كتێبخانەكان هانی خوێندنەوە دەدەن

كتێبخانەكان هانی خوێندنەوە دەدەن
كتێبخانە بۆ ئەوانەی عەشقی كتێب و خوێندنەوەیان هەیە، دەبنە سەرچاوەیەكی گرنگی بەختەوەرییان، بوونی كتێب و سەرچاوەی بە نرخ لەبەر دەستی خوێنەردا وەك ئەوە وەهایە ناو بەناو گەشتێ بكەین بە جیهاندا، چونكە لای ئەوان كتێبی دەگمەن وەك سامانێكی كەم وێنەیە.
ئەمە لە كاتێكدا كتێبخانەی ئەوتۆ هەن، شاكاری جوانین و كێبڕكێ لەگەڵ شوێنە گەشتیارییەكانی دنیادا دەكەن، بە نەخشەسازیی ناوازەیان و ژمارەی زۆری كتێبەكانیان كە دەبنە مایەی رازاندنەوەی كتێبخانەكانیان، لێرە(7) كتێبخانەی زۆر جوانی جیهانتان پێ دەناسێنین:
ئا: یاسین قادر بەرزنجی


1- كتێبخانەی پەندول لە مەكسیكۆسیتی:
كتێبخانەی (Libreria El Pendulo) لە مەكسیك، بە جۆرێكە هامشۆكەری یەك رۆژی تەواوی تیادا بباتە سەر، لەگەڵ ئەو دیزاین و فراوانيیەیدا، ملیۆنان سەرچاوەی تێدایە بە زۆربەی زمانەكان، لەگەڵ خوێندنەوەدا، جێگایەكی تایبەت هەیە بۆ قاوە خواردنەوە و خواردنی ژەمێكی سووك و گوێگرتن لە موزیكی ئارام.
2- كتێبخانەی شكسپیر لە پاریس:
گەر فیلمی (Midnight In Paris) ی (موودی ئالان)ت بینیبێت، بە دڵنیاییەوە ئەو كتێبخانەت بیر دەكەوێتەوە كە پاڵەوانی فیلمەكە هامشۆی دەكرد، كتێبخانەكە دێرینە و سیمایەكی تایبەتی هەیە، ساڵی 1951 درووستكراوە و ئەو كتێبانەی لێرە دەفرۆشرێن هەموویان بە زمانی ئینگلیزین، هەرچۆن ئاهەنگی ئیمزا كردنی كتێبی گەورە نووسەرانی تیادا ساز دەكرێت.
3- كتێبخانەی بارت لە كالیفۆرنیا:
ئەو كاتەی ریچارد بارت نیسدڵ بە دەست كتێبە زۆر و هەڵچنەكانیەوە خەمی دەخوارد، بیرۆكەیەكی جوان بە مێشكیدا هات و ژمارەیەك دۆڵابی كتێبی لەسەر شۆستەیەك لە كالیفۆرنیا دانا، ئەوە لە ساڵی 1964دا بوو، بە شێوەیەك رێبواران تەماشایان بكەن و لاپەڕەكانیان هەڵبدەنەوە، تا وای لێهات (Bart’s Book story) بووە گەورەترین كتێبخانە لە هەوای كراوەدا و تەنانەت بووە جێگایەك بۆ چنگ كەوتنی كتێبە هەرە دەگمەنەكان.
4- كتێبخانەی براتسلاڤیا لە سلۆڤاكیا:
كتێبخانەی كۆفرۆشی (Plural Bookshop) كتێبخانەیەكی گەورە نییە، بەڵام نەخشەسازییە ژیرانە و داهێنراوەكەی وایكردووە بچێتە ریزبەندی كتێبخانە ناوازەكانەوە، تەختایی زەوییەكەی پلەبەند كراوە وەك قاڵدرمە بۆ سەرەوە لە هەردوو دیوەوە كتێب دانراون لە یەك كاتدا قاڵدرمەكان بۆ دانانی كتێبە و بۆ دانیشتنی كڕیارانیش، لەسەر سەریشەوە قاوەخانەیەكی دڵگیر هەیە بۆ دانیشتن.
5- كتێبخانەی سان تۆرینی لە یۆنان:
وەرچەرخاندنی خانوویەكی كۆن لە گوندێكی فەرامۆشكراودا بۆ جێگایەكی ئەفسوناوی، كارێكە تەنیا لەوانە دەوەشێتەوە كە دیدگایەكی رووناكبیرییان هەیە، دووان لە سەوداسەرانی كتێب بڕیاریان داوە كتێبخانەیەك لە (دوورگە دوورەكە) بكەنەوە، تا ببێتە جێگایەك بۆ شەیدایانی كتێب خوێندنەوە، ئەم كتێبخانەیە (Atlantis Books) لە ئێستادا میوانداریی هەندێك دیدار و فیستیڤاڵ دەكات تا هەمووان بە ئارامیی لەوێوە بڕواننە خۆرئاوابوون، ئەویش لە بالكۆنی سەر دەریاوە، خاوەنەكانی ئەم كتێبخانەیە لەم دواییەدا دەزگایەكی چاپ و بڵاوكردنەوەی تایبەت بە خۆشیان داناوە.
6- كتێبخانەی كۆلێژی ترینیتی لە ئێرلەندا:
ئەم كتێبخانە گەورەیە كە قەڵای هۆجۆرینستی فیلمەكای (هاری پۆتەر)مان دێنێتەوە یاد، ملیۆنان كتێبی لە خۆ گرتووە كتێبخانەكە كە بە (Trinity College Library) ناسراوە كۆمەڵێ كتێبی دەگمەنی تیادایە، لەوانە كتێبی (كیلز) كە وا مەزەندە دەكرێت ساڵی 1800ی كۆچی لە لایەن راهیبەكانی سلتیاكەوە نووسرابێت.
7- كتێبخانەی پەرلەمانی كەنەدا:
ساڵی 1876 درووستكراوە لە سەرەتاشەوە بەشێك بووە لە تەلاری پەرلەمان، كاتی درووستكردنی كە 10 ساڵی خایاندووە، درووستكەرانی داماون بە تەواوكردنی گومەزەكەیەوە، بەڵام دواتر لە ئاسنی (نەرم)ی گونجاو بۆیان درووستكرد، بەوەش كتێبخانەكە لە ئەمریكای باكوور بووە، یەكەمین تەلار كە گومەزەكەی لەو جۆرە ئاسنە درووستكرابێت.
سەرچاوە: رۆژنامەی (الراية القطرية) ژمارە 12084 لە 8/6/2015
Top