ئیلهام خەون بە درامای توركییەوە دەبینێت

ئیلهام خەون بە درامای توركییەوە دەبینێت
هەرچەندە خۆی یەكێكە لە پاڵەوانە بەردەوامەكانی زنجیرە دراماكانی كەنداو، بەڵام خانمە ئەكتەری ناوداری كوێتی ئیلهام ئەلفەزاڵە ئاشكرای كرد كە زۆر سەرسامە و خەون بە زنجیرە دراما توركییەكانەوە دەبینێت و زۆر جار ئەوەی لە ژیانیدا پێویستی پێیەتی لە زنجیرەیەكدا دەیدۆزێتەوە.
ئەم لێدوانەی ئیلهام بووە مایەی رەخنە و سەرسامیی زۆر لە ئەكتەرە عەرەبەكان بەتایبەتی ئەكتەرانی وڵاتانی كەنداو، چونكە زۆربەیان بە توندی دژی نمایشكردنی زنجیرە دۆبلاژكراوە توركی و بیانییەكانن، بەڵام ئیلهام زیاتر دەربارەی ئەم زنجیرە درامانە وتی: زنجیرە توركییەكان لە ئاستێكی بەرزی هونەریدان، زنجیرەكان دەگەنە سەدان ئەڵقە، بەمەش لە یەك زنجیرە هەموو شتێكی ژیانت پێدەدات، هەموو ئەكتەرەكانی پیشەگەرن و چیرۆكەكانیشی زۆر واقعین، وێنەگرتنەكەشی جیاوازە.
ئیلهام هیوای خواست كە دەرفەتی بۆ بڕەخسێت بۆ ئەوەی لە زنجیرەیەكی توركیدا بەشداری بكات و هەر لەو بارەیەوە وتی: زۆر هاوڕێم لە توركیا هەیە و ئەگەر دەرفەتم بۆ بڕەخسێت بۆ بەشداریكردن لە هەر زنجیرەیەكی توركی كە پەیامێكی روونی هەبێت و خزمەت بە كاروانی هونەریی خۆم و هونەر بە گشتی بكات، ئەوا دوودڵ نابم لە بەشداریكردن
ئیلهام ئەوەشی روونكردەوە كە ئێستا سەرقاڵی فێربوونی زمانی توركییە، ئەمەش ئاماژەیەكی روونە بۆ ئەوەی كە بە نیازە لە زنجیرە درامایەكی توركیدا بەشداری بكات.
Top