ئەنجلینا: پێویستە جیهان دژی توندوتیژی بوەستێتەوە

ئەنجلینا: پێویستە جیهان دژی توندوتیژی بوەستێتەوە
خانمە ئەكتەری ناوداری جیهانی و نێردەی تایبەتی كۆمیسیۆنی سامی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری پەنابەران ئەنجلینا جولی داوای لە یەكێتیی ئەفریقیا كرد بۆ رێگە گرتن و وەستاندنی توندوتیژی دژی مێینە كاری زیاتر بكات.
لە كۆنفرانسێكدا بە ناوی (ئاشتی و ئاسایش و ئافرەت) كە لە شاری جۆهانسبێرگی ئەفریقیای باشوور ئەنجامدرا و تایبەت بوو بە یەكێتیی ئەفریقیا ئەنجلینا جولی لە بارەی توندوتیژی دژ بە مێینە وتی: ئێستا زۆر لەو كەسانەی كە هیچ بەهایەكی مرۆڤایەتییان نەماوە دەستدرێژیی دەكەنە سەر منداڵ و ئافرەتان، بۆیە پێویستە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی كە توندوتیژی سێكسی و دەستدرێژیكردنی سێكسی وەك یەك تاوان سەیر بكات، چونكە ئەم جۆرە تاوانانە لەم سەردەمەی ئێستادا قبوڵ ناكرێن.
ئەنجلینا هەر بەم بۆنەیەوە داوای لە یەكێتیی ئەفریقیا و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و سەركردە و رێكخراوە مەدەنییەكان كرد كە هەوڵەكانیان یەك بخەن دژی تاوانەكانی دەستدرێژیی سێكسی و ئاماژەی بەوەش كرد كە وڵاتانی ئەفریقیا زیاتر لە هەموویان زیانیان پێدەكەوێت لە ئەنجامی بەردەوام بوونی ئەو تاوانانە.
ئەم داوایە ئەنجلینا لەبەردەم زیاتر لە 200 سەركردە و دیبلۆماتی ئەفریقی و جیهانی بەشداربووی ئەو كۆنفرانسە هات كە لە جۆهانسبێرگ ساز كرا كە بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ كێشەی توندوتیژی و دەستدرێژی سێكسی ساز كرابوو.
Top