گرووپی هەڵپەڕكێی كەركووكخزمەتێكی زۆر، ئاوڕلێدانەوەی و پاڵپشتییەكی كەم
سەرەتا محەمەد دزەیی باسی لە چۆنیەتی دامەزراندنی ئەم گرووپە هونەرییە كرد و وتی: گرووپی هەڵپەڕكێی كەركووك لە رۆژی 4/5/2005 دامەزرا، بەڵام لە 9/9/2009 بە شێوەیەكی رەسمی دامەزراندنی گرووپەكەمان راگەیاند، بەڵام سەر بە حكومەت نین، واتە وەك گرووپ و سەنتەرە هونەرییانە نییە كە حكومەت منحەیەكی تایبەتییان پێ ببەخشێت بۆ راپەراندنی كارەكانیان، بەر لەو قەیرانە ئابوورییەی كە ئێستا كوردستانی گرتۆتەوە رێكخراوەكان بەگوێرەی توانای خۆیان هاوكارییان دەكردین، بەڵام لەبەر ئەوەی قەیرانی ئابووری هەموو جومگەكانی ژیانی گرتۆتەوە ئێمەش بەش بە حاڵی خۆمان زەرەرمەند بووین و كاریگەرییەكی زۆری لەسەر كارەكانمان هەبوو.
محەمەد دزەیی: ئەوەش دەخاتەڕوو كە گرووپەكەیان لە 9 كچ و 9 كوڕ پێكدێت كە بەشێكی زۆریان قوتابی زانكۆن، لەگەڵ سێ راهێنەر، هەفتانەش 3 رۆژ لە بارەگای سەنتەری (هونەردۆست بۆ داكۆكیكردن لە مافی هونەرمەند) مەشقەكانی خۆیان ئەنجام دەدەن، وتیشی: سەماكارەكان كورد و عەرەب و توركمان و مەسیحیشی تێدایە، واتە هەر چوار نەتەوەكەی شاری كەركووك، تابلۆكانمان زیاتر گوزارشت لە شایی و هەڵپەڕكێی دەڤەری گەرمیان بەگشتی دەكات، هەروەها جلوبەرگی كۆنی ئەو دەڤەرەش لە تابلۆكاندا بەكاردەهێندرێت، جگە لە پێشكەشكردنی هەڵپەڕكێی كوردی، تابلۆی هونەری عەرەبی و توركمانی و مەسیحیش پێشكەش دەكەین، چونكە وەك گوتم ئەندامەكانمان لە هەموو نەتەوە و پێكهاتەكانی شاری كەركووكن، من بڕگەكانی توركمان و مەسیحی و عەرەبی ئامادە دەكەم و هەردوو برای خۆشەویستم راهێنەران ئالان ئازاد و مامۆستا هاوكار تابلۆ كوردییەكان ئامادە دەكەن.
سەبارەت بەوەی بۆچی گرووپەكەیان وەك زۆربەی رێكخراو و گرووپی دیكەی هونەری بەشێوەیەكی رەسمی لەلایەن حكومەتەوە نەناسراوە و هاوكاری ناكرێ، سەرۆكی گرووپەكە دەڵێ: لە هەموو پارێزگاكانی عێراق تیپی هونەرە میللییەكان هەیە و هەموویان مۆڵەتی رەسمییان هەیە و حكومەت مانگانە هاوكارییان دەكات، تەنیا لە شاری كەركووك نەبێت كە بە رەسمی گرووپی لەو شێوەیەی نییە، بۆیە ئێمە لە كابینەی پێشووی حكومەتی بەغدا داواكاریمان پێشكەش بە وەزارەتی رۆشنبیری فیدڕاڵی كرد بۆ ئەوەی هاوكاریمان بكات و بەشێوەیەكی رەسمی تۆمار بكرێ تاكو مانگانە هاوكاریمان بكەن، بەڵام لە وەڵامی داواكارییەكەی ئێمە وتیان: بەو مەرجە هاوكاریتان دەكەین كە گشت پێوەندییەكتان لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان نەمێنێت ئەمە لە كاتێكدایە كە كارەكانمان بە هیچ شێوەیەك تایبەت نییە بە كورد و ئەندامانمان لە هەر چوار نەتەوەكەی كەركووك پێكدێن، هەروەها تابلۆكانیش گوزارشت لە هەر چوار نەتەوەكە دەكەن، بەڵام وەزارەتی رۆشنبیری رەتی كردەوە بە هیچ جۆرێك یارمەتیمان بدات، هەروەها پارێزگای كەركووكیش بە هیچ شێوەیەك یارمەتییان نەداین، هەرچەندە ئەوان بەردەوام كارەكانمان دەبینن لە بۆنە و یادەكاندا، ئێمە داوای هاوكاریمان لە پارێزگای كەركووكیش كرد، بەڵام نەك هاوكارییان نەكردین، بەڵكو نەمانتوانی تەنانەت چاویشمان بە بەڕێز پارێزگاری كەركووك بكەوێت، بۆ ئەوەی لە نزیكەوە كێشە و گرفتەكانی خۆمانیان پێ بڵێین.
لە بارەی هاوكاری كردنیان لەلایەن رێكخراوەكانەوە محەمەد دزەیی وتی: وەك باسمكرد پێشتر رێكخراوەكان هاوكارییان دەكردین، بەڵام بەهۆی بارودۆخی ئابوورییەوە ئەوانیش ناتوانن ئێستا هاوكاریمان بكەن، سەندیكای هونەرمەندان و رۆژنامەنووسان تا ئێستا بە هیچ شێوەیەك هاوكارییان نەكردووین، تەنیا رێكخراوێكی سویدی مانگانە هاوكارییەكی بچووكمان دەكات لەلایەنی داراییەوە، هەروەها لقی سێی پارتی دیموكراتی كوردستان و بەڕێزان عەمید سەرحەد قادر لە رووی ماددییەوە زۆر هاوكارییان كردووین و جلوبەرگی تیپیان دابینكردووە، هەروەها كاك هەڵۆ لە ئاسایش بەردەوام هاوكاریمان دەكات، بەتایبەتی لە كاتی وێنەگرتنی كلیپەكاندا ئاسایشمان بۆ دابنین دەكات، لە رووی هونەرییشەوە چەند هونەرمەندێك هاوكاریمان دەكەن وەك مامۆستا ناسر حەسەن، مامۆستا سیروان عومەر، هونەرمەند حەسەن غەریب لێرەوە بە پێویستی دەزانم سوپاسی هەموویان بكەم.
دەربارەی هەڵوێستی نەتەوەكانی دیكەی كەركووك لەسەر گرووپەكە محەمەد دزەیی دەڵێ: بەشێك لە توركمانەكانی كەركووك زۆریان پێناخۆشە كە دەبینن ئێمە تابلۆی هونەری هەموو نەتەوەكانی ئەم شارە پێشكەش دەكەین و بە ئاشكرا دژایەتی خۆیان بۆمان ئاشكرا دەكەن، بەڵام مەسیحییەكان هەڵوێستیان ئاساییە و هاوكاریشمان دەكەن لە كاتی پێویست، هەرچەندە ئەندامەكانمان لە هەموو نەتەوەكانن و بە جلوبەرگی رەسەنی ئەوانیش تابلۆكان پێشكەش دەكەین.
لە كۆتاییشدا سەرۆكی گرووپی هەڵپەڕكێی كەركووك وتی: وەزارەتی رۆشنبیری بەغدا بە هیچ شێوەیەك هاوكاریمان ناكات، بۆیە داوامان لە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە كە گرووپەكەمان بە شێوەیەكی رەسمی بناسرێت و مۆڵەتی پێ بدرێت وەك گرووپی تیپە میللییەكانی پارێزگاكانی دیكە بۆ ئەوەی ئێمەش بتوانین بەردەوام بین لە كارەكانمان و خزمەتێك بە هونەری كوردی بگەیەنین.