لوقمان غەریب:كێشەكانی ساڵانی شەست و حەفتاكان گۆڕانكارییان بەسەردا نەهاتووە، بۆیە باسكردنیان پێویستە
• ( دانیشتووانی عەلیاوە) چی بەسەرهات و بە كوێ گەیشت؟
- دانیشتووانی عەلیاوا قۆناغی وێنەگرتن و مۆنتاژی تەواو بووە و تەنیا تایتڵ و موزیكی ماوە، لە راستیدا ئەم فیلمە یەكێكە لەو چوار بەرهەمەی كە وەك پرۆژەی بەرهەمهێنانی چەند فیلمێكی درێژ كە ناوەندی (گاڤ) بۆ بەرهەمهێنانی كاری تەلەفزیۆنی و سینەمایی كوردی ئەنجامی دەدات.
* لە چ كەناڵێك پەخش دەكرێ؟
- بڕیار وایە وەك هەفتەیەك بۆ فیلمی كوردی ئەم بەرهەمانە لە پاش قۆناغی بەرهەمهێنانیان لە شارەكانی هەرێمی كوردستان و كەركووك نمایش بكرێن، رەنگە تەنیا یەك كەناڵیش نەبێت، بەڵكو لە چەند كەناڵێكدا پەخشی بكەین .
* بیستوومانە خەریكی فیلمێكی تری، دەكرێ چەند زانیارییەكمان پێ بدەی دەربارەی سیناریۆی، ماوەكەی، ئەكتەرەكان كێ دەبن ؟
- ئێستا هەر لە چوارچێوەی ئەو پرۆژەیەی ناوەندی (گاڤ)، سەرقاڵی بەرهەمهێنانی فیلمی دووەمین بە ناوی (سەگەكانی رەزا بەگ) كە ئێستا لە سەرەتای قۆناغی بەرهەمهێنان و ئامادەكاریداین و بەرنامەمان داناوە كە لە دوا رۆژەكانی ئەم مانگە دەست بە قۆناغی وێنەگرتن بكەین، فیلمی (سەگەكانی رەزا بەگ) سیناریۆ و دەرهێنانی خۆم و نواندنی هونەرمەندان عەبدولی حەمە جوان و مەریوان برایم و عەلی كەریم و كەمال چالاك و شیبا وسارا و مەروا و ئاواز و چەند ئەكتەرێكی ترە، لەم فیلمەدا 19 ئەكتەری سەرەكیی بەشداری دەكەن جگە لە 400 ئەكتەری دیكە وەك كۆمبارس.
* بۆچی رووت لە باسكردن و زیندووكردنەوەی كێشە كۆمەڵایەتی و سیاسییەكانی ساڵانی شەست و حەفتاكان كردووە؟
- چونكە ئەو كێشانەی ئەو رۆژگارە ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت بەردەوامن و كۆمەڵگەی كوردەواری لە رووی ئاكاری كۆمەڵایەتییەوە گۆڕانێكی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووە، تەنانەت لە هەندێك حاڵەتدا بەرەو دواوە گەڕاوەتەوە، لەلایەكی تریش كە زۆر جار باسمان كردووە، ئەوەیە كە بۆ خۆی گەڕانەوە بۆ دواوە جۆرە چێژێك بە بینەر دەبەخشێت و زیاتر ئاوێتەی بەرهەمەكە دەبێت.
* بیرت لە كارێكی هونەری نەكردۆتەوە كە باس لە مێژووی 20 -30 ساڵی رابردووی كوردستان بكات؟
- بێگومان پاش كۆتایی هاتنی ئەم فیلمە (سەگەكانی رەزا بەگ) سیناریۆیەكمان ئامادەیە بەناوی (ئەوین لە ژێر باڵی تاریكیدا) كە درامایەكی 30 ئەڵقەییە و باسی ساڵانی هەشتاكانی سەدەی رابردوو دەكات لەڕووی سیاسی و كۆمەڵایەتییەوە، ئەم درامایەش خوێندنەوەمان بۆ كردووە و ماوە بەرهەم بهێندرێت.
* دوای ئەم فیلمانە بیر لە دووبارە گەڕانەوە بۆ دراما ناكەیتەوە؟
- وەك باسم كرد لەگەڵ كۆتایی هاتنی پرۆژەی فیلمەكان دەست بە بەرهەمهێنانی ئەو زنجیرە درامایەش دەكەین كە بە ناوی (ئەوین لەژێر باڵی تاریكیدا)یە.
* ئێوەی سینەماكار و ئەكتەر و دەرهێنەر ئەركی خۆتان چۆن دەبینن بەرامبەر بەو رووداوانەی كە ئێستا رووبەرووی كوردستان بوونەتەوە بەتایبەتی شەڕی داعش؟
- ئەركی هونەرمەند و دەستەبژێری لەم قۆناغەدا ئەركێكی هەستیارە، چونكە هونەرمەندان پێگەیەكی كاریگەریان هەیە لە كۆمەڵگەدا، دڵنیام هونەرمەندان لە ناسكی و هەستیاری ئەم قۆناغە باش تێدەگەن كە دووچاری شەڕێكی گەورەی تیرۆری جیهانی بووینەتەوە و لە چەندین لاوە بە جۆرەها شێواز فشار و بۆ سەر هەرێم و ئەزموونەكەمان درووست دەكرێت، ئەگەر تێبینیتان كردبێت لە ئاست كێشە و گرفتە ناوخۆییەكاندا تا رادەیەكی زۆر بێدەنگیمان هەڵبژاردووە، ئەگەرچی جارجار بە زەقی ناهەقی و ناتەندروستی هەڵوێستەكان دەبینین ناتوانین و ناتوانین ئەم بێدەنگییە بشكێنین، بەڵام لە هەموو حاڵەتەكدا كەسانی دەستەبژێری ناو كۆمەڵگە و لە نێوانیاندا هونەرمەندان، پێویستە زیاتر و بەرپرسانەتر لە ئاست هەر هەوڵێك بوەستنەوە كە ئەزموونی كوردستان تووشی قەیران دەكات و زیاتر ئاڵۆزتر و گەورەتری بكات. هەرچەندە ئێمە دڵنیاین كە دوا جار ئەم كێشە و قەیرانانەش كۆتاییان دێت، چونكە دڵنیاین لە ئیرادەی میللەتەكەمان دژی ئەم شەڕ و پیلان و قەیرانانە و دڵسۆزی و زیرەكی و حیكمەتی سەركردایەتی هەرێمی كوردستان لە ئاست ئەم گرفتانەی كە بەرۆكی كوردستانیان گرتووە.
* گۆرانیبێژان و موزیسیانانی كوردستان تا ئێستا چەندین بەرهەمی تاك و بە كۆمەڵیان پێشكەش بە پێشمەرگە كردووە، ئێوە وەك سینەماكار و ئەكتەران بیرتان لە بەرهەمێكی سینەمایی، یان تەلەفزیۆنی فراوان نەكردۆتەوە كە گشتگیر بێت و لە رووی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە باس لە ئەمڕۆی كوردستان بكات؟
- لە راستیدا بیر لە كارێكی وا گەورە كراوەتەوە، بەڵام بەداخەوە هۆكارەكانی بەرهەمهێنانی پرۆژەیەكی هونەری گەورە و لەم جۆرە لە ئێستادا فەراهەم ناكرێت و رەنگە لە بەر دەستدا نەبێت، بەڵام ئومێدەوارم دوای كۆتاییهاتن و چارەسەركردنی قەیرانی ئابووری و گرفتەكانی تر و دووبارە گەشانەوەی كوردستان و گەیشتن بە كەناری ئارامی و سەربەخۆیی یەكجارەكی، دەیان پرۆژەی هونەری گەورەی لە چەشنی ئەوانەی باسیان دەكەی ئەنجام بدرێت.