هادی مەحمود (عەریف حەمە تاڵ):هونەرمەند ناتوانێت لە رێگای هونەرەوە بژێوی ژیانی دابین بكات
هادی مەحمود لە دیمانەیەكدا باس لەوە دەكات كە سەرەڕای بلیمەتی و توانایی، بەڵام لە رۆڵێكی دیاریكراودا سەركەوتن بەدەست دەهێنێت و لەم بارەیەوە دەڵێت: من یەكێكم لەو هونەرمەندانەی كە خۆشەویستیم بۆ هونەر بێ سنوورە و بەشداریم لە زۆر كاری هونەریدا كردووە، بەڵام لە دوای بەشداریكردنم لە زنجیرە درامای (گەردەلوول) زیاتر ناسرام. دەتوانم بڵێم دوای ئەوەی سیناریست و دەرهێنەر جەلیل زەنگەنە رۆڵی عەریف حەمەتاڵی پێ سپاردم، دەرگاكان لە بەردەمم زیاتر كرانەوە، چونكە ئەوەی سەیری زنجیرەكەی كردبێت، بێگومان كەسایەتیی (حەمە تاڵ) كاریگەریی تێكردووە و دەیناسێت، ئەو كارە درامییانەی كە بەشداریم تیادا كردووە هێندەی زنجیرە درامای گەردەلوول لەلای خەڵك نەیناساندووم. بەشداریكردنیشم لەو زنجیرەیە بەو شێوەیە بوو كاتێك مامۆستا جەلیل هەستی بەوە كرد كە من دەتوانم رۆڵی (حەمە تاڵ) ببینم و ئەوەی ئەو دەیویست لەو رۆڵەدا دەیزانی من دەتوانم بە باشی بیبینم ئەو رۆڵەی بە من سپارد و دوای ئەنجامدانی تێست لە نزیكەوە منی بینی متمانەی زیاتری خۆی پێ بەخشیم و ئیدی ئەو رۆڵە بە من سپێردرا.
كاركردن لەگەڵ هونەرمەندە بەئەزموونەكان و ئەوانەی چەندین ساڵە لە بواری نواندن كار دەكەن، وا لە هونەرمەند دەكات كە زیاتر خۆی ماندوو بكات و سوود لە ئەزموون و شارەزاییان وەربگرێت. لەم بارەیەوە هادی مەحمود دەڵێ: بێگومان كاركردن لەگەڵ هونەرمەندە بە ئەزموونەكان مایەی شانازییە و وا لە هونەرمەندان دەكات متمانەی زیاتریان بە خۆیان هەبێت، من هەست بە ئارامی و لە هەمان كاتدا هەست بە شانازی دەكەم
كە لەگەڵ كەسانێكی بەئەزموون لە بواری كۆمیدیادا كار دەكەم، چونكە من زیاتر تایبەتمەندیی كۆمیدیام تێدایە و خۆم تێیدا زیاتر دەدۆزمەوە، دیارە كاركردن لەگەڵ هونەرمەندە بەئەزموونەكان وام لێدەكات هەست بە شانازی و خۆشحاڵیی بكەم.
هادی سەركەوتنی هونەرمەندێك لە یەكەم كاریدا و بەشداریكردنی شان بە شانی لەگەڵ هونەرمەندە ناسراو و بەئەزموونەكان بە كارێكی زەحمەت دەزانێت و هەر لەو بارەیەوە دەڵێ: دەركەوتنی هونەرمەند لە یەك كاردا زۆر بەدەگمەنە وبگرە زۆر زەحمەتیشە هونەرمەند هەبێت كە بتوانێت لەناكاو لە یەك كاردا زۆر بە زەقی دەربكەوێت و سەركەوتنیش بەدەست بهێنێت لە هەمان كاتدا لە لایەن جەماوەریشەوە بناسرێت، بەڵام لەو رووە من خۆم بە بەختەوەر دەزانم و هەست دەكەم ئەمە بۆ من چانسێك بوو.
لە وەڵامی پرسیارێك دەربارەی ئەوەی ئایا كۆمیدیا زیاتر بووە هۆی دەركەوتن و ناسینی، یان زنجیرەی (گەردەلول) و رۆڵی حەمە تاڵ، هونەرمەند هادی مەحمود پێیوایە هیچ شتێك لە خۆڕا دەرناكەوێت و دەڵێ : لە ژیاندا هەموو شتێك بە تاقیكردنەوە دەردەكەوێت و روون دەبێتەوە بۆ منیش بە هەمان شێوەیە بوو، چونكە من لەڕێی عەریف حەمەتاڵەوە دەركەوتم و ناسرام و وەك وتم ئەو رۆڵە منی زیاتر بە جەماوەر ناساند و ئەگەر لەو زنجیرەیە هەر رۆڵێكی دیكەم پێ بسپێردرابا مەرج نییە وەكو حەمە تاڵ دەركەوتایە و تەنانەت ئەو سەركەوتنەشی بەدەست هێنابا.
لە بارەی ئامانجی لە رووكردنە بواری هونەری نواندن و كاریگەریی لە سەر ژیانی ئەو كەسانەی روو لەم بوارە دەكەن و ئایا لە هیچ كارێكدا بەشداری كردووە دواتر پەشیمان بووبێتەوە، هادی مەحمود دەڵێ: ئێستا شێوەی ژیان گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، ئەوەی لە ساڵانی هەشتاكان و نەوەدەكانی سەدەی رابردوو هونەرمەندان لە پێناو هونەرەكەی خۆیان ئەنجامیان دەدا، رەنگە ئێستا نەتوانن ئەمە دووبارە بكەنەوە، چونكە ئەو كات هونەر بۆ بژێوی نەبوو، زیاتر حەز بوو، هەروەها بە ئەركێكی نیشتمانی و نەتەوەیی دەزانرا، كەس چاوی لەوە نەبوو لە رێگەی هونەرەوە بژی، بەڵام ئێستاش وەكو دەبینین هونەر نەبۆتە سەرچاوەی ژیان ئەگەرچی هونەرمەند دەتوانێت بەشێكی زۆر كەمی بژێوی ژیانی لە رێگەی هونەرەوە دابین بكات، بۆ نموونە بەشداری لە زنجیرە درامایەكدا دەكەیت كە جگە لە بڕە پارەیەكی كەم هیچی دیكە وەرناگریت و كاتێك زنجیرە دراماكەش پەخش كرا، ئیتر كەس ئاوڕت لێ ناداتەوە. من خۆم لە زۆربەی كارەكاندا بە گرێبەست كارم كردووە، ئەو كارانەی بەشداریم تیێدا كردووە، هەمان بە حەز و ویستی خۆم بووە، بۆیە تا ئێستا لە هیچ كارێكی هونەریدا پەشیمان نیم كە رۆڵم تێیدا بینیبێت.
لە بارەی جیاوازیی نواندن لە شانۆ و درامادا هادی مەحمود پێیوایە هەر هونەرمەندێك لە بوارێكدا دەتوانێت سەركەوتوو بێت، هاوكات دەڵێ: بە حوكمی ئەوەی زیاتر بەشداریم لە درامادا كردووە، ئەزموونم لە بواری شانۆدا نییە، لە شانۆدا وەك دراما سەركەوتوو نابم و لە لایەن جەماوەریشەوە بەو شێوەیەی ئێستا ناسراو نەدەبووم.
لە بارەی دوایین كاری هونەری خۆیشی هونەرمەند هادی مەحمود دەڵێ: ئێستا سەرقاڵی زنجیرە درامایەكم كە لە (30) ئەڵقە پێكدێت بە ناوی خەندە و بزەیە و لە دەرهێنانی هونەرمەند بەكر رەشیدـە و بەرهەمی كەناڵی (كوردماكس)ـە و ژمارەیەك هونەرمەندی بەئەزموونی هەولێر و سلێمانی تیایدا بەشدارن و وا بڕیارە بۆ مانگی رەمەزان پەخش بكرێت.