روئیا ئیسماعیلیان:كوردانی خوراسان هونەری رەسەنی خۆیان پاراستووە

روئیا ئیسماعیلیان:كوردانی خوراسان هونەری رەسەنی خۆیان پاراستووە
زیاتر لە دوو ملیۆن كورد لە خوراسانی ئێران نیشتەجێ كراون كە لە باكوور و رۆژهەڵاتی كوردستان بۆ ئەو ناوچەیە دوورخراونەتەوە و لە نێو ئەمانە ژمارەیەك هونەرمەندی بەتوانا هەبوون كە توانیویانە هونەری كورد بپارێزن و پەرەی پێ بدەن و نەوە دوای نەوە بۆ یەكتری بگوازنەوە. هەرچەندە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا دووچاری گرفتی زۆر بوونەتەوە. روئیا ئیسماعیلیان یەكێكە لەو ئافرەتانەی كە لە خانەوادەیەكی هونەری ناوچەی خوراسان هاتۆتەدنیاوە، دایك و داپیری پێش خۆی گۆرانیبێژ بوون، ئێستاش كچەكەی گۆرانیبێژە، گوڵان چەند پرسیارێكی ئاڕاستەی ئەو هونەرمەندە كرد و ئەویش بەمشێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.



• ئاشنابوونی ئێوە بە هونەر چۆن بوو؟
بەر لە درووستبوونی كۆماری ئیسلامی لە تەمەنی دە ساڵییەوە دەستم بە گۆرانی وتن كردووە، ماوەی 3-4 ساڵ لە تەلەفزیۆنی ئێران گۆرانی كوردی و فارسیم وتووە، بەڵام زیاتر گۆرانییەكانم كوردی بوون، بە هەمان شێوە لە جەژن و بۆنە نیشتمانی و نەتەوەییەكانیش بە هەردوو زمان گۆرانیم وتووە، دواتر گرووپێكی گۆرانی و موزیكمان دامەزراند تایبەت بۆ گۆرانی كوردی، هەروەها گرووپێكی تایبەتی سەمای كوردیمان هەبوو كە لە 10 كوڕ و 10 كچ پێكهاتبوو، ئەم گرووپەش لە جەژن و بۆنەكاندا سەمای كوردی پێشكەش دەكرد و ساڵانە بەشداریمان لە 4-5 فیستیڤاڵی تایبەت بە سەمادا دەكرد و جگە لە سەماكردن گۆرانیشمان دەوت و شیعری كرمانجیشمان پێشكەش دەكرد، دوای دامەزراندنی كۆماری ئیسلامی سەماكردن بە هەموو شێوەیەك قەدەغە كرا، ئیدی گرووپەكەی ئێمەش كارەكانی وەستێنران وەكو هەموو تیپ و گرووپە هونەرییەكانی دیكە لە سەرتاسەری ئێران، هەروەها رێگە بە ئافرەتان نەدرا بۆ ماوەی زیاتر لە 25 ساڵ گۆرانی بڵێن.
• ئەی دوای ئەو 25 ساڵ هیچ گۆڕانكارییەك روویدا؟
- دوای ساڵانی 2000 بەرەبەرە دەستمان كردەوە بە كاری هونەری، گۆرانی وتن لە نێو خانەوادەی دایكمەوە لە كۆنەوە ماوەتەوە كە دەگاتە نزیكەی 200 ساڵ و زەحمەتە بتوانین لێی داببڕێین، بەڵام لەبەر تێپەڕبوونی تەمەن بۆ من ئەمە ئاسان نەبوو، دوای 25 ساڵ جارێك دیكە بگەڕێمەوە نێو هونەر و گۆرانی بڵێم. بۆیە هەوڵمدا كار لەسەر پێگەیاندنی زیاتری تواناكانی یەڵدای كچم بكەم و ئەو گۆرانییە كۆنانەی كاتی خۆی وتوومە، یان ئەوانەی لە دایك و داپیرم ماونەتەوە دووبارەیان بكەمەوە بۆ یەڵدا، چونكە دایكم كە ئێستا تەمەنی 80 ساڵە دەنگی زۆر خۆشە و لە بارەی گۆرانییەوە زۆری فێر كردووم و سوودی زۆرم لێی بینیوە، هیوادارم دوای ئێمەش یەڵدا و نەوەكانی داهاتوومان بەردەوام بن لەسەر ئەو رێچكەیە و خزمەت بە هونەری كوردی بكەن لە خوراسان و پارچەكانی دیكەی كوردستان.
• چۆن هەستت بە توانا هونەرییەكانی یەڵدا كرد؟
- لە تەمەنی پێنج ساڵی كاتێك یەڵدا لە باخچەی ساوایان بوو، هەستم كرد ئەو كچە خاوەن دەنگێكی خۆشە، بۆیە شانۆگەرییەكی تایبەتی منداڵانم بۆی ئامادە كرد كە بریتی بوو لە خوێندنەوەی شیعرێك لەگەڵ ژەنینی موزیك لەم شانۆگەرییەدا كارەكانی دیكۆر و جلوبەرگیش خۆم درووستم كرد و هەوڵمدا مۆركێكی كوردیی پێوە دیار بێت، ئەمەش وەك سەرەتایەك بوو بۆ یەڵدا و هەر ئەم شانۆگەرییە لەسەر ئاستی شارەكانی ئێران پلەی یەكەمی بەدەستهێنا، هەر لەو كاتەوە بیرم لەوە كردەوە كە پێویستە بە جددی كار لەسەر پەرەپێدانی بەهرەكان یەڵدا بكەم، چونكە پاشەڕۆژێكی پرشنگداری دەبێت.
• ژمارەی كوردان لە خوراسان نزیكەی چەند دەبێت؟
- بە گوێرەی ئامارەكانی حكومەت ژمارەمان لە دوو ملیۆن كەس زیاترە كە بە رەچەڵەك خەڵكی (دەرسیم و ئەرزەڕۆم و دەوروبەری دەریاچەی وان)ـن لەو ناوچانە كۆچ پێكراون بۆ ناوچەی خوراسان ئەو كات نزیكەی 45-60 هەزار خانەوادە بوون.
* چۆن توانیوتانە زمان و كەلتوور و هونەری خۆتان بپارێزن؟ - لە ئاهەنگ و زەماوەندەكان گۆرانی و موزیكمان بە زمانی كوردی بوو، ئەمەش رۆڵێكی باشی هەبوو لە پاراستنی زمان و هونەر و كەلتووری خۆمان بە درێژایی ئەو ماوەیە تا بە ئێستا دەگات، ماوەیەكی زۆر لە نووسین بە زمانی كوردی دابڕا بووین، بەڵام ئێستا نووسین بە زمانی كوردی دووبارە پەیدا دەبێتەوە، هەروەها ئافرەتانمان كە فەرش و جلوبەرگ و كەلوپەلی ماڵەوەیان درووست كردووە هەموویان مۆركی كوردییان پێوە بووە بە جۆرێك وای لێهاتووە جلوبەرگ و كەلوپەلەكانمان لە ناوچەی خوراسان ناسراو بوون، بە شێوەیەكی گشتی سەرەڕای ئەو ئاستەنگانەی لە ماوەی دەیان ساڵی رابردوودا هاتۆتە پێشمان، بەڵام بە هەوڵ و كۆششی هەموو لایەك توانیمانە هونەر و كەلتووری رەسەنی خۆمان بپارێزین و بەردەوامی بین لە پێشخستنی.
* لە نێو كوردی خوراسان نووسەر و هونەرمەندە ناسراوەكانیان كێن؟
- بێگومان نووسەر و شاعیر و هونەرمەندی ناسراو و دیار هەن، عەلی رەزا سپایی، ئیسماعیلی قاسمپوور و كەریموڵڵا تەوەلدی ئەمانە لە نووسەر و شاعیرە هەرە دیارەكانمانن، لە هونەرمەندە دیارەكانیشمان سورابی موحەمەدی و مورادی حەسەنزادە شاعیر و گۆرانیبێژن، لە نێو ئافرەتانیش ژمارەیەك زۆر هەبوون كە هەندێكیان لە ژیان نەماون و هەندێكیان لەبەر ئەوەی ماوەی زیاتر لە 25 ساڵ رێگەیان پێ نەدەدرا گۆرانی بڵێن، ئێستا بەساڵاچوون و توانای گۆرانی وتنیان نەماوە.
* ئەی ئامێرە موزیكییەكان كە بەكاریان هێناوە تایبەت بوون بە كورد یاخود ئامێری موزیكی ئێرانی بوون؟
- لەبەر ئەوەی هونەر و موزیكی ئێمە و موزیكی ئێرانی ئاوێتەی یەكتر بوون، بۆیە ناتوانم بە دڵنیاییەوە بڵێم كامیان كوردییە و كامیان ئێرانییە، بەڵام لای ئێمە بلوێر، دەهۆڵ، دووتار، زوڕنا و كەمانچە ئەمانە ئەو ئامێرە موزیكیانەن كە كوردی خوراسان زیاتر بەكاریان دەهێنن، بە هەمان شێوە فارسیش ئەم ئامێرانە بەكار دەهێنن.
* بۆچی تا ئێستا ئێوە وەك هونەرمەندانی كوردی خوراسان سەردانی باشووری كوردستانتان نەكردووە بۆ ئەوەی بناسرێن و هونەری خۆتان بە كوردانی پارچەكانی دیكە بناسێنن و لە بواری هونەرییەوە پەیوەندیتان هەبێت ؟
- تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت ئێمە لە بواری هونەرییەوە لە خوراسان رووبەڕووی گرفت دەبینەوە جا لە رووی كۆمەڵایەتی بێت، یاخود لە بواری سیاسی كە وەكو پێویست رێگەمان پێ نادرێت، ئەمەش هۆكارێكی سەرەكییە بۆ ئەوەی ئێمە پەیوەندیمان وەكو پێویست نەبێت لەگەڵ باشووری كوردستان لە بواری هونەری و هەموو بوارەكانی دیكەشدا، بەڵام ماوەیەكە هەست بە جۆرێك كرانەوە دەكەین.
* كۆمەڵگەی كوردی لە خوراسان لەبەردەم هاتنی ئافرەت بۆ نێو بواری هونەری رێگر نییە؟
-لە ئێران بە گشتی ئافرەت ئاستەنگی زۆری دێتە پێش بۆ گۆرانیوتن و ئەمەش تەنیا بۆ ئێمە نییە وەكو كورد، بەڵكو بۆ هەموو نەتەوەكانی دیكەش بە هەمان شێوەیە، لە هەندێك بواردا رێگە دراوە بە ئافرەت گۆرانی بڵێ، بۆ نموونە لە گرووپە هونەرییەكان، بەڵام مەرجیان ئەوەیە كە ئەگەر گرووپەكە هەموویشی ئافرەت نەبن، پێویستە زۆربەیان ئافرەت بن، واتە دەبێ ئافرەت لەگەڵ ئافرەتان گۆرانی بڵێ، بەڵام وەكو گوتم ئێستا كۆتەكان تا راددەیەك سووكتر بوون لەسەر ئافرەتان بۆ ئەوەی گۆرانی بڵێن، هەرچەندە ئەمە لە ئاست خواستەكانی ئێمە نییە، چونكە لە ئێران بە هەزاران ئافرەت هەیە كە دەنگیان خۆشە و حەز دەكەن گۆرانی بڵێن، بەڵام لەبەر ئەم هۆیانە و چەند هۆكارێكی دیكە دەرفەتیان نەبووە تواناكانی خۆیان دەربخەن.
* لە فیستیڤاڵەكاندا بە ناوی كوردی خوراسان، یان بە ناوی ئێران بەشداری دەكەن؟
-كە داوەت دەكرێین لە فیستیڤاڵەكاندا زیاتر وەكو گرووپە، واتە بە ناوی گرووپ و تیپە نەك بە ناوی دەوڵەت، دەوڵەتیش ئاستەنگی زۆرمان بۆ درووست ناكات، چونكە ئێمە بەر لەوەی بەشداری لە هەر چالاكی و فیستیڤاڵێكدا بكەین، سەرەتا رەزامەندی لایەنە پەیوەندیدارەكانی دەوڵەت وەردەگرین، هەروەها ئێمە لە ئێران و لە دەرەوەی ئێرانیش بە جلوبەرگی تایبەتی خۆمان ناسراوین، چونكە جلوبەرگی ئێمە تایبەتمەندیی خۆی هەیە و لە هەر شوێنێكی ئێران هەبێت زۆربەی خەڵك دەیناسنەوە كە ئەمانە جلوبەرگی كوردی خوراسانە و تەنانەت لەبەر ئەوەی جوانە بەتایبەتی جلوبەرگی ئافرەتان زۆر لە ئافرەتانی ئێران لە ناوچەكانی دیكەش دەیپۆشن وەك مۆدەیەكی جوانی جلوبەرگ.
* ئێستا باشووری كوردستان ئازادە و خاوەن پەرلەمان و حكومەتی خۆیەتی، ئێوە وەك كوردی خوراسان هیچ داخوازییەكتان لە حكومەتی كوردستان نییە؟
- ئێمە لە خوراسان نزیكەی دوو ملیۆن كورد دەبین و خاوەن نووسەر و هونەرمەندی زۆر بەتوانا و لێهاتووین، بەڵام لە ئێران ناتوانین بەو شێوەیەی ئێمە دەمانەوێ كارەكانمان ئەنجام بدەین و بناسرێین، بۆیە داوا لە حكومەتی هەرێم دەكەم فیستیڤاڵ و چالاكی هونەریی تایبەت بە كوردانی ناوچە و بەشەكانی دیكە ئەنجام بدات بۆ ئەوەی ئێمەش وەكو كوردانی خوراسان بەشداری تێدا بكەین و كوردانی پارچەكانی تر بە هونەر و موزیك و كەلتووری خۆمان ئاشنا بكەین و بتوانین پردێكی پەیوەندی لە نێوانماندا درووست بكەین، چونكە دووركەوتنەوە و دوور بوونی ئێمە لە ڕووی جوگرافییەوە بووەتە هۆی ئەوەی كە پەیوەندیمان نەمێنێت و بەرەو نەمان بچێت ئەمەش زیانی بۆ هەردوولامان هەیە.
* جگە لە گۆرانیوتن ئایا لە بوارەكانی تری هونەری وەكو سینەما كوردانی خوراسان كەسانی هەڵكەوتوویان هەیە؟
- تا چەند ساڵ پێش ئێستا تەنیا لە بواری گۆرانی كوردانی خوراسان كەسانی لێهاتوویان هەبووە، تاكە فیلمی كوردی كە دیكیومێنتاری بوو دەربارەی ژیان و هونەر و كەلتووری كوردانی خوراسان فیلمەكەی یەڵدا عەباسی بووە، بەڵام تا ئێستا رێگەی پێنادرێت و پەخشیش نەكراوە، هیوادارم پەخش بكرێت.



Top