نادین لەبكی: نازانم بۆچی بەرپرسیاریەتی زیاتر بەر ئافرەت دەكەوێ

نادین لەبكی: نازانم بۆچی بەرپرسیاریەتی زیاتر بەر ئافرەت دەكەوێ
نادین لەبكی یەكێكە لەو ئەكتەر و دەرهێنەرانەی كە زۆر بە جورئەتەوە باس لە كێشە و گرفتەكانی ئافرەتانی رۆژهەڵات دەكات و كێشەكانیان وەكو خۆی دەخاتەڕوو، زۆر جاریش لەبەر هەڵوێستەكانی دووچاری رەخنەی توند بۆتەوە، لە هەمان كاتدا لە ناوەندە سینەماییە جیهانییەكاندا خەڵاتی رێزلێنانی گەورەی پێ بەخشراوە و لە بۆنە و یادەكاندا فیلمەكانی بە نموونە دەهێنرێنەوە.
لە بارەی ئەو توند تیژییەی لە رۆژهەڵات بەرامبەر بە ئافرەتان پیادە دەكرێ و بێدەنگیی ئافرەتان، نادین دەڵێ: «ناتوانین بەرپرسیاریەتیی ئەو توندوتیژییە بخەینە ئەستۆی ئافرەت، چونكە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەركێكی زۆر دەكەوێتە ئەستۆی ئافرەت ئەمەش مایەی سەرسوڕمانە، لە رۆژهەڵات ئافرەت ناتوانێت منداڵەكانی لە ماڵدا جێبهێڵێت ئەمەش نموونەی قوربانیدانە و هەر لە منداڵییەوە كچ فێرە بیرۆكەی قوربانیدان دەبێت واتە ئافرەت هەیە لەپێناو ئەوانی تر وەك كوڕ و هاوسەر و برا و باوك، بۆیە من دەڵێم پێویستە ئافرەت سەربەخۆیی دارایی هەبێت، سەربەخۆیی لە خەون دیتن بە پرۆژە تایبەتەكانی خۆی لە ژیان بۆ ئەوەی پیاو هەست نەكات كە ئافرەت بەبێ یارمەتی ئەو ناتوانێت بژێت.»
دەربارەی ئەو كچانەی لە تەمەنێكی زوودا بە شوو دەدرێن و ئەمەش بابەتی یەكێك لە فیلمەكانیەتی نادین دەڵێ: «بەداخەوە تا ئێستاش كچ لە تەمەنێكی زوودا بە شوو دەدرێن و نازانن بۆچی؟ ئەمەش لە رووی یاساییەوە قەدەغەیە، ئەمە تاوانێكی گەورەیە بەرامبەر بە مرۆڤ ئەنجام دەدرێ و نازانم بۆچی تا ئێستا حكومەتەكان خۆیان بێدەنگ كردووە لە ئاستی، ئەمە یەكێك لەو بابەتانەیە كە لە ناخەوە دەمهەژێنێ.»
Top