قادر ئەسعەد:ئێمە هێشتا لە قۆناغی سەرەتایی وتنی سروودین
*نزیكەی ساڵێك دەبێت كوردستان رووبەڕووی هێرشێكی دڕندە بۆتەوە، هونەرمەند و بەناو هونەرمەندان هەر یەكیان لە لای خۆیەوە دەستی دایە سروود وتن، بۆچی قادر ئەسعەد دواكەوت؟
- هەندێک جار زیاتر بیرکردنەوەی قووڵ و دروست بۆ بە ئەنجامگەیاندنی پرۆژەیەک پێویستە لەوەی کارێک بکەی پەلەی پێوە دیار بێت و پەشیمانی لە دواوە بێت، کاری هونەری سروودیش بۆ خاک و نیشتمان کارێکی هێندە ئاسان نییە، تاکو بتوانی لە شەو و رۆژێکدا ئەنجامی بدەی. بەتایبەتی بۆ کەسانی خاوەن ئەزموون لە گۆرانی و موزیک، لەگەڵ ئەوەشدا توانیم دوو بەرهەم بە شێوەیەکی تایبەت پێشکەش بکەم، کە بەرهەمی یەکەمم تایبەت بوو بە شەهید ئەو بەرهەمەشم لێدانی دەرگای زاکیرەیە لە جینۆسایدی گەلێک و قڕکردنی نەتەوەیەک.
• سروود لە زۆر رووەوە جیاوازە لە گۆرانیی ئاسایی، ئەو سروودانەی وتران تا چەند مەرجەكانی سروودیان تێدایە؟
- من بۆخۆم بۆچوونی تایبەتیم هەیە لەسەر وتنی سروود و پێموایە سروود وتن دەبێت بە شێوەی کۆمەڵ بێت. مەبەستم کۆڕاڵی گەورە کۆمەڵێک دەنگبێژی باش سروودەکە بڵێن، ئەو کاتە لەڕووی گەیاندن و پێکانی مەبەستەکە زۆر باشتر دەبێت. هەروەها تێکستە شیعری شیاو و کاریگەر، ئاوازێکی ریتمی سروودی تایبەت و وێنەی تایبەتی پێویستە. سروودیش لق و پۆپی خۆی لێ دەبێتەوە بۆنموونە: سروود بۆ جوانى و سروشتی نیشتمان، سروود بۆ بەرگريکردن لە خاک و نیشتمان، سروود بۆ شکۆی پێشمەرگە، سروود بۆ شەهید، سروود بۆ هەڵمەتبردن لە کاتی شەڕدا، سروود بۆ ئامادەکردنی سایکۆلۆجیەتی سەرباز و پێشمەرگە پێش جەنگ و شەڕ، سروود لە سەردەمی شۆڕش و خەباتی نهێنی و... تاد. زۆر پێویستە هونەرمەند ئەوانە بە گشتی لێک جیابکاتەوە، کە من پێم وایە زۆربەی زۆری هونەرمەندانی ئێمە دوورن لە تێگەیشتنی ئەو پۆلێنکردنەی من باسم لێوە کرد و بگرە زانیاریی تەواویان لەم بارەیەوە نییە.
• هەست ناكەی ئەو بێ سەروبەرییەی لە بارودۆخی هونەری كوردیدا هەبوو لە چەند ساڵی رابردوو لە سروودەكانیش دووبارە بۆوە؟
- زۆر ڕاستە، بێسەروبەرییەکی زۆر هەیە، بەڵام ئێمە دەبێت لە هۆكارە سەرەکییەکەی بکۆڵینەوە كە کێشە سەرەکییەکە نەبوونی خەڵکی پسپۆڕ و ئەکادیمییە لەم بوارەدا. دەتوانم بڵێم ئێمە هێشتا لە قۆناغی سەرەتاداین لە هونەری سروود، راستە هەندێک هەوڵی تاک تاکە دراوە لێرە و لەوێ، بەڵام هیچیان ناچنە فۆرمی سروود. لە زۆربەی وڵاتانی جیهان ئەم هەوڵە بۆ سروود زۆر بە ئەکادیمی کراوە چەند ئۆرکست وسیمفۆنیای خراوەتە خزمەتی کە ئێمە تاکو ئێستا خەونی پێوە دەبینین.
• چۆن چەند ساڵە گۆرانی هونەرمەندان دووبارە دەكرایەوە، ئێستا سروودەكانیش دووبارە دەكرێنەوە رات بۆ ئەم دیاردەیە چیيە؟
- بەڵێ، چونکە دیارە هێشتا لەم ڕووەوە بە تەواوی پێنەگەیشتووین و کەموکوڕیمان زۆرە، ئەو هەوڵانەشی كە کەم دەژین، من لێرەدا نموونەیەکی زەق و بەرچاوت بۆ دەهێنمەوە. کورد تاکو ئێستا نەیتوانیوە لەسەر مارشی نەتەوەيی خۆی رێک بکەوێت و بە شێوەیەکی زۆر زانستی مامەڵە لە گەڵ دەق و ئاوازەکە بکات. (ئەی ڕەقیب) مارشی ئێمەیە، بەڵام کوا لە کوێ گوترا و چی بۆ کراوە لە کوێ گوێت لێ دەبێت، کەواتە ئێمە بۆخۆشمان بە گشتی نەمانتوانیوەو نەمانویستووە، یان مەبەستمان نەبووە خزمەت بەو ڕۆڵە گەورەی سروود بکەین.
• ئایا لە سروودەكان وەكو پێویست رەچاوەی یەكڕیزی و گرنگيی تەبایی نێوان كوردان كراوە؟
- نەخێر، چونکە هەوڵەکان زۆر بە پەرتەوازەیی دراون، هەر کەسەو لەلایەن خۆی کاری بۆ کردووە بە بێ گوێدانە پرەنسیپ و مەرجەکانی بنەڕەتی سروود و هەندێکیان هیچ مانا نابەخشن، بەڵکو بە گوێگرتن و پەخشکردنیان مەترسیان دەبێت لە سەر ئاسایشی نەتەوەیی، کەناڵەکانیش بۆخۆیان گرفت و سەرئێشەی زۆریان بۆ نیشتمان دروستکردووە کە جێگەی شەرمەزارین.
• زۆر لە هونەرمەندان كۆنسێرتی خێرخوازی بۆ بنەماڵەی شەهیدان و پێشمەرگە ساز دەكەن، ئەمە وەكو پێویست ئەنجامدراوە؟
- من لە گەڵ کۆنسێرتم لە گەڵ سروودم بۆ پشتگیری و ڕێزلێنانی پێشمەرگە، بەڵام کۆنسێرت بۆ هاوکاری ماددی پێشمەرگە تا ڕادەیەک دەبێت هەڵوەستەی لەسەربکرێت. پێشمەرگە ئەو مرۆڤە گەورەیەی کە خاوەنی گەورەترین هەڵوێستی ئینسانییە، بۆ دەبێت ئێمە وەکو خێر پێکردنێک هەڵسین بۆ کۆنسێرتکردن، پێشمەرگە زۆر لەوە گەورەترە کە بەم شێوەیە مامەڵە لە گەڵ ناوی پیرۆزیدا بکرێت. من ئەو کارە بە سووکایەتی دەزانم نەک هاوکاری، شەرم دامدەگرێت لە وڵاتێک بژیم کە لەسەر دەریایەک سامانی سروشتی بێت، لەو لاو لەولا خەڵک کۆمەک بۆ پێشمەرگە کۆبکاتەوە. ئاخر سنوور پاراستن تەنیا و تەنیا بە خوێن و گیان دەکرێت، کەسانێک ئامادەبن بە خوێن و گیانیان پارێزگاری لە خاک و نیشتمان بکەن، بۆ دەبێت ئێمە وەکو هەرێم نەتوانین گوزەرانی ژیانیان دابین بکەین؟ پرسیارەکە ئەوەیە ئایا هونەرمەند لە وڵاتی خۆماندا دەتوانێت بە هونەرەکەی خۆی بژێت یان ژیاوە تاکو ئێستا؟ ئایا ئێمە ئەو خەڵکەمان هەیە ئامادەگی تێدا بێت بە دەیان هەزاران کەس بێنە کۆنسێرتێک دابنیشن گوێبگرن و گیانی هاوکاریيان تێدا بێت؟ لە وەڵامدا زۆر بوێرانە دەڵێم: نەخێر، هونەرمەندی ئێمە بۆخۆی بارێکی گرانە بە سەر حکومەت و هێشتا نەیتوانیوە باری ئابووری خێزانی، یان تاکی خۆی دابین و مسۆگەر بکات. بۆ بەشی دووەميش دەڵێم: نەخێر، خەڵکی ئێمە تاکو ئێستا خاوەنی ڕۆشنبیری گوێگرتن و بەخشین نین، چ جای ئەمڕۆمان کە خەڵکانێک هەن ماوەی سێ مانگە مووچەيان وەرنەگرتووە تاکو کرێی خانووەکەیان بدەن، كەواتە چۆن دەتواندرێت ئەم هەنگاوانە بهاوێژرێت بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکاری؟ بەڵێ هەوڵی تاکی کەسی بۆ ئەم مەبەستە کرا، دەستخۆشيیان لێدەکەم، ئەگەرچی وەکو باسمكرد من هاوبیر نیم لەگەڵ ئەو کارانە، بەڵام ئاکامەکەی چی بوو؟ دەکرێت پێم بڵێن ئایا ئەوە خەڵک بوو لە کۆتاییدا هاوکاریيەکەی کۆکردەوە؟ بێگومان نەخێر، چونکە پارەی خەڵکەکە تەنیا بەشی هۆتێل و نانخواردن و هاتوچۆ و کرێی هۆڵەکەی نەکرد، سوپاس بۆ ئەو پارەدارانەی وەکو کۆمپانیا لە پشت کۆنسێرتەکە بوون.
• گرنگی ئۆپەرێت بۆ هونەری كوردی لە چیدایە؟
- کام ئۆپەرێت؟ تۆ باسی شتێکم بۆ دەکەیت کە وجوودی نییە لە وڵاتی ئێمە، بگرە هەر گرنگی پێ نادرێت بیر لە دامەزراندنیشی ناکرێتەوە.
*بیرۆكەی (تا چرای ئێمه نهسووتێ) چۆن دروست بوو؟
- ئێمە نەتەوەيەکین بە حوکمی سنووری جوگرافیمان هەمیشە ترسی قڕکردن و جینۆسایدمان لەلایەن ناحەزان و دوژمنانمان لە سەربووە، چی لە ڕابردوو، چی لە هەنووکەمان هەمیشە سەدامەکان بە شێوە و وێنەی جیاواز و لە بەرگ و فۆرمی جیا جیا خەریکی پیلاندانان بوون بۆ سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەکەمان. بەداخەوە ئێمەی کورد بە گشتی بە درێژایی ژیانمان ئاڵوودەی نەخۆشییەکی کوشندەين، ئەویش (لە بیرکردنە) زۆر زوو ئامادەین دوژمنە سەرسەختەکانمان لە بیر بكەين، بەڵام هەرگیز ئامادە نین رقی برایانە لە بیر بکەین. ئەوە نەگبەتییەكی گەورەیە، هەر بۆیەش من لەم کلیپەی ئەمجارەم هەوڵم داوە چەندین جار وێنەی دیکتاتۆر بە شێوازی جیا جیا نیشانی بینەر بدەم و بڵێم سەدامتان لە بیر ماوە لە بیرتان نەچێت، چونکە رووخساری دیکە هەن بە هەمان شێوەی سەدام بیر دەکاتەوە، بەڵام بە وێنە لەو ناچێت. با ئاگاداری یەکڕیزیی ماڵی خۆمان بین، بۆ بیرۆکەی لەگەڵ شاعیری گەورەی گەلەکەمان عەبدوڵڵا پەشێو قسەمان کرد و ئەویش زۆر پێی باش بوو، چونکە ئەم شیعرە بۆ هەموو سەردەمەکان دەگونجێت و کورد هەمیشە لەبەردەم هەڕەشەی قرکردن دەژیت، کە هەر سەردەمەو بە شێوازی جیا و دوژمنی هەمان بیرۆکە، پاش ڕاوێژکردن لەگەڵ بەڕێزیان بڕیارم دا جارێکیتر بەم شێوەیە تۆماری بکەمەوە.