لەنجە عەلی:هونەر زۆر تەنیای كردووم ئەمەش باری سەختتر كردووم

لەنجە عەلی:هونەر زۆر تەنیای كردووم ئەمەش باری سەختتر كردووم
لەنجە عەلی یەكێكە لەو هونەرمەندانەی كە ستایلێكی تایبەتی خۆی هەیە و زیاتر گۆرانییە فۆلكلۆرییەكانی هونەرمەندان دەڵێتەوە، بەتایبەتی گۆرانییەكانی محەمەدی ماملێ و عەلی مەردان، لە دیمانەیەكیشیدا لەگەڵ گوڵان باسی لە چۆنیەتی هەڵبژاردنی ئەو ستایلە كرد و لە دیمانەیەكدا ئەو كارانەشی خستەڕوو كە بەم دواییە ئەنجامی داون. ئەمەش دەقەكەیەتی:



* ستایلی تۆ تایبەتە، چۆن بوو ئەو ستایلەت هەڵبژارد؟ ئایا هەڵبژاردنی حەزی خۆت بوو بۆ ئەم ستایلە، یاخود گونجانی دەنگت بوو؟
- هەر هونەرمەندێك حەز دەكات بە ستایلێك دەركەوێت كە بزانێت نزیكە لە دەنگ و ئەدای خۆی و حەز بەو ستایلە بكات، سەرەتا كە دەستم پێكرد هەستم كرد ئەم ستایلە لە من نزیكە ئەویش زیاتر ستایلی گۆرانییە فۆلكلۆرییەكانە.
• ئەو ستایلە زیاتر پێویستی بە بوونی گرووپ هەیە، ئەمە بۆ تۆ زەحمەت نەبوو؟
- بە دڵنیاییەوە كاری هونەری هەمووی قورسە گۆرانی وتن بەو ستایلە بۆ من ئێستاش هەر زەحمەتە، چونكە پێویستی بە ئامێری رۆژهەڵاتی و ژەنیاری باش هەیە و تا راددەیەكی زۆریش تایبەتن، ژیانی من لە ئەوروپا كارەكانی قورستر كردووە، بەڵام ئەوە حەز و هەستی منە بۆ گۆرانی و هونەری كوردی بۆیە هەوڵمداوە بەسەر ئەم سەختیانەدا زاڵ بم.
* ئێستا تۆ بە ستایلی تایبەتی خۆت ناسراوی، ئایا پێشتر جگە لەو ستایلە گۆرانیت وتووە؟ ئەگەر گۆرانییەكت بۆ رێككەوت و بەو ستایلە نەبوو، دەیڵێی؟
- نەخێر، تا ئێستا بە هیچ شێوازێكی دیكە گۆرانیم نەوتووە و بەنیاز نیم لە داهاتووشدا شێواز و ستایلی خۆم بگۆڕم، چونكە هونەری گۆرانیی وتن شتێكی تایبەتە و ستایل گۆڕین كارێكی ئاسان نییە و حەز دەكەم ئەوەش بۆ هەموو لایەك روون بكەمەوە كە هونەرمەند ناتوانێت ئەمڕۆ لە پۆپ كار بكات و سبەی كارێكی فۆلكلۆری ئەنجام بدات و پێچەوانەكەشی هەر راستە.
* نوێكردنەوە و دووبارە وتنەوەی گۆرانیی هونەرمەندە نەمرەكان بە چ پێوەرێك هەڵدەبژێری؟
- سەرەتا پشت بە هەستی خۆم دەبەستم، هەر گۆرانییەك هەڵبژێرم پێویستە لەگەڵ هەست و نەست و ئەزموونی خۆمدا رەنگ بداتەوە بۆ نموونە گۆرانیی (هەواری خاڵی) ئەزموون و بیرەوەرییەكی زۆرم هەیە لەگەڵی، هەر هەندێك گۆرانی هەیە پێویستە بیانپارێزین و پاراستنیش هەر ئەوە نییە لە شوێنێك هەڵیگرین بۆ ئەوەی نەفەوتێ پێویستە بە شێوازی نوێ و بە دەم وچاو و دەنگ و هەستی نوێ كاریان لەسەر بكەین، پەیامی من پاراستنیانە و ئەگەر زۆر باشیش ئەنجامیان نەدەین لانی كەم مافی ئەو گۆرانییە نەخۆین و بە نەوەی ئێستا و نەوەی داهاتووشی بگەیەنین بۆ ئەوەی بە زیندوویی بمێننەوە.
* لە هەڵبژاردنیان كێ هاوكاریت دەكات؟
- هەمیشە یەكەم كەس خۆمم كە بڕیار دەدەم لەسەر ئەو گۆرانییەی دەیڵێم و دووبارەی دەكەمەوە كە بزانم لەگەڵ من زیاتر دەگونجێ و دڵنیا بم لەوەی دەتوانم بە باشی بیڵێم و تێیدا سەركەوتوو دەبم و هەندێك جار كەسانی تریش هاوكاریم دەكەن بۆ نموونە و لە بوونی گۆرانییەك ئاگادارم دەكەنەوە كە نزیك بێت لە دەنگ و ستایلی من و میلۆدی باشی بۆ نەكرابێت دوای گوێگرتن بڕیاری لەسەر دەدەین، بەڵام بڕیاری كۆتایی بۆ خۆمە.
*ئەی لە گۆرانییە نویێەكان كێ هاوكاریت دەكات؟
- ئەوەی راستی بێت من ئێستا دەستمكردووە بە دانانی ئاواز بۆ خۆم، پێشتر گرووپی (لوڕ) و كەسانی تریش تا راددەیەك یارمەتییان داوم، بەڵام هەوڵ دەدەم لە داهاتوودا زیاتر پشت بە ئاوازەكانی خۆم ببەستم.
* پێوەندییەكی بەهێز لەنێوان لەنجە و هونەرمەندانی نەمر (محەمەدی ماملێ و عەلی مەردان) هەیە، چ شتێك لەم دوو هونەرمەندە زیاتر سەرنجی راكێشای و خۆت لە كامیان نزیكتر دەبینیەوە؟
- شتێكی حاشاهەڵنەگر هەیە كە نكۆڵی لێناكرێ، ئەویش ئەوەیە كە ئەم دوو هونەرمەندە بە دوو پایە و كۆڵەگەی هەرە گرنگی هونەری كوردی دادەنرێن، لە بواری مقاماتەوە من بە تەحەدداوە دەیڵێم كە ئەوەی هونەرمەند عەلی مەردان كردوویەتی، هیچ هونەرمەندێكی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە نەتەوەكانی تریش نەیتوانیوە بیكەن. مامۆستا محەمەدی ماملێ بە شێوەیەكی جیاوازتر كۆڵەگەی مێلۆدی كوردییە و ئەوەندە كاری لە مێلۆدی كوردی كردووە، كە زۆر كەم مێلۆدی فۆلكلۆر و كلاسیك هەیە كە شوێن پەنجەی ماملێی پێوە دیار نەبێت، لە هەموو ئەمانەش گرنگتر، ماملێ تا بڵێی مرۆڤێكی نەتەوەپەروەر و نیشتمانپەروەر و خاكپەروەر و خاوەن هەستێكی بێ وێنەی نەتەوایەتی بوو، رەنگە ئەم لایەنەی ماملێ زیاتر كاریگەریی لەسەر من جێهێشتبێت و هەمیشە ئەستێرەیەكی دیار و درەوشاوەیە لە كارەكانی مندا و بەردەوام شتی نوێی لێ فێر دەبم، بۆیە من تا راددەیەك زیاتر لە هونەری ماملێوە نزیكترم.
* زۆر لە هونەرمەندان باس لەوە دەكەن كە یەكێك لە كارە هونەرییەكانیان یان چەند كارێكیان گوزارشت لە ژیانی تایبەتی خۆیان دەكات، هیچ لە گۆرانییەكانت باس لە ژیانی تایبەتی تۆ دەكەن یان رەنگدانەوەی ژیانی تۆ بێت؟
- هیچ لە گۆرانییەكانم نییە كە رەنگدانەوەی ژیانی خۆم نەبێت، هەموو گۆرانییەكی من مەبەستێكی تایبەتی لە پشتەوە هەیە، هەست و نەست و بیرەوەری جوان و ناخۆشی تێدایە، بۆیە دەڵێم هەموو گۆرانییەكانم سەد دەر سەد گوزارشت لە هەست و نەستی من دەكەن.
* بەڵام كامەیان زیاتر تەواو رەنگدانەوەی ژیانی تۆ بووە و ویستووتە چ پەیامێك لە رێگەی ئەم گۆرانییەوە بگەیەنی؟
- هەواری خاڵی، بەڵام زۆر سەختە بۆ من ئێستا پێتان بڵێم پەیامی من چی بووە لە پەنای ئەو گۆرانییە، خودی تێكستی گۆرانییەكە كە مامۆستا هێمن موكریانی دایڕشتووە، مانای زۆری هەیە و دەكرێ بەشێكی ژیانی من هەمیشە (هەواری خاڵی) بووبێت.
* ژیانی هەندەران و هاوسەرێتی و كاری هونەری ئەمانە هەموویان بە یەكەوە باری ژیانیان سەخت نەكردووی؟
- بێگومان زۆر زۆر سەختە بۆ كەسێك كە سەرقاڵی هونەر نەبێت، رەنگە ژیانی زۆر باشتر لە من بگوزەرێت، جگە لەوە كە هونەر دنیایەك جوانی بە من بەخشیوە و هەر هیچ نەبێت توانیومە لە رێگەی دەنگمەوە گوزارشت لە هەست و ناخی خۆم و تا راددەیەك نەتەوەكەشم بكەم، بەڵام سەرەڕای ئەمانە هونەر زۆر تەنیای كردووم ئەم تەنیاییەش بۆخۆی سەختییەكە.
* لەبەر بارودۆخی تایبەتی ئێستای كوردستان زۆربەی هونەرمەندان كارەكانی خۆیان راگرتووە، یان تەنیا سروود و گۆرانی نیشتمانییان بڵاوكردەوە، بۆچی تۆ لەو كاتەدا خەریكی بڵاوكردنەوەی بەرهەمی نوێی؟
- ئەو كارە بە رێكەوت نەبووە، بەڵكو بە مەبەستەوە ئەو كارەم كردووە، دواجار كە گەڕامەوە كۆنسێرتێكم ئەنجامدا كە داهاتەكەی بۆ ئاوارەكانی شنگال بوو، كە توانیم بڕە پارەیەكی باش كۆبكەمەوە. زۆربەی هونەرمەندان خەریكی سروودوتن بوون، هەستم كرد بەهۆی ئەو بارودۆخە تایبەتەی كوردستانەوە هونەری كوردی بەرەو كزی دەڕوات و دوژمنانی كوردیش بە هێرشەكانیان مەبەستیانە كەلتووری ئێمە لاواز بكەن و خۆشییەكانمان لێ تاڵ بكەن، منیش بەو بەرهەمانەی پێشكەشم كردوون مەبەستم ئەوە بووە رێگە نەدەین ئەم پەردە رەشە دامانپۆشێ و بۆیان بسەلمێنین كە ئێمە هەین، ئەگەر رۆژانە سەدان شەهیدیش بكەینە قوربانی ئەم خاكە كۆڵ نادەین، ئەوان چیدەكەن، با بیكەن، ئێمەش خەریكی هونەر و كەلتووری خۆمان دەبین كە ناسنامەی ئێمەیە.

Top