فیلمێكی كوردی كێبڕكێی بردنەوەی خەڵاتی فێستیڤاڵی بەیروت دەكات

فیلمێكی كوردی كێبڕكێی بردنەوەی خەڵاتی فێستیڤاڵی بەیروت دەكات
فیلمی (ونبوون لە غوبار)ی دەرهێنەر سۆران ئیبراهیم بە نوێنەرایەتی هەرێمی كوردستان و وەك تاكە فیلمێكی كوردی لە بەشی پێشبڕكێی سەرەكی خولی 15هەمینی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی بەیروت، بەشداری دەكات.
(سۆران ئیبراهیم) دەرهێنەری فیلمەكە، لەبارەی بەشداریكردنی فیلمەكە لەو فێستیڤاڵەدا ڕایگەیاند:"لە خولی پانزەهەمینی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی بەیروت كە لە وڵاتی لوبنان ئەنجام دەدرێ‌، فیلمی (ونبوون لە غوبار) لە بەشی پێشبڕكێی سەرەكیدا بەشداری دەكات و كێبڕكێی بردنەوەی خەڵات دەكات". وتیشی:"فێستیڤاڵەكە لە ڕۆژی 8ی ئۆكتۆبەری 2015لە شاری بەیروت دەستپێدەكات و هەتا 16ی هەمان مانگ بەردەوام دەبێ‌".
لەبارەی چیرۆكی فیلمەكەشەوە، (سۆران ئیبراهیم)ی دەرهێنەر وتی:" چیرۆكی فیلمەكە سەبارەت بە جینۆساید و ئەنفالی كوردە و لە رێگەی چیرۆكێكی ئەویندارییەوە تراژیدیای ئەنفال و جینۆسایدی كورد دەگێڕێتەوە".
فیلمی (ونبوون لە غوبار) لەلایەن تاهیر عەبدوڵا پشتگیری كراوە و بەرهەم هاتووە. ستافی بەرهەمهێنانی ئەم فیلمە بریتین لە:"سیناریۆ: هێمن حەیدەری، یاریدەدەری دەرهێنان: نەزیر میرزای، وێنەگرتن: حەمید قەوامی، یاریدەدەری وێنەگرتن: عەلی مورادی، دیزاینی لوكێشن: سۆران ئیبراهیم، بەڕێوەبەری بەرهەم: ئەكبەر گوڵی، دەنگهەڵگر:محەمەد تۆریوەریان، فۆتۆگراف: قادر فەرەجی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن: شۆڕش محەمەد، نواندن: سۆران ئیبراهیم، دیمەن زەندی، پەیام عەلەوی، مۆنتاژ: سۆران ئیبراهیم، تۆفیق ئەمانی.
پێشتریش ئەم فیلمە لە فێستیڤاڵی سینەمایی نێونەتەوەیی هەولێر خەڵاتی باشترین فیلمی نێودەوڵەتی وەرگرت و هەروەها لە خولی 52هەمینی فێستیڤاڵی ماڵتا فیلم فێستیڤاڵ خەڵاتی سوارچاكی زێڕینی بەدەستهێنا و هەروەها لە بەشی پێشبڕكێی سەرەكیدا لە خولی 36هەمینی فێستیڤاڵی سینەمایی نێودەوڵەتی قاهیرە بەشداری كردووە و لە چەندین فێستیڤاڵی سینەمایی جیهانی دیكەش بەشدار بووە.
هەروەها ساڵی 2014 لەلایەن دەزگای ڕوانگەوە خەڵاتی لاوی ساڵ وەك باشترین سینەماكار درایە دەرهێنەر سۆران ئیبراهیم.
Top