سونجول سەردانی پزیشكی دەروونی دەكات

سونجول سەردانی پزیشكی دەروونی دەكات
كاتێك خانمە ئەكتەری توركی سونجول لە نۆرینگەی پزیشكێكی دەروونی لە ناوچەی ئەرنائۆت كوی دەهاتە خوارەوە، وێنەگرانی باباراتزی چەند وێنەیەكیان گرت و چەند پرسیارێكیان ئاڕاستە كرد، بەڵام ئەو زۆر بە پەلە خۆی گەیاندە ئۆتۆمبێلەكەی و ئامادە نەبوو وەڵامی پرسیاری كەس بداتەوە.
رۆژنامەنووسان هەوڵیاندا هۆكاری سەردانی ئەو پزیشكە دەروونییە بزانن، چونكە ماوەیەكە بە چەند گرفتێكدا تێپەڕ دەبێت لە بواری خێزانی و كاركردنیشەوە، بەتایبەتی دوای ونبوونی بۆ ماوەیەكی زۆر و گەڕانەوەی لە زنجیرە درامایەكی نوێ كە لە كاتی وێنەگرتنیدا گشت كامێرا سەرەكییەكانیان دزران و ناچار بوون بۆ ماوەیەك وێنەگرتن رابگرن، لەلایەكی دیكەوە سونجول نوێنەرایەتیی وڵاتەكەی كرد لە هەڵمەتێكی پڕوپاگەندەی گەشتیاری بەتایبەتی بۆ شاری ئەستەنبول كە لە دوبەی ئەنجامدرا و لەم بارەیەوە خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بۆ نوێنەرایەتی كردنی توركیا.
لەو زنجیرە نویێەدا سونجول رۆڵی ئافرەتێكی بێوەژنی گەنج دەبینێت كە زۆر دڵسۆزە بۆ هاوسەرەكەی و ئامادە نییە جارێكی دیكە ژیانی هاوسەری پێك بهێنێتەوە، بەڵام لە كۆتاییدا بۆی دەردەكەوێت كە ژیانی هەمووی درۆ و خیانەت بوو و هاوسەرەكەی پەیوەندیی لەگەڵ ئافرەتێكی دیكەدا هەبووە و خاوەن منداڵیشە، بۆیە ئەم رووداوانە ژیانی بە تەواوی دەگۆڕن و رووبەڕووی چەند گرفتێكی كۆمەڵایەتیی دەكەنەوە.
Top