لیمۆ هەورامی:سەرەڕای ئاستەنگەكان بڕیارم داوە لە گۆرانیوتن بەردەوام بم

لیمۆ هەورامی:سەرەڕای ئاستەنگەكان بڕیارم داوە لە گۆرانیوتن بەردەوام بم
ئەگەرچی دەركەوتنی وەكو پێویست نییە، بەڵام لیمۆ هەورامی یەكێكە لەو خاتوونە گۆرانیبێژەكانی ناوچەی هەورامان و توانیویەتی بەسەر كۆسپەكانی بەردەمیدا زاڵ بێت. ئێستا لە وڵاتی كەنەدا نیشتەجێیە و ماوەی چەند ساڵێكە دەستی بەكاری گۆرانیوتن كردووە. تا ئێستا خاوەنى ژمارەیەك گۆرانییە و هەشت كلیپيشی بڵاوكردۆتەوە. ئەگەرچی وەك خۆی دەڵێ سەختیی ژیان و دابونەریت و چەند هۆكارێكی دیكە وایان لێكردووە درەنگ بێتە نێو بوارەكەوە، بەڵام خۆشەویستیی بۆ هونەر بێ سنوورە، بۆیە بەردەوام دەبێت. لە دەرفەتێكدا چەند پرسیارێكمان ئاڕاستەی لیمۆ هەورامی كرد كە بەم شێوەیە وەڵامی داینەوە.

• زۆر جار لێرەو لەوێ گوێبیستی ئەوە دەبین كە هونەری هەورامانی شێوێندراوە، لەوبارەیە رات چییە؟
- سەرەتا حەز دەكەم پێتان بڵێم كە هونەر پێویستە لە شوێنی راستەقینەی خۆیدا بێت، بۆ ئەوەی هونەر لەسەر فەرهەنگ و كەلتوور و شێوازی خۆی بمێنێتەوە. بۆیە دەبینین هەر ناوچەیەك تایبەتمەندێتیی خۆی هەیە، بە هەمان شێوە لە ناوچەی هەورامانیش هونەری گۆرانیوتن تایبەتمەندێتی خۆی هەیە، وەك هەموو ناوچەكانی دیكەی كوردستان لە هەمان كاتدا كەوتۆتە ژێر كاریگەری دەرەكی، بەڵام زۆر كەس هەن كە هۆكاری تێكدانی هونەری هەورامانن، یەكێك لە هۆكارەكان بریتییە لە موزیك، چونكە زۆربەی گۆرانییە هەورامییەكان لەسەر بەیات دەوترێن و زۆر بە كەمی شێوازەكەی دەگۆڕن، بەڵام ئێستا هاتوون شێوازی دیكەی لەگەڵ تێكەڵ دەكەن و من بۆخۆم ئەم كارەم كردووە و پێویستە سەرەتا رەخنە لە خۆم بگرم، چونكە حەز دەكەم كە گۆرانییەك دەڵێم تەواوی تێكستەكەی هەورامی بێت، نەك تێكەڵ بێت.
• چەند بەرهەمت هەیە؟
- تا ئێستا خاوەنی هەشت كلیپم و هەوڵ دەدەم هەموو گۆرانییەكانم كۆ بكەمەوە، بۆ ئەوەی وەك سیدییەك بڵاوی بكەمەوە، هەرچەندە من خۆیشم تا راددەیەك لە هەموو گۆرانییەكانم رازی نیم، چونكە چەندین ساڵە لە دوورەوڵات دەژیم و كەسێكیش نەبووە یارمەتیم بدات، بۆیە هەر ئەوەندە دەكرا.
• هەست ناكەی زۆر دواكەوتی لە كاروانی هونەریدا؟
- بەڵێ زۆر زۆریش دواكەوتم، بەڵام لەبەر چەند هۆكارێك نەمتوانی لە تەمەنێكی گونجاودا دەست بەكاری هونەری بكەم، ئاستەنگەكانی ژیان و گرفتێكی تایبەت كە رووبەڕووم بویەوە، پەكی خستم لە هەموو بوارەكانی ژیان و كاریگەرییەكی زۆری لەسەر ژیانم هەبوو، هەروەها رێگر بوون لەوەی لە تەمەنێكی زوودا دەست بە گۆرانیوتن بكەم، جگە لەوەش من لە كەنەدا دەژیم و هیچ كەسێك نەبوو یارمەتیم بدات، نە موزیسیانی كوردی بەتوانا، نە گرووپی موزیكی لێ نییە كە پڕۆفیشناڵ بێت، بۆیە ناچار بووم، بۆ گۆرانی تۆماركردن بچمە ئەوروپا، ئەمەش خەرجییەكی زۆری پێویستە، هەروەها كە لە كوردستان كلیپم تۆمار كرد، نزیكەی دە مانگی بەسەرچوو، ئینجا پێیان وتووم كە كلیپەكان تێكچوون و پێویستە دووبارە تۆماریان بكەینەوە. بە گشتی 17-18 هەزار دۆلارم لە پێنج كلیپ خەرج كردووە، كەچی تا ئێستا سێ لەو كلیپانە چارەنووسیان دیار نییە.
• لە چ تەمەنێكدا دەستت بە گۆرانیوتن كرد؟
- هەر لە منداڵییەوە حەزم لە گۆرانی و موزیك بوو، بەڵام زۆرم ئاوارەیی بینیوە، سەرەتا هاتمە باشووری كوردستان، دواتر ناچار رووم لە توركیا كرد، ئینجا لە كەنەدا گیرسامەوە، لێرەش لە رووی هونەرییەوە ژیانم زۆر سەخت بوو، چونكە زمانم بە تەواوی نەدەزانی، موزیسیان و هونەرمەندی كوردی لێ نەبوو، بەم شێوەیە دەركەوتنم دواكەوت و لە نكاوڕا هەستم كرد خەریكە پیر دەبم و بەجێ دەمێنم، بۆیە ناچار بڕیارم دا كە دەبێ گۆرانی بڵێم و تا چوار گۆرانیم وت، تووشی دەیان ئاستەنگ و گرفت بوومەتەوە.
• ئەی لە ئامێرە موزیكییەكان چ شارەزاییەكت هەیە؟
- نەخێر، بەو شێوەیە نییە كە شایەنی باسكردن بێت، لە نۆتەدا تا راددەیەك باشم و بە وتەی ئەو موزیسیانانەی كارم لەگەڵدا كردوون، كەسیان نەبینیوە لە تەمەنی مندا ئاوا زوو فێرە نۆتەی موزیك بێت.
* سروود و گۆرانییەكانی هەورامی لە باشوور و رۆژئاوای كوردستان چ جیاوازییەكیان هەیە؟
-زۆربەی سروودەكان حزبە سیاسییەكان دایانناوە و بە دیدگای خۆیانەوە كارەكەیان كردووە و بە ئاشكرا رەنگی داوەتەوە، ئەگینا لە مەسەلەی زمان و هونەردا هیچ جیاوازییەكیان نییە. من خۆم كە هەورامیم بە سۆرانیش گۆرانیم وتووە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئافرەتی گۆرانیبێژی هەورامی كەمە، بۆیە هەورامییەكان داوام لێدەكەن تەنیا بە هەورامی گۆرانی بڵێم، هەروەها هەست دەكەم قوڕگی من زیاتر بۆ گۆرانیی هەورامی باشترە لە سۆرانی.
* بۆچی كچانی هەورامی ژمارەیان زۆر كەمە لە بواری هونەریدا؟
- ئەوەی راستی بێت، زۆر كچی دەنگخۆش لە هەوراماندا هەن، بەڵام بە هۆكاری كۆمەڵایەتی و كەمیی ناوەندی ئەكادیمیا لە دەڤەرەكە وایكردووە، كچ لە دەڤەری هەورامان كەمتر دەربكەوێت، بەڵام خۆشبەختانە ناوبەناو هەنگاو و هەوڵ هەیە بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە هونەرییە لە دەنگی ژناندا، من لێرەوە داوا لەو كچە هەورامییانە دەكەم كە دەنگیان خۆشە، با بێنە نێو بواری هونەری و هەمیشە خۆیان بە دابونەریتەوە نەبەستنەوە.
* سەرەڕای دواكەوتنت لە كاری هونەری، پێتوایە بتوانی جێپەنجەی خۆت لەنێو هونەری كوردیدا بكەیتەوە؟
- من لە ماوەی دوو ساڵدا هەشت گۆرانیم وتووە و بە كلیپ تۆمارم كردووە، ئەمە بۆ هەر هونەرمەندێكی دیكە كارێكی ئاسان نییە. بەردەواميش دەبم و دەستی لێ هەڵناگرم. تاكە گرفت ئەگەر بێتە سەر رێگام و ببێتە ئاستەنگ لە بەردەمم، تەنیا نەبوونی پارەیە بۆ بەردەوامبوون، چونكە من ئاواتم زۆرە و یەكێك لەو ئاواتانە ئەوەیە كە بێمەوە لە كوردستان بژیم بۆ ئەوەی نزیك بم لە وڵاتەكەم و لە هونەرمەندان. هەروەها تەنیا لە تۆماركردنی چەند خولەكێكی گۆرانی پێویستی بە 1500 تا 2000 دۆلار هەیە، زۆر حەزم كردووە گۆرانی (سیاچەمانە) لە كەنەدا بڵێم، بەڵام كەسێك نەبووە تەنانەت وێنەشم بۆ بگرێت، ئەمانەش هەموویان بەربەستن لەسەر رێگام، بۆیە هیوادارم ئەو دەرفەتەم بۆ بڕەخسێ بە یەكجاری بگەڕێمەوە بۆ كوردستان، وەكو هونەرمەندانی دیكە هاوكاری بكرێم بۆ ئەوەی درێژە بە كاری هونەری خۆم بدەم.

Top