دۆتمیر نازێ:سەرەتا باوكم رێگر بوو لەبەردەمم، ئێستاش هانم دەدات بۆ ئەوەی بەردەوام بم
• تێكەڵبوونت بە دنیای گۆرانیوتن، حەز بوو، یان بەهرە؟
-گۆرانیوتن بەر لە هەر شتێك بەهرەیە، من خولیای گۆرانیوتن بووم و خۆشەویستیم بۆ خاك و وڵاتەكەم هاندەرم بوو بۆ ئەوەی گۆرانی بڵێم، بۆ ئەوەی بتوانم لە رێگەی هونەرەوە هەستی خۆم بۆ وڵاتەكەم دەرببڕم، هەرچەندە هەست دەكەم درەنگ بوو هاتمە نێو بواری گۆرانیوتنەوە، بەڵام پێموایە ئەگەر مرۆڤ نییەتی كارێكی هەبێت، زەمەن نابێتە ئاستەنگ لەبەردەمی.
* بۆچی هەست دەكەی درەنگ هاتوویتە نێو بواری هونەر و گۆرانیوتنەوە؟
- دەمێك بوو خولیای گۆرانیوتنم هەبوو، هەروەها كۆمەڵگەی كوردەواریش تا راددەیەك رێگرە لەبەردەم ئافرەتان، ئافرەت تووشی هەندێك ئاستەنگ دەبێتەوە تا بتوانێت هێواش هێواش دەرگاكان بكاتەوە، لە هەمان كاتدا دەبێ بۆ كەسوكار و كۆمەڵگەش بیسەلمێنێت كە كاری هونەری خراپ نییە، بەڵكو كارێكی ئاساییە، ئەمەش بۆ من هەندێك كاتی ویست، بەتایبەتی باوكم كە لە سەرەتادا دوودڵ بوو لەوەی رێگەم پێبدات روو لە هونەر بكەم.
* دیارە لە خانەوادەی ئێوە تەنیا تۆ رووت لە گۆرانیوتن كردووە؟
- نەخێر، باوكم كە رێگر بوو لەوەی گۆرانی بڵێم، خۆی پێش من گۆرانی وتووە و چەند كاسێتی تۆماركراویشی هەیە. كە داپیرم زانیی باوكم رێگرە، پێی وتم خۆیشی گۆرانی وتووە و كاسێتەكانی بۆ ناردم، كە ئەمەم زانی پێم وت: بۆچی تۆ خۆت هونەرمەند بووی و ئێستاش رێگری لە من دەكەی؟ ئیدی لەو كاتەوە ئەویش نەبووە رێگر لەبەردەمم، بەپێچەوانەوە ئێستا باوكم هانم دەدات بۆ ئەوەی بەردەوام بم لە كاری هونەری و لە هەمان كاتدا داوای لێكردم كە درێژە بە خوێندن بدەم و هونەر نەبێتە رێگر لەبەردەم خوێندن و دیاریكردنی دواڕۆژی خۆم.
* كەسی تر هاوكاری كردی؟
- هاندەری هەرە سەرەكیم حەزی خۆم بوو، دواتر پێوەندیم بە مامۆستا (ئەدیب چەلكی)یەوە كرد، ئەویش بە راستی پاڵپشت و هاوكارم بووە و بە پێویستی دەزانم لێرەوە سوپاسی بكەم، چونكە دوای ئەوەی گوێی لە دەنگم بوو ئامادەیی خۆی دەربڕی لەڕووی تێكستەوە هاوكاریم بكات، لەڕووی ماددییەوە كەس هاوكاری نەكردوم، بەڵام لەرووی تێكست ئاواز مامۆستا ئەدیب و كەسانی دیكەش هاویكارییان كردووم.
* لە سەرەتای دەستپێكردنت سوودت لە فۆلكلۆری كوردی وەرگرت؟
- من لە خانەوادەیەكی كورد پەروەر و هونەردۆست گەورە بووم، بۆیە زۆر گوێم لە گۆرانییە كۆنەكان دەگرت، وەك كاوێس ئاغا و شاكرۆ و مریەم خان، ئەمانەش كاریگەرییەكی زۆریان لەسەر من هەبوو. تەنانەت زۆر كەس پێیان دەوتم تۆ لە ئەوروپا گەورە بووی چۆن زانیاریت دەربارەی ئەم هونەرمەندە نەمرانە و گۆرانییەكانیان هەیە.
* چۆن لە نێوان خوێندن و گۆرانیوتن توانیت باڵانسێك درووست بكەی؟
- ئەمە دەگەڕێتەوە سەر خودی كەسەكە، ئەگەر نییەتی هەبێت دەتوانێت كاتەكانی خۆی رێك بخات بە جۆرێك بۆ هەر كارێك كات دابنێت بێ ئەوەی كاریگەرییان لەسەر یەكتر هەبێت، من ئێستا سیدییەكەم ئامادەیە لە خوێندنیش بەرەو قۆناغی زانكۆ هەنگاو دەنێم، هەوڵێكی زۆریشم دا تاكو توانیم بەر لەوەی بچمە زانكۆ سیدییەكەم تەواو بكەم
* سیدییەكەت لە چەند گۆرانی پێكهاتووە؟
- لە یازدە گۆرانی پێكدێت، گۆرانییەكانیش هەموویان نوێن، تەنیا یەك دوو گۆرانی كۆنەم نوێم كردۆتەوە، یەكیان گۆرانی هونەرمەندی نەمر تەحسین تەهای تێدایە (دایێ وەڵات شیرینە)، دووەمیشیان گۆرانییەكی هونەرمەندی نەمر حەسەن زیرەكە.
* گەرچی لە سەرەتای كاروانی هونەریت، بەڵام تێڕوانینت بۆ ئێستای هونەری كوردی چییە؟
- رێز و تەقدیرم هەیە بۆ هونەر و هونەرمەندان، بەڵام هەندێك شت هەیە كە وایان كردووە هونەر بكەوێت، پێموایە ئەمەش پێوەندی بە كۆمەڵگەوە نییە، بەڵكو مخابن هەندێك كەسن وایانكردووە كەسایەتی هونەر و هونەرمەندان نزم بێت و بە شێوەیەكی دیكە و بە گوێرەی بەرژەوەندی خۆیان هونەر بەكاردەهێنن دوور لە هونەر و زۆر جار جلوبەرگ و دەركەوتن بە نیشانەی پێشكەوتن دادەنێن، لە كاتێكدا ئەمە زۆر هەڵەیە و بەپێچەوانەوە ئەمانە دەبنە نموونەیەكی ناشیرین لە هەمان كاتدا دەبێتە هۆی ئەوەی رێگری لە بەردەم ئافرەتە هونەرمەندەكان درووست بێت لەلایەن كۆمەڵگە و خانەوادەكانیان، ئەگینا هەمیشە هونەر لای ئێمە پیرۆز بووە و هەموومان خۆشەویستیمان بۆ هونەر هەبووە.
* دەڵێن زۆر جار ئەوانەی بوونەتە هۆكاری پاشخستنی هونەری لەنێو هونەرمەندانن؟
- وەك پێشتر باسم كرد، كەسانێك هاتوونەتە نێو هونەر كە مەبەستی سەرەكییان هونەر نییە، بەڵكو ئامانجی دیكەیان هەیە و دەیانەوێ بە رێگەی هونەر پێی بگەن، هونەر وەك باخێك وایە كە لە نێو گوڵەكان هەندێك دڕكیش خۆیان شاردۆتەوە.
* ئاواتەكانت لە بواری هونەردا چین؟
- لە ئێستادا خەونی هەرە سەرەكیم بە كۆتایی هاتنی سیدییەكم و بڵاوكردنەوەیەتی، هەروەها لە بەرنامەمدایە چەند كلیپێكیش تۆمار و بڵاو بكەمەوە، من نەهاتوومەتە نێو بواری هونەر بۆ خۆنمایش كردن، یەكێك لە ئاواتەكانم ئەوەیە كچانی ئێمە بێنە نێو بواری هونەری بە شێوەیەكی رێكوپێك كە بتوانن لە رێگەی هونەرەوە خزمەت بە میللەتی خۆمان بكەن، لە هەمان كاتدا پێویستە خۆیان بناسن و شارەزای مێژوو نەتەوەیی خۆیان و چۆنیەتی دابەشبوونی كوردستان بن، هەر ئەمەش بوو وای لە من كرد زیاتر خولیای هونەر بم، كەسانێك هەن هیچ شارەزاییەكیان دەربارەی كورد و مێژووی هونەری كوردی نییە، بەڵكو بە شێوازێكی دیكە هاتوونەتە نێو بواری هونەرەوە، بەداخەوە ئێستا ئەوان رێزیان لە ئێمە زیاترە.
* ئەی خەونەكانت دوور لە هونەر چین؟
- خەونی من ئەوەیە رۆژێك لە رۆژان بە ئازادی بچمە هەموو پارچەكانی كوردستان ئازاد بن و كوردستان گەورە یەك بگرێتەوە، ئێمەش ببینە خاوەن دەوڵەتی خۆمان و ئەو سنوورە دەستكردانە نەمێنن، ئەمە لە هەموو شتێك پیرۆزترە و هیوادارم لە زووترین كاتدا بێتەدی.
* بیرت لە گوتنی سروودێك نەكردۆتەوە؟
- ئێستا كار بۆ سروودی (پێشمەرگە) دەكەم كە تێكست و ئاوازی خۆمە، بە نیازم لە كاتێكی نزیكدا بڵاوی بكەمەوە، چونكە هەموومان قەرزداری پێشمەرگەین و هەرچییەكیان بۆ بكرێ هێشتا كەمە.