شلێر قەدیمی:تابلۆكانم خۆش دەوێ وەك سۆزی دایك بۆ منداڵەكانی
شلێر لە وێنەكێشاندا شێوازێكی تایبەت بە خۆی هەیە. وەك خۆی باسیكرد، پتر لە 12 ساڵە لە سەر ئەو شێوازەی خۆی كاردەكات. باسی ئەوەش دەكات كە كورد رەنگی تایبەت بە خۆیان لە جیهانی وێنەكێشاندا هەیە. هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: ئەگەر كەسێكی شارەزا سەیری رەنگی وێنەكان بكات، دەزانێت من زیاتر رەنگی كوردیم بەكار هێناوە.
شلێر سەرەڕای دەست و پەنجەی رەنگین و زەوق و سەلیقەی لە هەڵبژاردنی رەنگەكان و جگە لە دەرخستنی خەونەكانی منداڵ و ئافرەتان و كێشە و ئاریشەكانیان و بەرجەستەكردنی (بێدەسەڵاتكردنی ژن لە لایەن پیاوانەوە)، بایەخێكی زۆریشی بە پێكەوەژیان و لێبوردەیی كورد و جەژن و بۆنە نەتەوەییەكانی كورد داوە. ئاگر و نەورۆز و رەشبەڵەك لە تابلۆكانیدا رەنگی داوەتەوە. گەرچی تابلۆكانی زۆر جار لە پێشانگەكان فرۆشتووە و نرخی لەسەر داناوە، بەڵام جەخت لەوە دەكاتەوە كە تەنیا (تابلۆی دایك) نرخی لەسەر دانەناوە، لە بەر ئەوەی ئامادە نییە بە هیچ نرخێك بیفرۆشێت. هەر لەوبارەیەوە دەڵێت: من هەموو تابلۆكانم خۆش دەوێ، وەك سۆزی دایك بۆ منداڵەكانی كە هیچ جیاوازییەكیان بۆی نییە، هەر گەورەیی دایكیشە وایكردووە من ئامادە نیم یەكێك لە تابلۆكانم كە ناوی (تابلۆی دایك)ـە بە هیچ نرخێك بیفرۆشم.
لە یەكێك لە تابلۆكانی ئەو خانمە هونەرمەندە، ئافرەتێك بە جلوبەرگی كوردی، بەڵام بێدەست و باڵ لە ناو هەمەڕەنگییەكی كۆمەڵایەتیدا دەردەكەوێت، كە هێمایەكە بۆ بێدەسەڵاتی و چەوساوەیی ئافرەت لە كۆمەڵگەی كوردیدا. شلێر لەو بارەیەوە دەڵێت: بێدەسەڵاتی و بێدەسەڵاتكردنی ژن و پێشێلكردنی مافەكانیان شتێكی زەقە لە دنیای ئەمڕۆماندا، ئەوەش كە زۆر جێی نیگەرانییە ئەوەیە كە خانمان خۆیانیش كەمتر هەوڵیان داوە بۆ ئەوەی لەو دۆخە نالەبارە خۆیان رزگار بكەن. بێگومان تا ژنان
خۆیان هەوڵ نەدەن، هیچ شتێك لە هاوكێشەی لاسەنگی نەریتسالاری و پیاوسالاری
ناگۆڕێت.
سەبارەت بە توانای ئافرەتیش لە بواری هونەری وتی: كچان هەستیان ناسكترە، زۆر بە وردی لە سەر خێزان بیر دەكەنەوە، گەورەترین هێزیان دایكایەتی و پەروەردەی نەوەكانی دواڕۆژە، لە شیعر و مۆسیقا و وێنەكێشانیش هیچیان لە پیاوان كەمتر نییە و بگرە زۆر بەهرەمەندترن، بە مەرجێك رێگرییان لێ نەكەن. بۆ نموونە خانەوادەی من هەمیشە پشتیوان و هاندەرم بوون و لەم بواری خوێندن و تێكەڵبوون بە جیهانی هونەریش هەمیشە مایەی پشتگەرمی و بەردامبوونم بوون.
سەبارەت بە فرۆشی تابلۆكانی و چۆنیەتی پێشوازیی خەڵكی هەولێر لە بەرهەمەكانی لەو پیشانگەیەی گەلەری شانەدەر وتی: نرخی تابلۆكانم لە پیشانگەكانی دیكەم، دوو تا سێ هەزار دۆلار بووە، بەڵام لە بەر ئەوەی یەكەم جارە دێمە باشووری كوردستان و خەڵكی ئێرە زۆر خۆشەویستن بۆم، نرخی زۆر كەمم لە سەر تابلۆكانم داناوە و لە 200 دۆلار تێنەپەڕیوە، كەسیش كڕیاری نەبوو. ئەوەش بە لامەوە زۆر جێی نیگەرانی نییە، بەڵام بەوە زۆر خەمبار بووم كە مامۆستا و قوتابییەكانی پەیمانگە و زانكۆ لە بەشی هونەر و وێنەكێشان سەردانیان نەكرد. هەروەها بینەران زۆربەیان هەموو تابلۆكانیان لە چەند چركەدا سەیر دەكرد و كەمتر كەسێكم بینی لە سەر تابلۆكان بوەستێت، یان بیری لێ بكاتەوە بۆ ئەوەی بزانێت ئەو تابلۆیە هەڵگری چ پەیامێكە.
شلێر پێیوایە هونەر و كەلتوور سامانی گەورەی هەر نەتەوەیەكە و لە كار و بەرهەمەكانی خۆیشیدا بایەخێكی زۆری بە هێما نەتەوەیی و كەلتوورییەكانی كورد و جل و بەرگی كوردی داوە. لەگەڵ ئەوەشدا پێیوایە هونەر نابێت بخرێتە خزمەت سیاسەت و نابێت هونەرمەند خۆی بە حزبێك، یان بە دەسەڵاتێكەوە ببەستێتەوە. لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە ئایا لە ئێران كۆسپ و بەربەست بۆ كارەكانی دروست ناكرێت، كە هەڵگری پەیامی نەتەوەیی و كەلتووری كوردیین. وتی: نەخێر، ئێمە كاری سیاسی ناكەین و تەنیا فەرهەنگ و كەلتوور و رەسەنییەتی نەتەوەییمان بەرجەستە دەكەین، ئازادانەش ئەوانە لە تابلۆكان دەنەخشێنین و لە پێشانگەكانی ئێرانیش نمایش دەكرێن، واتە لەو بوارەدا رێگری ناكەن.
شلێر قەدیمی لە كۆتایی قسەكانیدا سپاسی بەڕێوەبەری گەلەری شانەدەری كرد و وتی: بەڕێز كاك هاوكار رسكن هاوكاری زۆری كردم، ئەركی دابینكردنی شوێن و رێكلامی لە ئەستۆ گرت. بەڕێزیان رۆحێكی هونەرپەروەریان هەیە و هیوادارم نموونەیان زۆر بێت، بۆ ئەوەی بتوانین خزمەتی زیاتر بە كەلتوور و هونەری كوردیمان بكەین.