ئارنۆڵد بە شێوازێكی دیكە دەگەڕێتەوە

ئارنۆڵد بە شێوازێكی دیكە دەگەڕێتەوە
ترمیناتۆر یەكێك بوو لەو فیلمانەی كە بووە هۆی درەوشانەوەی (ئارنۆڵد شوارزنیگەر)ـى ئەستێرەی جیهانی سینەما. بەشی يەكەمی فیلمەكە بەر لە نزیكەی سی ساڵ پێشكەش كرا، دواتر بەشی دووەمیشی هات، بەڵام بەهۆی سەرقاڵبوونی ئارنۆڵد بە چەند كارێكی دیكەی سینەماییەوە و دواتر رووكردنە بواری سیاسەت و بوونی بە حاكمی ویلایەتی كالیفۆرنیا، ئەو دەرفەتەی نەبوو كە بەشێكی دیكەی ئەو زنجیرە فیلمە پێشكەش بكات.
دوای چەندین ساڵ ئێستا بەشێكی دیكەی فیلمەكەی ئامادەیە و نمایشكراوە و ئاڕنۆڵد هەوڵێكی زۆر دەدات كە سەركەوتنێكی بەرچاو بەدەست بهێنێت، بۆ ئەم مەبەستەش سەردانی چەند وڵاتێكی كردووە بۆ ئەوەی پروپاگەندەی بۆ بكات. لەو میانەدا هەفتەی رابردوو بەشداریی كرد لە هەفتەی پایسكل كە لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا ئەنجامدرا و لە شەقامەكانی دەبینرا.
لەم بارەیەوە ماڵپەڕی (لابازیریان)ی فەرەنسی رایگەیاند: ئارنۆڵد زۆر حەز لە لێخوڕینی پایسكل دەكات، بۆیە هەر كاتێك لە ئەوروپا بێت، ئەو دەرفەتە دەقۆزێتەوە و زۆرترین كاتەكانی بە پایسكل بەسەر دەبات، بەتایبەتی كاتێك لە فەرەنسا دەبێت، هەفتەی رابردووش بە یاوەریی خۆشەویستەكەی دوای جیابوونەوەی لەگەڵ ماریا شریڤەری هاوسەری پێشووی كە ماوەی 25 ساڵ پێكەوەژیان، لەكاتی لێخوڕینی پایسكل بينرا.
Top