ماریا كاری دەترسێ
ماریا لەم بارەیەوە رایگەیاند: ئەگەرچی من و نیكی میناج بە یەكەوە لە لێژنەی ناوبژیوانی بەرنامەی (American Idol) بووین، بەڵام ناكۆكیی نێوانمان گەیشتە راددەیەكی ترسناك، چونكە بە ئاشكرا هەڕەشەی كوشتنی لێكردم. ماریا زیاتر لەم بارەیەوە وتی: من گۆرانیبێژێكی پیشەگەرم و جوان نییە باسی هەموو شتێك بكەم، بەڵام هەستم بە ترسێكی زۆر كرد، چونكە جوان نییە بۆ ئێمە هەڕەشەی بەم جۆرە لە یەكتری بكەین.
لە لایەكی دیكەوە ماریا رایگەیاند كە ناكۆكییە بەردەوامەكانی لەگەڵ نیك كانونی هاوسەری كە بە جیابوونەوە كۆتایی هات، ئەوانیش ترسێكی زۆریان لای درووست كردبوو، تەنانەت وەك كەسێكی توندوتیژی لێهاتبوو كە متمانەی بە كەس نەمابوو، زۆریش بیری لەوە دەكردەوە چۆن تۆڵە لە كانون بكاتەوە.
شایەنی باسە دوای جیابوونەوە و ئەم ناكۆكییە بەهێزەی نێوانیان بە هاوكاری چەند كەسێكی نزیك لە هەردوو لا پێوەندییەكانیان تا راددەیەكی زۆر هێور بۆتەوە، ئەگەرچی بۆ لای یەكتری نەگەڕاونەتەوە.