خانمە ئەستێرەی سینەمایی مەكسیكی سەلما حایك بە یاوەریی ولیام نیسۆن و ئەلفرید مۆلینا و عەساف كۆهین و دەرهێنەر رۆجیر ئەلیرز سەردانی بەیرووتی كرد بۆ بەشداریكردن لە ئاهەنگی دەستپێكردنی فیلمە نوێیەكەی كە فیلمێكی ئەنیمەیشنە، بەو بۆنەیەوەش ئاهەنگێكی تایبەت ساز كرا و كچە گۆرانیبێژی لوبنانی ئەلیساش یەكێك بوو لە بەشداربووانی ئاهەنگەكە و وتەیەكی بەخێرهاتنی پێشكەش كرد.فیلمە نوێیەكەی سەلما بە ناوی (النبي)یە و تێیدا هەشت پەخشانە شیعری فەیلەسوف و شاعیری لوبنانی جوبران خەلیل جوبران پێشكەش دەكات كە یەكێكە لە ئەدیبە ناودارەكانی جیهان و سەلما حایكی بە رەچەڵەك لوبنانی سەرسامە بە كارەكانی.سەلما خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بۆ ئەم سەردانە و یەكەم نمایشی فیلمەكە لە وڵاتی جوبران خەلیل جوبران و هیوای خواست كارەكە سەركەوتن بە دەست بهێنێت و جەماوەری لوبنانیش گرنگییەكی زۆری پێبدات كە شایەنی ئەو ئەدیبە گەورەیە بێت. هەروەها پەیامێكی ئاڕاستەی ئەستێرەكانی هۆڵیۆد كرد بۆ ئەوەی بە هەمان شێوە فیلمەكانی خۆیان یەكەم جار لە لوبنان نمایش بكەن، لە پەیامەكەیدا هاتووە: من بە هەمووتان دەڵێم: ئێوە نازانن چیتان لە دەست خۆتان داوە، لوبنان یەكێكە لە جوانترین و خۆشترین ئەو وڵاتانەی كە مرۆڤ حەز بكات سەردانی بكات.