مەلەك رۆژهات: هونەریش جۆرێكە لە خەبات
مەلەك كە نایشارێتەوە لە بەرلەوەی روو لە هونەر بكات وانەی قورئان خوێندنی بە چەند قوتابییەك گوتووە، جگە لە گۆرانی وتن ئاواز دانەریشە و گۆرانییەكانی ئەم دواییەی زۆربەیان خۆی ئاوازی بۆ داناوە و ئەمەش بە كارێكی ئاسایی و پێویست دەزانێت بۆ بەرەو پێش بردنی هونەرەكەی، ژەنینی ئامێرێكی موزیكی یان ئاواز دانان جگە لە گۆرانی وتن هونەرمەند هەنگاوێك دەباتە پێشەوە، هەروەها دەڵێ: من لە گۆرانی وتندا دەمەوێ خۆم بم و بەردەوام هەوڵ دەدەم شتی نوێ پێشكەش بكەم، نامەوێ تەقلیدی كەس بكەمەوە، حەز دەكەم سوود لە هونەرمەندان وەربگرم، بەڵام نەك لاسایی كردنەوەیان و پشتگیری لەو هونەرمەندانەش ناكەم كە بەردەوام تەقلیدی كەسانی تر دەكەنەوە.
باشووری كوردستان شوێنی حەوانەوە و نیشتەجێ بوونی هەزاران كوردی پارچەكانی تری كوردستان بووە كە ژمارەیەكیان هونەرمەند بوون و ئەگەر بۆ ماوەیەكیش بێت لێرە ماونەتەوە و هەندێكیان ئێستاش لە باشوور ژیان بەسەر دەبەن و درێژە بە ژیان و كاروانی هونەری خۆیان دەدەن، مەلەك رۆژهاتیش یەكێكە لەو هونەرمەندان كە سەرەتای دەركەوتن و ناوبانگ پەیدا كردنی لە باشوور بووە و لەو بارەیەوە دەڵێت: من خۆم بە هونەرمەندێكی كوردستانی هەر چوار پارچەكەی كوردستان دەزانم، بەڵام جێگای شانازییە كە لە باشووری كوردستان لەرووی هونەرییەوە پێگەیشتووم و ئێستا خاوەن جەماوەرێكی زۆرم لەم پارچە ئازیزەی كوردستان.
مەلەك دیاریكردن و هەڵبژاردنی تێكستی گۆرانی بە یەكێك لە كارە قورسەكان دەزانێت بۆ هەر هونەرمەندێك و لەم بارەیەوە دەڵێت :لەبەر ئەوەی لەكوردستانی باكوور لەدایك بوومە و ئاوازی توركی زاڵە بەسەر كارەكانم یان ئاوازی گۆرانییەكانم لە توركییەوە نزیكە، سەبارەت بە تێكستیش هەڵبژاردنی تێكستی باش بۆ من یەكێكە لە كارە هەرە قورسەكان، بەڵام چەند كەسێكی ئازیز و شارەزان هەن یارمەتیم دەدەن لە هەڵبژاردنی تێكستەكان و ئەو تێكستانەی كە بۆ من گونجاوە و دەزانن تێیدا سەركەوتوو دەبم ئەوانم بۆ هەڵدەبژێرن كە مایەی رێز و سوپاسن.
وەك زۆربەی ئافرەتانی بواری هونەری مەلەكیش لە سەرەتادا ئاستەنگ و گرفتی زۆری بۆ درووستبوو كاتێك رووی لە بواری گۆرانی و موزیك كرد، چونكە پێشتر مامۆستای قورئان بووە، لەم بارەیەوە دەڵێ:كۆمەڵگای كوردەواری تا ئێستا دیلی دابونەریتە كۆمەڵایەتییە باوەكانە كە تاكەكان بەدەستییەوە دەناڵێنن، بۆیە دەبینین هەموو كارێك گرفت و ئاستەنگی خۆی هەیە بەتایبەتی بۆ كچێك كە روو لە گۆرانی و موزیك بكات لە كۆمەڵگای كوردەواریدا كارێكی ئاسان نییە، سەرەتا خانەوادەكەم رێگایان نەدا من روو لە گۆرانی وتن بكەم و رێگرییان لێكردم بەتایبەتی خاڵ و مام و دایكم تاماوەیەك دایكم لێم زوێر بوو، بەڵام من بەردەوام بووم لەسەر كاری هونەری و توانیم قەناعەتیان پێ بكەم كە گۆرانی وتن كارێكی ئاساییە بۆیە دواتر رازی بوون، لێرەدا حەز دەكەم ئەوە روون بكەمەوە مرۆڤ دەتوانێ بەو شێوەیەی كە حەز دەكات مامەڵە لەگەڵ شتەكان بكات و دەتوانێت ناوبانگی خۆی بپارێزێت و وا بكات كە كۆمەڵگا رێزی بگرن و بە تەقدیرەوە لە كارەكانی بڕوانن.
مەلەك دەربارەی ئاواتەكانی لە بواری هونەری كوردیدا دەڵێ: بە شایەدی زۆر لەو كەسانەی كە شارەزان لە بواری هونەری گۆرانی و موزیك من توانیومە خزمەتێك پێشكەش بە هونەری كوردی بكەم، هەرچەندە ئاواتەكانم زۆر زیاترن لەوەی كە تا ئێستا پێشكەشم كردووە و بەردەوام هەوڵ دەدەم كە كاری نوێتر و جوانتر پێشكەش بە خەڵكی كوردستان بكەم، هەروەها بۆ ئەوەی بۆ جیهانی بسەلمێنین كە میللەتی كوردیش خاوەن فەرهەنگ و كەلتوور و زمانی تایبەتی خۆیەتی ئەمەش جۆرێكە لە خەباتی نەتەوەیی، چونكە ئێمە دەتوانین زۆر شت لە رێگای كەلتوور و هونەرەوە ئەنجام بدەین بۆ خزمەت كردنی میللەتی خۆمان، بەڵێن بە جەماوەری خۆشم دەدەم كە بەردەوام بم لە پێشكەش كردنی كاری نوێ و رەسەن.
مەلەك زۆر حەز لە جلوبەرگی كوردی دەكات، زۆریش حەز لە مكیاژ ناكات، بۆیە زۆر جار لە ئاهەنگ و بۆنەكاندا بە جلوبەرگی رەسەنی كوردی دەردەكەوێت.