرەبی ترسی ئەوەتان نییە ئەمە رەنگدانەوەی لەسەر سینەمای كوردی هەبێت، چونكە ئێمە لەم بوارەدا لە هەنگاوە سەرەتاییەكانین بە بەرداورد بە مەغریب؟
- حەز دەكەم لەم بوارەدا چەند راستییەك روون بكەمەوە، بە هۆی شارەزاییم لە سینەمای مەغریب بۆم دەركەوتووە كە مەغریب لە پێشەنگی ئەو وڵاتانەیە كە هانی رواندنی كەلتووری سینەمایی تەندروست دەدەن و هەوڵی نەهێشتنی گەندەڵی و سینەمایی دوور لە رەوشت و سزادانی ئەنجامدەرانی ئەم كارانە دەكەن و سینەما بە ئاوێنەی پێشكەوتن و وشیاری كۆمەڵگا دەزانن، باشترین بەڵگەش سزادانی نەبیل عەیوشی دەرهێنەری فیلمی سینەمایی (الزین لی فیك) بوو، مەغریبیەكان دەیانەوێ سینەمایەكی هاوچەرخ بە زمانێكی واقعی پێشكەش بكەن، بۆیە زۆر ئاسایە و پێویستیشە كورد سوود لە سینەمای مەغریبی وەربگرێت.
• پێویستە لایەنە پێوەندیدارەكان لە هەرێمی كوردستان چی بكەن بۆ ئەوەی پێوەندییەكانیان بەهێزتر بكەن لەگەڵ مەغریب لە بواری سینەمادا؟
- زۆر شتی هاوبەش هەیە كە گەلی كوردستان بە گەلی مەغریب بە گشتی و ئەمازیغەكان بەتایبەتی دەبەستێتەوە، نزیكبوونەوە لە زۆر بواردا هەیە وەك سروشتی گەلەكە، مێژووی، فۆلكلۆری، هونەری، كەلتووری جلوبەرگ، رەسەنایەتی، مەردایەتی، خۆشەویستییان بۆ پێكەوەژیان و پاراستنی دابونەریت و كەلتوور، بۆیە لێك نزیكبوونەوە بە باش دەزانم بۆ سوود وەرگرتن لە ئاڵوگۆڕی كەلتووری و هونەری و مرۆڤایەتی لە نێوان گەلی كوردستان و گەلی مەغریب، بۆیە بە پێویستی دەزانم وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان و بەڕێوەبەرایەتییەكانی سینەما، هەستن بە رێزلێنان لە سینەمای مەغریب لەسەر خاكی كوردستان و پێشوازی كردن لە سینەماكار و هونەرمەندان و میدیاكارانی مەغریبی لەو فیستیڤاڵ و چالاكییە رۆشنبیری و هونەری و سینەماییانەی لە هەرێمی كوردستان ساز دەكرێن و رێككەوتنێكی هاوبەشی و هەماهەنگی لەگەڵ شانشینی مەغریبی ئیمزا بكەن، ئەمەش بەهۆی ئەو پێشكەوتنەی كە لە بواری سینەما و هونەر لە مەغریبدا هاتۆتە ئاراوە و ئەو پسپۆڕی و شارەزاییە زۆرەی كە سینەماكار و هونەرمەندە مەغریبییەكان لە چەند ساڵی رابردوودا بەدەستیان هێناوە لە ئەنجامی كاركردنیان لەگەڵ سینەماكارە ناودارەكانی جیهان.

Top