عادل ئاكرەیی:دەرهێنەرە بیانییەكان لە كوردستان ئێمەیان بێزار كردووە
* ئایا دەرهێنەر بەتایبەتی ئەوانەی زیاتر كاری كلیپ دەكەن ستایلی تایبەت بە خۆیان هەیە؟
- لە سەرەتای كاركردنم لە بواری دەرهێنان بەتایبەتی دەرهێنانی كلیپ، هەوڵمدا ستایلێكی جیاوازترم لە دەرهێنەرانی پێش خۆم هەبێت، باشترین بەڵگەشم بۆ بوونی ستایلی تایبەت بە خۆم ئەوەیە كاتێك بەرهەمێكم لە كەناڵەكان بڵاو دەبێتەوە هەر لە تایتڵەكەیەوە شوێن دەستی منی پێوە دیارە ئەمەش بۆ بوونی ستایلی تایبەت بە خۆم دەگەڕێتەوە، بۆیە من پێموایە پێویستە دەرهێنەریش ستایلی تایبەتی بە خۆی هەبێت بەتایبەتی بۆ ئەوەی پێی بناسرێت، هەروەها ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی هونەرمەندانیش بزانن چۆن و لەگەڵ چ هونەرمەندێك كار بكەن.
* زۆر لە دەرهێنەران زیاتر پشت بە نوێكاری دەبەستن، پێتوایە دەبێ لە كلیپەكاندا پشت لە كەلتوور بكرێ؟
- بێگومان ئێمە ناتوانین كەلتوور و رەسەنایەتی خۆمان لە بیر بكەین، یان پشتگوێی بخەین لە پێناو شتی نوێ، هەروەها پێویستیشە شتی نوێ لە كلیپدا هەبێت، بەڵام پێویستە دابونەریت و كەلتووریش زۆر بە هەند وەربگیرێت و بە سوودوەرگرتن لە هەردووكیان كارێكی جوان و سەردەمییانە پێشكەش بە جەماوەر بكەین تا لێی رازی بن.
* بەر لە دەستپێكردنی وێنەگرتنی هەر كلیپێك یەكەم كار چییە كە ئەنجامی دەدەی؟
- كلیپ وەكو كورتە فیلمێك وایە و پێویستە هەموو رەگەزەكانی تێدا بێت بۆ ئەوەی بەشێوەیەك بێت كە تێكست گۆرانییەكە و دەرهێنانی پێوەندییان هەیە، بۆیە یەكەم كار كە ئەنجام بدەن لە كاتی وێنەگرتن هەر كلیپێك ئەوەیە كە تێكستەكە بە باشی دەخوێنمەوە بۆ ئەوەی سیناریۆیەكی باشی بۆ بنووسم، ئینجا لوكەیشنی بۆ هەڵدەبژێرم، دواتریش دەست بە وێنەگرتن دەكەین، دیارە ئێستا كامێرای پێشكەوتوومان لەبەر دەستە بۆیە ئێستا گرنگترین شت لە كلیپ كوالێتییە، پێویستە ئێمە وەكو دەرهێنەر چاوی بینەر پڕ بكەین، بەڵام ناكرێ تەنها كوالێتی بەرزی كلیپەكە بكەینە پێوەر بۆ سەركەوتنی و رازی كردنی جەماوەر وەكو وتم تێكهەڵكێشی نێوان كاری نوێ و كەلتوور زۆر پێویستە بۆ سەركەوتنی كلیپەكانم.
* ئایا دەرهێنەرانی كورد لە رووی ئەكادیمیەوە قۆناغی باشیان بڕیوە؟
- لێرەوە حەز دەكەم راستییەك بڵێم، من پێموایە ئێمەی كورد دەرهێنەری پرۆفیشناڵ و ئەكادیمی نین، بەشی هەرەزۆرمان ئەو كارەی ئەنجامی دەدەن زیاتر وەك حەزی منداڵییە، ئەم حەز و خولیایە كاریگەری بەسەر ئێمەوە هەبووە، بەڵام دەبێ ئەو راستیەش بڵێم مەرج نییە دەرهێنەر ئەكادیمی بێت، چونكە بەپێی زانیارییەكانم زۆربەی دەرهێنەران لە بواری ئەكادیمی نین، سەبارەت بە خۆم لەبەر چەند هۆكارێكی تایبەتی خۆمەوە نەمتوانی بچم لە كۆلێژی هونەرەجوانەكان، هەرچەندە هەمیشە ئەوە خەونێكی گەورەی من بووە
* بۆچی هەندێك لە هونەرمەندان پشت بە دەرهێنەرانی بیانی دەبەستن؟
-دەكرێ ئەم پرسیارە لە خودی هونەرمەندان بپرسی كە بۆچی بڕوا و متمانەیان بە دەرهێنەرانی كورد نییە، لە كاتێكدا ئەگەر بە وردی سەیری كارەكانی ئێمە و ئەوان بكەین، دەبینین جیاوازییەكی ئەوتۆمان نییە و ئەگەر هەمان ئیمكانیاتی ئەوان لەبەر دەستی ئێمەدا بێت، ئەوا دڵنیام كاری زۆر جوانتر و باشتر پێشكەش دەكەین، هەروەها دەرهێنەری بیانی پێویستی بە پارەیەكی زۆرە بە پێچەوانەی دەرهێنەری كورد.
* ئێستا ئێمە خاوەن دەیان كەناڵی ئاسمانی و لۆكاڵین، ئایا ئەم كەناڵانە توانیویانە لە رووی دەرهێنانەوە خزمەت بە هونەری كوردی بكەن؟
- بە رای من گشت كەناڵە ئاسمانییە كوردییەكان نەیانتوانیوە كاری هونەری بەتایبەتی كلیپی كوردی لە جیهاندا بڵاو بكەنەوە بەو شێوەیەی كە دەرهێنەرانی كورد داوا دەكەن، یان خەونی پێوە دەبینن بۆ ئەوەی لەسەر ئاستی جیهان بناسرێن، چونكە تا ئێستا هزری ئێمە، هونەری، ئێمە كلیپی ئێمە، تەنانەت سیاسەتی كوردیش لۆكاڵییە.
* زۆرلە كەناڵەكان كەسانی توركی عەرەب بە پارەیەكی خەیاڵی دەهێنن و ئاوڕ لە دەرهێنەرانی خۆمان نادەنەوە، ئەمە بۆچی دەگەڕێتەوە؟
- دەمەوێ راشكاوانە باس لەم مەسەلەیە بكەم، ئەم كارەش یەكێكی دیكەیە لە نەهامەتییەكانی ئێمەی دەرهێنەر، چونكە بە دەیان كادری هونەری سەركەوتوومان هەیە كە دەتوانن بە ئاسانی هەمان كاری دەرهێنەرە بیانییەكان ئەنجام بدەن بە نرخێكی زۆر هەرزانتر، هەروەها پشت بەستن بە دەرهێنەری كورد دەبێتە هۆی ئەوەی زیاتر گرنگی بە تواناكانی خۆیان و چۆنیەتی پێشخستنی بدەن بۆ ئەوەی لە داهاتوودا كاری جوانتر و باشتر پێشكەش بكەن، بە هەمان شێوە ئەگەر سەیری ئەو كلیپانە بكەین كە لە دەرەوەی كوردستان بەرهەم هاتوون، دەبینین زۆربەی ئەو كلیپانەی لە دەرەوە كوردستان بەرهەم هاتوون كاری سەركەوتوو نەبوون، چونكە دوورن لە دابونەریتی كوردەواری لە هەمان كاتدا گونجاویش نین، هەروەها دەمەوێ بە راشكاوی بڵێم كە ئەم دەرهێنەرە بیانییانە كە مانگانە بە سەدان هەزار دۆلار لە كەناڵە كوردییەكان وەردەگرن، بوونەتە هۆی بێزاربوونی و بێ ئومێدبوونی دەرهێنەرانی كوردی، ئەمەش وا دەكات كە نەتوانن وەكو پێویست داهێنان لە كاری خۆیاندا بكەن.
* وەك عادل ئاكرەیی هەست دەكەی كەناڵە كوردییەكان مافیان خواردووی؟
-بەداخەوە ئێمەی كورد لە زۆربەی بوارەكانی ژیاندا بەتایبەتی لە بواری هونەریدا بێگانە پەرستین و بڕوامان بە تواناكانی خۆمان نییە و حەز ناكەین كە گەنجەكانمان پێش بكەون و تواناكانی خۆیان دەربخەن، هەر كەسێك لە دەرەوە بێتە كوردستان پێمانوایە ئەمە یەكەم كەس و بە تواناترین كەسە لە بوارەكەی خۆیدا، لە كاتێكدا مەرج نییە ئەمە راست بێت، وەكو عادل ئاكرەیی هەست لە سەرتای دەستپێكردنم بە دەرهێنانی كلیپەوە، كەناڵەكانی راگەیاندن هیچ حیساب بۆ كارەكانی ئێمە دانانێن و رێزی لێ ناگرن، چونكە مامەڵەكردنیان لەگەڵمان وەك دەرهێنەر نەبووە كە كاری سەرەكی ئێمەیە، بۆیە دەڵێم میدیای كوردی بە گشتی مافی من و هونەرمەندانی تریش دەخوات.
*دوایین كارت چییە؟
- لە دوای هێرشەكانی داعش بۆ سەر كوردستان لەگەڵ ژمارەیەك هونەرمەندی كورد چەندین كلیپمان بەرهەمهێنا كە زۆربەیان سروودی نیشتمانی بوون لەگەڵ زنجیرەیەك كورتە فیلم كە هێشتا نمایش نەكراوە، هەروەها لەو چەند رۆژەی رابردوو دوایین كارم كلیپێكی نوێی هونەرمەند دەلال زاخۆلی بوو كە لە وڵاتی توركیا تەواومان كرد.