لەیلا رەشیدی:كارەكانمان گوزارشت لە كۆمەڵگە و دابونەریتی كوردستان دەكات

لەیلا رەشیدی:كارەكانمان گوزارشت لە كۆمەڵگە و دابونەریتی كوردستان دەكات
هونەری شێوەكاری تەنیا كێشانی تابلۆیەك نییە لە چوارچێوەیەك و نمایشكردنی لە پیشانگایەك یان فرۆشتنی، ئێستا بوارەكانی بەردەم هونەرمەندانی شێوەكار زۆر فراوانتر بوون و هونەرمەندان بە زۆر شێوە دەتوانن گوزارشت بكەن. شەقام و شۆستە وشوێنە گشتییەكان بوونەتە پیشانگایەكی هەمیشەیی بۆ شێوەكاران تاكو بەهرە و توانا هونەرییەكانی خۆیانیان تێدا دەربخەن، لە هەمان كاتدا سیمایەكی جوانتر بە شار دەبەخشن و لە جیاتی دیوارێكی كۆنكریتی، خەڵك چاوی بە تابلۆی جوان و سەرنجڕاكێش دەكەوێت، ئەوەی تێبینی دەكرێت، ئێستا لە بەشێكی زۆری شوێنە گشتییەكانی هەولێر دیوارەكان بە تابلۆی جوان و سەرنجڕاكێش رازاوەتەوە و سیمایەكی جوانی بەو شوێنانە بەخشیوە كە تابلۆكانیان لەسەر نەخشێندراوە. لەیلا رەشیدی ئەو خانمە هونەرمەندەیە كە خۆی و هاوسەرەكەی بەشێكی زۆری دیوارەكانی هەولێریان نەخشاندووە، لەم دیمانەیەشدا لەگەڵ گوڵان باس لە چەند لایەنێكی تایبەت بەو هونەرە دەكات.





• بیرۆكەی نەخشاندنی دیواری شوێنە گشتییەكان بە تابلۆی هونەری چۆن هاتۆتەئاراوە؟
- من دەرچووی بەشی شێوەكاریم لە تاران و بەر لەوەی بێم بۆ كوردستان لە تاران و چەند شارێكی دیكەی ئێران ئەم كارەم ئەنجامداوە. بیرۆكەی ئەو كارە نوێ نییە رەنگە بۆ ئێمەی رۆژهەڵاتی تا راددەیەك نوێ بێت، بەڵام لە ئەوروپا ئێستا نەخشاندنی دیواری شوێنە گشتییەكان تەنانەت شەقام و شۆستەكانیش مێژوویەكی كۆنی هەیە و بە بەردەوام پەرەی پێ دەدرێت، ئەگەر سەیر بكەین زۆر جار دەبینین لە شەقامە گشتییەكانی ئەوروپا بە دەیان هونەرمەندی شێوەكاری گەنج هەڵدەستن بە نەخشاندنی شەقامەكان و هەوڵی پێشخستنی كاری خۆیان دەدەن، جاران رەنگە تەنیا چەند تابلۆیەكی ئاساییان بكێشایە كە خۆیان حەزیان لێی بوو، بەڵام ئێستا ئەم كارە پەرەی پێدراوە و لە زۆر شوێن تابلۆی سێ رەهەندی دەبینرێ بەشێوازی زۆر جوان وسەرنجڕاكێش، ئەم كارەش ئاسۆی لەبەردەم شێوەكاران كردەوە بۆ دەرخستنی بەهرەكانیان.
• وەك شێوەكارێك ئەمە چ سوودێكی بۆ ئێوە هەیە؟
- بێگومان لە زۆر رووەوە سوودی هەیە لەوانە لەرووی ئابووری، لە وڵاتە رۆژهەڵاتییەكان شێوەكاری وەك ژانرە هونەرییەكانی دیكە نییە و زیاتر وەكو حەز بووە، بە دەگمەن شێوەكار هەبوون كە تابلۆكانیان بفرۆشن، یان ئەگەر كڕیاریشیان هەبووایە ئەوا زۆر دەگمەن و نرخەكەشی رەمزی بوو، شێوەكاران بەهۆی حەزی خۆیانەوە ساڵانە پێشانگایەك، یان چەند پێشانگایەكیان دەكردەوە و زۆر بە دەگمەن تابلۆكانیان دەفرۆشرا و ناچار بوون تابلۆكانیان هەڵگرن، واتە شێوەكاری تەنیا حەز بوو و هۆكارێك نەبوو بۆ پەیداكردنی بژێوی ژیان، بەڵام ئێستا تا راددەیەك گۆڕاوە، چونكە شێوەكاران لە بەرامبەر ئەو تابلۆیانە پارە وەردەگرن، ئەمەش دەرفەتێكی باشیان بۆ دەڕەخسێنێ بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی حەز دەربچێت و جۆرێك لە ركابەریش لە نێوان شێوەكاران درووست دەكات، هەروەها دیمەنی دیوارە وشك و كۆنكریتییەكان بۆ دیمەنێكی جوان دەگۆڕێت كە مرۆڤ تەنیا بە سەیركردنی دڵی بكرێتەوە.
• ئێوە لە تارانەوە هاتوون و كەلتووری كوردەواری تایبەتمەندیی خۆی هەیە. ئایا ئەو تابلۆیانەی دەیكێشن بە ویست و حەزی خۆتانە، یان لایەنە پێوەندیدارەكان بۆتانی دیاری دەكەن؟
- نەخێر، بۆمان دیاری دەكەن كە چ جۆرە تابلۆیەك بێت، یان گوزارشت لە چ شتێكی دیاریكراوە بكات كە بۆ كۆمەڵگەی كوردی گرنگ بێت و لە هەمان كاتدا نامۆ نەبێت، ئێمەش چەند نموونەیەكیان پێشكەش دەكەین بۆ ئەوەی هەڵیبژێرن و دەست دەكەین بە كێشانی تابلۆكان و ئەو كارانەی لە كوردستان ئەنجاممان داون هەر هەموویان گوزارشت بوون لە تایبەتمەندییەكانی كۆمەڵگەی كوردستانی وەك تابلۆی منداڵان و دیمەنە سروشتییەكانی كوردستان و بۆنە و شایی و هەڵپەڕكێی كوردەواری، ئەمە جگە لەوەی كە هەندێك شوێن هەیە تابلۆكان گشتین، وەك شوێنی یاریكردنی منداڵان كە تابلۆكانی گوزارشت لە ژیان و پێداویستییەكانی منداڵان دەكات.
• واتە كارەكانتان زیاتر بۆ بۆنە و تایبەتمەندییەكانی كۆمەڵگەی كوردستانییە؟
- مەرج نییە تەنیا ئەوە بێت، چونكە ئێمە زۆر جار تابلۆی سێ رەهەندیمان كێشاوە، بەتایبەتی لەو شوێنانەی كە دیواری گەورە و دوور و درێژیان هەیە بۆ ئەوەی خەڵك تووشی بێزاری نەبێت لە بینینی دیوارێكی كۆنكریتی وەك ئەوەی لە نەخۆشخانەی لە دایكبوون و منداڵانی هەولێر كردوومانە.
• كارەكانتان تەنیا پەیوەستە بە شوێنە گشتییەكانەوە؟
- نەخێر، چونكە جگە لە شوێنە گشتییەكان، ئێمە كاری ماڵانیش دەكەین بەتایبەتی ئەو كەسانەی خانووی نوێ درووست دەكەن بەپێی ویست و ئارەزووی خۆیان تابلۆكانیان بۆ دەكێشین كە زیاتر تابلۆی سێ رەهەندین، هەروەها زۆر تابلۆ و شێوەی هونەری جوان هەیە ئێمە لەسەر شووشە، یان بەرد دەیكێشین.
• كێ زیاتر لەم كارە هاندەر و یارمەتیدەرت بووە ؟
- من و هاوسەرەكەم كە ئەویش دەرچووی بەشی شێوەكارییە چەند ساڵێكە خەریكی ئەو كارەین و بەر لە دەستپێكردنی هەر تابلۆیەك ئێمە لە نێوان خۆمان راوێژ دەكەین و هەریەكمان بیرۆكە و ئایدیای خۆی دەخاتەڕوو تا لەسەر باشترین و جوانترینیان رێكدەكەوین، ئەو تابلۆیانەی كێشاومانە لە هەولێر و بەر لەوەی بێین بۆ هەولێر تەنیا من و ئەو بووین گشت كارەكانمان ئەنجامداوە و ئێستاش بە نیازین بۆ هەمان مەبەست سەردانی ئەستەنبول و ئەنقەرە بكەین.
• چ جیاوازییەك لە نێوان ئەو كارەی ئێوە لە هەولێر و لە تاران هەیە؟
- ئەوەی راستی بێت لە ئێران بەگشتی و تاران بەتایبەتی هونەری شێوەكاری لە هەموو روویەكەوە پێشكەوتنی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، بۆ نموونە بە هەزاران هونەرمەندی شێوەكار هەیە كە بەردەوامن لەسەر كاری خۆیان و گرنگییەكی زۆریشی پێدەدەن، خەڵك بە چاوی رێزەوە سەیری هونەری شێوەكاری و هونەرمەندانی دەكات، هەروەها لە رووی پەیداكردنی بژێوی ژیانیش بۆ هونەرمەندانی شێوەكاری بوار زیاتر رەخساوە، ئەمەش رەنگە پێوەندی بە ئابووری ئێرانەوە هەبێت بەتایبەتی لە پیشەسازی درووستكردنی مافوور كە ئێران لەم رووەوە ناوبانگێكی باشی هەیە و بەردەوام لە بەرەو پێشچووندایە، ئەم پیشەیەش پێویستی بە هونەر و تابلۆ هەیە كە بەردەوام لە گۆڕانكاریدایە، لە هەموویشی گرنگتر بە لای منەوە رێز و تێگەیشتنی خەڵكە لە گرنگی هونەری شێوەكاری كە هیچی كەمتر نییە لە بەشەكانی دیكەی هونەر وەك نواندن و مۆسیقا، بەڵام ئەوەی راستی بێت لە كوردستان هەستمان بەو خۆشەویستییە نەكرد لەلایەن خەڵكەوە بۆ هونەری شێوەكاری كە گرنگترین خاڵە بە لای منەوە.
• لەو تابلۆیانەی لە هەولێر كێشاوتانە هیچ رەخنەیەكتان لێ نەگیراوە؟
- وەك رەخنە بە ئاشكرا كەس رەخنەی لێمان نەگرتووە، بەتایبەتی لەو تابلۆیانەی كە گوزارشت لە كۆمەڵگەی كوردستانی دەكەن، زۆر جار تێبینی هەبووە لەسەر تابلۆیەك ئەویش زیاتر بۆ دەوڵەمەندكردنی بووە و ئێمە سوودێكی زۆرمان لەو رەخنانە وەرگرتووە.





Top