دادگایەكی هیندستان ئەستێرەی سینەمایی هیندی سەلمان خانی بە كوشتنی كەسێك بە ئۆتۆمبێل تۆمەتبار كرد لە ساڵی 2002 لە مۆمبای كاتێك ئۆتۆمبێلكەی خۆی لە پێنج كەس دا و لەو شوێنە بە برینداری جێیهێشتن و دوای گەیاندنیان بۆ نەخۆشخانە یەكێك لە بریندارەكان گیانی لە دەستدا. سەلمان خان رەتیكردەوە كە ئەو كاتە خۆی ئۆتۆمبێڵی لێخوڕیبێت، بەڵام لێكۆڵینەوەكان دەریانخست كە ئەو بە سەرخۆشی ئۆتۆمبێلەكەی لێخوڕیوە، بەپێی راپۆرتێكی بی بی سی ئەگەری سەپاندنی سزایەكی قورس بەسەر سەلمان خان لە ئارادایە دوای ئەوەی لێكۆڵینەوەكان پێچەوانەی قسەكانی ئەویان سەلماند، دوای وردبوونەوەی لە ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان دادگا بڕیاریدا بە بەندكردنی بە پێنج ساڵ، بەڵام دواتر جێبەجێكردنی حوكمەكەی هەڵپەسارد، ئەمەش كاریگەرییەكی زۆری بەسەر كاروانی هونەری سەلمان خان دەبێت. سەلمان خان یەكێكە لە ئەكتەرە سەركەوتووەكانی سینەمای هیندی و كوڕی نوسەری گەورەی فیلم (سەلیم خان)ـە، لە هیندستان لە باوكێكی بە رەچەڵەك ئەفغانی و دایكێكی بەڕەچەڵەك هیندۆس لەدایكبووە، سەرەتای هاتنە ناو جیهانی نواندن بۆ ساڵی ١٩٨٨ دەگەڕێتەوە كاتێك ڕۆڵی(فیكی بهاندرای)ی لە فیلمی (Biwi Ho To Aisi) بینی. سەلمان خان لە گۆڤاری بەناوبانگی (People) لە ساڵی ٢٠٠٤ لە ڕیزبەندی حەوتەمی سەرنجراكێشترین ئەكتەرەكانی جیهاندا بووە، هەروەها چوارەم ئەكتەری هیندییە كە لە مۆزەخانەی خاتوو تۆسۆ لە لەندەن بە مۆم پەیكەری بۆ دروستكراوە.