عەدنان عوسمان:بۆ (مەملەكەتی مێروولەكان) ئۆتۆمبیلی خۆم فرۆشتووە، ستافەكەش خۆبەخش كاریان كردووە

عەدنان عوسمان:بۆ (مەملەكەتی مێروولەكان) ئۆتۆمبیلی خۆم فرۆشتووە، ستافەكەش خۆبەخش كاریان كردووە
دوای چەندين ساڵ بێدەنگی و بێبەرهەمی، ئێستا دەرهێنەری سینەمایی شاری هەولێر عەدنان عوسمان سەرقاڵی فیلمێكی نویێە كە كارەساتی رفاندنی كچانی كورد لەلایەن تیرۆریستانی داعش و دەرهاویشتە كۆمەڵایەتی و مرۆڤایەتییەكانی ئەم كارەساتە دەخاتەڕوو، فیلمەكە باس لە رزگاركردنی كچێكی كورد دەكات كە داعش رفاندبووی، مەینەتییەكانی ئەم كچە لە دوای رزگاركردنی بەرجەستە دەكات، بەتایبەتی بۆ كۆمەڵگەیەكی باوكسالاری رۆژهەڵاتی وەك كۆمەڵگەی كوردستان و ئاستەنگەكانی بەردەم ئەم ئافرەتە كە جارێكی تر چۆن بگەڕێتەوە نێو كۆمەڵگە و ژیانی ئاسایی خۆی دەست پێبكاتەوە، دەربارەی ئەم و چەند باسێكی دیكە، ئەم وتووێژەمان لەگەڵ عەدنان عوسمانی دەرهێنەر ئەنجامدا كە بەم شێوەیە وەڵامی داینەوە.

• ماوەیەك كار و چالاكیت نەبوو، ئەگەر هەشبێت بە بێدەنگی بووە، هۆكارەكەی چییە؟
- من زۆر جار بە بێدەنگی کار دەکەم. بە بێدەنگی هاوار دەکەم. زۆر لەگەڵ خودی خۆم ئیشم ماوە، برادەرێکی سەیرین، یەکترمان خۆش دەوێ و خۆش ناوێ، رەنگمان جیاوازە و زۆر سیفاتمان لەیەک دەچێت، نوکتەی سەیر بۆ یەکتری دەڵێین، خەون بە یەکترەوە دەبینین، بەڵام زۆربەی جارەکان بە یەکەوە نایینە دەرەوە. ئەو منم، منیش منم، من هەروام، کەم قسە دەکەم. دەخوێنمەوە. فیلم دەبینم، لەناکاو کار دەکەم تا زۆر هیلاک دەبم، رەنگە ئەو ماوەیەش وا بووبێ.
• بیرۆكەی (مەملەكەتی مێروولەكان) چۆن درووست بوو؟
- کارەساتی رفاندنی کچانی کوردی ئێزیدی لەلایەن داعش، هەژاندمی. زۆر گریام، باوەڕ ناکەی چەند گریام.هەستمکرد دەبێت کارێک بکەم و ئەو کارەساتە جەرگبڕە بە زۆر کونجی دنیا بناسێنم. هەندێک جار حەزم دەکرد چەک هەڵگرم و ببمە پێشمەرگە و ئەو کچانە رزگار بکەم، دوايی زانیم من رامبۆ نیم، بەڵام بە فیلم دەتوانم گوزارشت لەو هەستەی خۆم بکەم. هەر واشم کرد، بەڵام هەمیشە وەک فیلمەکانی پێشووم تا فیلمەکەم لە خەون نەبینم، ناتوانم کار بکەم، ئەم فیلمەم (مەملەکەتی مێروولەکان) چەندین جارم بە مۆنتاژکراوی لەخەون بینیوە.
• مەبەست لەو كچەی كە لە فیلمەكەدا دەڕفێندرێ، كچێكی كوردی ئێزیدییە؟
- من جیاوازتر بیر دەکەمەوە، ئەو کچانە ئێزیدی بن، یان نا، ئەوە کارەساتێکی گەورەی مرۆییە و لەوانەیە ئەو چیرۆکەی کە من لە فیلمکەم دەیگێڕمەوە، هەر رووی نەدابێ، یان سوودم لە رووداوەکان وەرگرتبێ، من لە فیلمەکانم سوود لە رووداوەکان وەردەگرم و کۆپییان ناکەم.
• دوای رووداوی دڵتەزێنی رفاندنی كچ و ئافرەتانی كوردی ئێزیدی لە لایەن داعشەوە، میری ئێزیدیان كچەكانی بە (مرۆڤە پاكەكان) وەسف كرد و فەرمانی دەركرد كە پێویستە بە هەموو شێوەیەك رێزیان لێ بگیرێت، ئایا لە (مەملەكەتی مێروولەكان) ئاماژەتان بەمە داوە؟
- بە بێ ئەوەی ئاگام لەو پەیامەی جەنابی میر بێت، من بە پاک و بێگەرد و بێگوناه و سڤیل وەسفی ئەو کچانە دەکەم، کە خوشک و دایکی منن و هەموویانم زۆر خۆش دەوێن، رۆحم لەلایانە، هەست بە ئازاریان دەکەم، من هیچم بۆ ئەوان نەکردووە، بەڵام ئەوان قوربانییەکی گەورەیان بۆ ئێمە داوە، بۆیە خۆم بە قەرزداریان دەزانم، خەون بە ئازاديی ئەوان و هەموو دیلێک دەبینم.
• لە رووی داراییەوە كێ هاوكاری كردوون؟
- فیلمی سینەمایی مەملەکەتی مێروولەکان هیچ جۆرە بودجە و سپۆنسەرێکی نەبوو، تەواوی ستافەکە هاوکار و هاوخەم بوون، چەند هاوڕێیەکی دڵسۆزیش یارمەتيیان داین، لە سەرووی ئەمانە خوای گەورە پەنا و پشتیوانمان بوو، لە قۆناغی وێنەگرتن دانیشتووانی گوندی عەلیاوەی دێگەڵە و موختارە بەڕێزەکەی بۆ ئێمە حکومەت و پاڵپشت و پرۆدیوسەر بوون.
منیش ئەوەی لە توانای شەخسی خۆم هەبوو کردم و ئۆتۆمبیلەکەم بۆ ئەم فیلمە فرۆشت، بەڵام ویژدانمان ئاسوودەیە لەم بارودۆخە ناهەموارەی کوردستان توانیمان ئەرکێکی نیشتمانی و مێژوویی و ئەخلاقی بەجێ بگەیەنین، بەهۆی ئەم فیلمەوە کارەساتەکانی گەلەکەمان بە دنیا بناسێنین، ئێستاکەش دەرگامان واڵایە بۆ ئەو کۆمپانیا و لایەن و دەزگایانەی کە دەیانەوێت سپۆنسەری ئەم فیلمە بکەن، تا بتوانین پانتایی پەیامە مرۆڤایەتییەکەمان فراوانتر بکەین.
• چەند ئەكتەر بەشدارییان كردووە و بەشداریكردنیان چۆن بوو؟
نزیکەی سی ئەکتەری کوڕ و کچ بەشدارن هەر هەموو ستافەکە بە روحێکی هونەری زۆر بەرز کاریان کرد و ئەو پەڕی دڵسۆزيیان نواند، هەر هەموویان خۆبەخش بوون، هیچ کەسێک هیچ پاداشت، یان کرێی کارەکەی وەرنەگرتووە.
• فیلمەكە كەی و لە كوێ نمایش دەكرێت؟
- هیوادارم بتوانم تا مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ هەموو کاروبارەکانی مەملەکەتی مێروولەکان تەواو بکەم، کاری زۆر ماوە، لەم قۆناغەشدا پێویستی بە پارە هەیە، فیلمەکەشمان، چونکە بودجەی نییە، بۆیە دەبێت بە هێواشی کارەکان ئەنجام بدەین، کەسە دڵسۆز و خۆبەخشەکان بە فانۆس ببینینەوە، زۆر بە وردی بەدوایاندا بگەڕێین. دواتر لە ساڵۆنی سینەماکانی کوردستان نمایش دەکرێت و پاشان چەند نمایشێکی تایبەتی بۆ دەکرێت، هاوکات بۆ فیستڤالە نێودەوڵەتییەکانیش رەوانە دەکرێت.

Top