حەز بە یاری بەرشە دەكات و رۆژانەش بورجەكەی دەخوێنێتەوە

حەز بە یاری بەرشە دەكات و رۆژانەش بورجەكەی دەخوێنێتەوە
دۆتمیر نازێ یەکێکە لە گۆرانیبێژە گەنجەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان و لە ساڵی 1993 لە شاری ورمێ لەدایک بووە، لەبەر ئەوەی باوکی پێشمەرگە بوو، ئەو ماڵباتە ناچار بوون روو لە ھەندەران بکەن و لە سوید بگیرسێنەوە و 15ساڵە لەوێ نیشتەجێن، لە نەورۆزی رابروودا گۆرانیی یەکەمی لەسەر نەورۆز چڕی و بە کلیپ بڵاوی کردەوە.
دوور لە هونەر گفتوگۆیەكمان لەگەڵ دوتمیر ئەنجامدا دەربارەی چەند لایەنێكی ژیانی تایبەتی خۆی، ئەویش بە سنگێكی فراوانەوە وەڵامی داینەوە.
دوتمیر وەرزش بە یەكێك لە پێداویستییەكانی ژیانی هەموو مرۆڤێك دەزانێت و لەم بارەیەوە دەڵێ: وەرزش زۆر پێویستە بۆ مرۆڤ، بۆیە من گرنگییەكی زۆری پێدەدەم و رۆژانە بە بەردەوام 45 دەقیقە وەرزش ئەنجام دەدەم، تەنیا ئەگەر كاتم نەبێت یان لە گەشتدا بم.
دوتمیر نەیشاردەوە كە خوێنەرێكی بەردەوامی كەلووەكانە و لەم بارەیەوە وتی: كەلووی من كاوڕە و وەك زۆر كەس رۆژانەش دەیخوێنمەوە، چونكە بڕوام پێیان هەیە، دەربارەی وەرزشی تۆپی پێ و ئایا هاندەری چ تیپێكە، دوتمیر دەڵێ: هەر لە منداڵییەوە هەتا ئێستا تۆپی پێ یەكێك بوو لە حەزەكانم و لەگەڵ تیپی كچان یاریم كردووە، بۆیە ئێستاش زۆر حەز بە بینینی یارییەكان دەكەم، بەتایبەتی یاریەكانی بەرشە و ریال مەدرید، چونكە من هاندەری ریال مەدریدم، بەڵام سەرسامم بە شێوازی یاریكردنی یانەی بەرشەلۆنە، چونكە یانەیەكی بەهێزە.
دەربارەی خۆشترین و جوانترین شارەكانی كوردستان و جیهانیش دوتمیر دەڵێ: گەشتیش زۆر پێویستە بۆ مرۆڤ بۆ ئەوەی شارەزای كەلتوور و فەرهەنگی گەل و نەتەوەكانی دنیا بێت و لە هەمان كاتدا كەلتووری خۆیانی پێ بناسێنێت، لە كوردستان هەموو شارەكانم پێ جوان و خۆشە لە هەر چوار پارچەكان، بۆ من هیچ جیاوازییەكیان نییە، لە جیهانیش بێگومان هەر شارێك جوانی و تایبەتمەندێتیی خۆی هەیە.
Top