شیبا ئیسماعیل:هەر كارێكی هونەری خزمەت بە پێشمەرگە بكات، ئامادەم خۆبەخشانە بەشداری تیادا بكەم

شیبا ئیسماعیل:هەر كارێكی هونەری خزمەت بە پێشمەرگە بكات، ئامادەم خۆبەخشانە بەشداری تیادا بكەم
پەیمانگا و كۆلێژەكانی هونەرە جوانەكان لە هەموو بوارە هونەرییەكان هەمیشە شوێنی پێگەیاندنی هونەرمەندی بەتوانا و بەهرەدار بوون. هەروەها زۆر لە خاوەن بەهرەكان توانیویانە لە رێگای ئەم كۆلێژ و پەیمانگایانە زیاتر توانا و بەهرەكانی خۆیان پێش بخەن و جگە لە دەرخستنی تواناكانیان لە رووی ئەكادیمیشەوە زیاتر خۆیان پێگەیاندووە و زادەی بیری خۆیان دەوڵەمەندتر كردووە بە زانیاری و زانستی هونەری و هەر یەكەو لە ژانری خۆی. شیبا ئیسماعیل كچە ئەكتەرێكی بەتوانایە و دەرچووی بەشی شانۆی پەیمانگای هونەرە جوانەكانی سلێمانییە، بەهرە و تواناكانی دەرفەتیان بۆی رەخساندووە لە چەندین درامادا بەشداری بكات و رۆڵی بەرچاوی هەبێت، لە دەرفەتێكدا شیبا وەڵامی چەند پرسیارێكی داینەوە.

شیبا پێیوایە ئەم بارودۆخەی ئێستا هەرێمی كوردستانی پێداتێپەڕ دەبێت لە قەیرانی ئابووری و شەڕی داعش، هۆكارێك بووە بۆ كەم بوونی كاری هونەری بەتایبەتی نواندن، چونكە سەرەڕای ئەوەی لە چەند زنجیرە درامایەك بەشداری كردووە، ماوەیەكە لە نواندن دووركەوتۆتەوە و رووی لە كاری دۆبلاژ كردووە، لەم بارەیەوە دەڵێ: ئەگەرچی من دەرچووی بەشی شانۆم، بەڵام لە ساڵی 2007ـەوە كاری دۆب دەكەم و تا ئێستا بەشداریم لە چەندین كاری جیاجیا كردووە بە دەنگ وەك دۆبلێر تەنانەت لە زنجیرە كارتوونییەكانیشدا بەشداریم كردووە.
سەبارەت بە فەرامۆشكردن و دووركەوتنەوەی لە كاری نواندن لە پێناو دۆبدا دەڵێ: من بە هیچ شێوەیەك كاری نواندن و بەشداریكردنم لە دراماكاندا پشتگوێ نەخستووە لە پێناو دۆبدا و تەنیا لە ماوەی ساڵی 2014 لە نواندن دووركەوتوومەتەوە، ئەمەش مانای وانییە كە وازم لە نواندن هێنابێت، چونكە هۆكارەكەی بۆ ئەو بارودۆخەی تایبەتەی كوردستان دەگەڕێتەوە، ئەمەش وایكردووە كاری هونەری كەم بێتەوە.
سەبارەت بە هەڵبژاردنی دەنگ لە زنجیرە دراما دۆبلاژكراوەكاندا شیبا دەڵێ: هەڵبژاردنی هەر دەنگێك چەند پێوەر و مەرجی تایبەتی هەیە، بەڵام گرنگترینی ئەو مەرجانە بریتییە لە دەنگ و كاریگەرییەكانی، پێویستە دەنگی ئەو كەسەی دۆبلێرە كاریگەرییەكی زۆری لەسەر جەماوەر هەبێت. من پێموایە هەر كەسێك لە گفتوگۆدا سەركەوتوو بێت، دەتوانێت ببێت بە دۆبلێر، بەڵام بە جوانی ئەداكردنی دەنگەكە و چۆنیەتی دەربڕینی هەستەكان لە كاتی ئەداكردنی دەنگەكە زۆر گرنگن، هەر ئەوەشە كە توانایی كەسانی شیاو بۆ دۆبلێر دیاری دەكات.
شیبا وای دەبینێت كە بینەری كورد بە دوای شتێكدا دەگەڕێت كە لێ تێبگات و دەڵێت: تێگەیشتن لە كارە هونەرییەكان بۆ جەماوەر زۆر گرنگە تاكو رووی تێبكات، بەداخەوە ئێستا خەڵكی ئێمەوە وەكو پێویست لە كارە هونەرییە كوردییەكان ناگات، هەر ئەمەشە وایكردووە كە بەردەوام پەرۆشن بۆ بینینی كارێكی دۆبلاژكراو، جا هی هەر نەتەوەیەك بێت، لە كاتێكدا ئەم پەرۆشییەیان نییە بۆ كارە كوردییەكان.
زۆر جار باس لە كاریگەرییەكانی ئەم زنجیرە دۆبلاژكراوانە لەسەر كۆمەڵگەی كوردی دەكرێت، گوایە كاریگەرییەكی نێگەتیڤی هەیە و لەگەڵ دابونەریتەكانی كۆمەڵگەی كوردی ناگونجێت، لەم بارەیەوە شیبا دەڵێ: ئەم كاریگەرییە نێگەتیڤەی باس دەكرێت رێژەییە و مەرج نییە بە تەواوی راست بێت، چونكە لە زنجیرە دۆبلاژكراوەكانیشدا وەك فیلم و هەر كارێكی دیكەی نواندنە كاری باش و خراپ هەیە كە رەنگە گونجاو نەبێت بۆ كۆمەڵگای ئێمە، یان چینێكی دیاریكراوە، بەڵام خۆشبەختانە ئێستا خەڵك ئەوەندە وشیارە كە جیایان بكاتەوە، هەروەها كەناڵەكانیش پێش دەستپێكردنی پەخشی زنجیرەكان بینەران ئاگادار دەكەنەوە لە هەبوونی هەندێك دیمەن وەكو جەنگ و توندوتیژی كە پێویستە منداڵان نەیبینن بەمەش دەتوانرێ هەندێك لەو كاریگەرییە خراپانە كەم بكرێتەوە ئەگەر هەبێت.
سەبارەت بەوەی زیاتر حەز لە كاری نواندن دەكات، یان دۆبلێر شیبا دەڵێ: من دەرچووی بەشی شانۆ واتە نواندنم و خۆم بە عاشقی نواندن دەزانم، هەر لەبەر ئەو هۆیەش بووە كە رووم لەو بەشە كردووە، بۆیە نواندن بۆ من بە كاری سەرەكی دێت و خۆشەویستیم زیاتر بۆ كاری نواندنە، لەو كارانەی كە لە بواری نواندن رۆڵم تێیدا بینیوە لە هیچیان پەشیمان نیم، چونكە هەر یەكیان بۆ من وانەیەك بووە كە شتێكی نوێی لێ فێربووم.
لە كۆتاییشدا سەبارەت بە خەونەكانی دەڵێ: سەرەڕای ئەوەی خەون بەوەوە دەبینم كە لەو بوارەدا زیاتر پێش بكەوم، بەڵام وەك هەر تاكێكی كورد خەونی سەرەكیی من سەربەستی و ئازادیی تەواوی كوردستانە، هەروەها لێرەوە حەز دەكەم پەیامی خۆم ئاڕاستەی برا پێشمەرگەكانم بكەم و پێیان بڵێم پەنا بە خوای گەورە و پشتیوان بە گەلی كوردستان ئێوە سەركەوتوو دەبن، میللەتی كوردستان هەمووی قەرزداری ئێوەیە، پێویستە ئێمە هەر یەكە لە شوێنی خۆی و بە گوێرەی توانای خۆی پشتیوانی و پاڵپشتی لە پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان بكات كە ئەمڕۆ شێر ئاسا بەرگری لە خاكی كوردستان دەكەن و بەرامبەر بە دوژمنێكی خوێنڕێژی سەرسەخت وەستاونەتەوە. منیش بەڵێن دەدەم هەر كارێكی هونەری خزمەت بە پێشمەرگە بكات، ئامادەم خۆبەخشانە بەشداری تیادا بكەم.


Top