سەلیم مودەریسی بە(هەزار مێرد) توندوتیژی دژ بە ئافرەتان دەخاتەڕوو

سەلیم مودەریسی بە(هەزار مێرد) توندوتیژی دژ بە ئافرەتان دەخاتەڕوو
زۆر فیلمی درێژ و كورت و زنجیرە دراما دەربارەی تووندوتیژی خێزانی بەرهەمهێنراون، هەروەها فیستیڤاڵی تایبەتیش بۆ ئەم مەبەستە ساز كراون بە ئامانجی رێگەگرتن لەو دیاردە نەگریسە و خەڵاتی جیهانیشیان بەدەستهێناوە.
سەلیم مودەریسی كە دەرهێنەرێكی رۆژهەڵاتی دانیشتووی وڵاتی كەنەدایە ئێستا خەریكی فیلمێكی نوێیە بە ناوی (هەزار مێرد) كە ئەم كێشەی كوشتنی ئافرەتان بە شێوازێكی جیاواز دەخاتەڕوو.





سەلیم لە دایكبووی شاری پیرانشاری کوردستانی ڕۆژهەڵاتە. لە ساڵی ٢٠٠٦ ەوە لە كەنەدا دەژی و لە ساڵی ٢٠١١ کۆلێژی NEW WAVE PRODUCTION شاری تۆرنتۆ تەواو کردووە. لەو کاتەوە دەستیکردووە بە دەرهێنانی کورتە فیلم و نووسینی چەند سینیاریۆ بۆ فیلمی درێژ.
دەربارەی فیلمی هەزار مێرد دەڵێ: فیلمی سینەمایی هەزارمێرد گێڕانەوەی یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە کە توندوتیژییە دژی ئافرەت و کوشتنی مرۆڤە لە سەر شەرەف. وپێموایە تەنیا ئافرەت قوربانی ئەم كێشەیە نییە بەڵكو رەگەزی نێریش بەشێوازی جۆراجۆر قوربانیی ئەم كێشەیەیە.
سەبارەت بە جیاوازی ئەم فیلمە لەگەڵ فیلمەكانی تر كە لەم رووەوە بەرهەمهێنراون سەلیم دەڵێ:
ئەو کێشە لە سەرەتای مێژووەوە هەبووە و ئێستاش بەردەوامە. بۆ ئامادەكردنی ئەو كەشوهەوا مێژووییە پێویست بوو سوود لە هەموو تایبەتمەندییەكان سەردەمی پێشوو وەربگرین و جلوبەرگ یەکێکە لە سەرەكیترین ئەو شتانەی كە پێویست بوو پشتگوێی نەخەین و گرنگییەكی زۆری پێ بدەین ڕاستە جلوبەرگی کوردی تایبەتمەندێتی خۆی هەیە كە كورد پێی ناسراوە، بەڵام لە هەمان كاتدا بە درێژایی مێژوو گۆڕانكاریی بەسەردا هاتوو. پێشتر چەند فیلمی مێژوویی کوردیم دیبوون کە جلوبەرگەکانیان هی ئێستا بوون. و لەبەر ئەوەی حەزم دەكرد لە رووی جلوبەرگەوە مۆركێكی مێژوویی پێوە بێت و نەبێت شتێكی دووبارە وەك ئەوەی ئێستا هەیە هەوڵمدا تایبەتمەندییەكی پێ ببەخشم ئەمەش كارەكەی من زۆر زەحمەتتر كرد .
مودەریسی كوشتنی ئافرەتان و بوونیان بە قوربانی دابونەریتە كۆمەڵایەتییەكان بە هۆكاری سەرەكی دانانی ئەم بیرۆكەیە دەزانێت و دەڵێ: هەزارمێرد واتە خانی هەزارمێرد، لەبارەی بیرۆكەی فیلمەكەش، ئێمە ڕۆژانە گوێبیستی هەواڵی کوژرانی ئافرەتان دەبین بە هۆی ئەو کێشەیەوە و تەنیا لەبەر ئەوەی پابەندین بە دابونەریتی كۆمەڵایەتی دواكەوتوو و زۆر جار وەكو مرۆڤ سەیری ئافرەت ناكرێ كە هەمان مافی پیاوی هەیە.
هەر فیلمێكی بەتایبەتی ئەگەر لەو جۆرە بابەتانە بێت كە (هەزار مێرد) دەیخاتە روو ئامانج و پەیامی تایبەتی هەیە و دەیەوێ بە كۆمەڵگای بگەیەنێت، لەم بارەیەوە سەلیم دەڵێ: ئێمە چیرۆکێک دەگێڕینەوە. هەوڵمان داوە بێلایەنانە کێشەکە شی بکەینەوە. بینەر دەتوانێ خوێندنەوەی خۆی هەبێ، هەزارمێرد هەوڵ دەدا سەرنجی بینەری بیانی بۆ وڵاتێک ڕابکێشێ کە مێژوو و کەلتوور، جلوبەرگ و مووزیکی تایبەت بە خۆی هەیە، تەنانەت هەڵسوکەوتی مرۆڤەکانیشی تایبەت بەخۆیەتی.، بەڵام وڵاتێكە ئێستاشی لەگەڵدا بێ لە سەر نەخشەی دنیا وەك دەوڵەتێك بوونی نییە.
لە سیناریۆ و دەرهێنانی هەزارمێرد دا هەوڵ دراوە چیرۆکێکی کوردی بە شێوازە ستانداردەکانی سینەمای جیهانی بگێڕدرێتەوە. ڕەنگە ئەوە وا بکا کە جگە لە بینەری کورد، بینەرانی بیانیش چێژی لێوەرگرن و پەیوەندی لەگەڵ بەرقەرار بکەن.
لەبارەی شێوازی كاركردن لەم فیلمەدا سەلیم دەڵێ لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا لە هەموو بوارە هونەرییەکان لە سینەما ڕا بگرە تا ڕۆمان و موزیک، وێڕای پاراستنی ئاستی هونەری، حیساب بۆ ئەوە دەکرێ کە بینەر چێژ لە بەرهەمەکە وەرگرێ. چونکە ئەوە بینەرە کە بەو پارەیەی کە دەیدا و بەو کاتەی کە بۆ بینینی تەرخانی دەکا، هەزارمێرد هەوڵی داوە ئەوە ڕەچاو کردبێ، کە ئەم ڕوانگەیەش بۆ سینەمای کوردی شتێکی نوێیە ئێمە تەئکیدمان لە سەر سینەمایەک هەیە کە مافی بینەر دەپارێزێ. یانی لە هەموو تەکنیکەکە باوەکانی سینەما کەڵک وەردەگرێ بۆ ئەوەی بینەر ڕازی بکا. کارەکتەری بەهێز، یانی کەسێک کە زیاتر ئەهلی کردەوەیە تا قسە، دیالۆگی کەم و خۆماڵی
لە بارەی جیاوازی ئەم كارەش لەگەڵ كارەكانی پێشووی دەڵێ: هەر کارێکی هونەری تایبەتمەندیی خۆی هەیە و ئەوەش وا دەکا کە بەراوردکردنیان سەخت بێ. پێموایە یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی هەزارمێرد لەوەدایە کە هەوڵی داوە مافی بینەر بپارێزێ.

Top