لوقمان غەریب:لەبەر نەبوونی درامای كوردی خەڵك پەنا بۆ درامای بیانی دەبات

لوقمان غەریب:لەبەر نەبوونی درامای كوردی خەڵك پەنا بۆ درامای بیانی دەبات
دوای چەند مانگێك لە وێنەگرتنی فیلمی (دانیشتووانی عەلیاوە) لە سەرەتای هەفتەی رابردوو كاری وێنەگرتنی تەواو بوو، ئێستاش لە قۆناغی مۆنتاژدایە كە ژمارەیەك ئەكتەری ناوداری شاری سلێمانی تێیدا بەشدارن. بۆ قسەكردن لەسەر ئەم فیلمە و چەند پرسێكی تایبەت بە هونەری نواندنی كوردی و زنجیرە دراما دۆبلاژكراوەكان ئەم دیمانەمان لەگەڵ لوقمان غەریب دەرهێنەر و سیناریستی ناسراوی شاری سلێمانی ساز كرد.



* ئێوە و ستاف و ئەكتەران ئەرك و ماندووبوونێكی زۆرتان بە (ریحانە)وە كێشا، ئایا لە ئاستی ئاواتەكانی ئێوەدا بوو؟
- دەتوانم بڵێم درامای (رەیحانە) ئەزموونێكی ناوازە و بێ وێنەیە لە درامای كوردیدا، نە هاوشێوەی هەیە و نە دووبارەش دەبێتەوە، بەڵێ هەموومان بە شانازییەوە بە جوانترین و سەركەوتووترین كاری خۆمانی دەبینین.
*ئایا پێشوازیكردنی جەماوەر بە بەراورد لەگەڵ كارەكە وەكو پێویست بوو؟
- لە رووی ئاستی پێشوازی جەماوەریشەوە جگە لە پەخشی یەكەم لە پەخشی دووەمیشدا زۆرترین بینەری هەبووە. ستایلی ئەم درامایە خۆی ئاستی فراوانی جەماوەری بۆ خۆی رادەكێشێت، (رەیحانە) یەكەم درامای كوردی بوو كە لە داگا كەیسی مافی لەبەرگرتنەوە (كۆپی رایتی) لە سەنتەركانی لەبەرگرتنەوە بردەوە و سەنتەرەكان لە دادگا دانیان بەوەدا نا كە لەسەر داخوازییەكی زۆری خەڵك (رەیحانە)یان كۆپی كردووە و بە دەیان هەزار دانەیان لێ فرۆشتووە، جیا لەوەش ساڵی 2011 بە نیاز بووین لەگەڵ كۆمپانیای (felmi)ی سووری دۆبلاژی بكەین بۆ سەر زمانی عەرەبی و هەمان كۆمپانیا كاری دابەشكردنیشی لە كەناڵە عەرەبییەكان كردبوو، بەمەش پرۆسەی دۆبلاژ پێچەوانە دەبۆوە، بەڵام بۆ بەدبەختی شەڕی ناوخۆی سووریا روویدا و پڕۆژەكە بە گشتی وەستا.
• لە كۆتایی مانگی ئادارەوە خەریكی وێنەگرتنی فیلمی (دانیشتووانی عەلیاوە) بوون، كارەكانتان بە كوێ گەیشتووە؟
- راستە ماوەیەكە سەرقاڵی ئەم فیلمەین، ئێستا قۆناغی وێنەگرتن كۆتایی هاتووە و چۆتە قۆناغی مۆنتاژەوە، ئەمەش رەنگە ماوەی دوو هەفتە بخایەنێت، (دانیشتووانی عەلیاوە) یەكەم فیلمی ئەو پڕۆژە نوێیەی منە كە خۆی لە بەرهەمهێنانی چوار فیلمدا دەبینێتەوە و ماوەی هەر یەكیان 90 دەقیقەیە و ناوەندی گاڤ ئەركی بەرهەمهێنانی لە ئەستۆ گرتووە.
• ناوەڕۆكی فیلمەكە باس لە چی دەكات ؟
- فیلمی (دانیشتووانی عەلیاوە) فیلمێكی كۆمەڵایەتییە باس لە ساویلكەیی خەڵكێك دەكات كە هیچ هێز و هاوتایەك توانای ئەوەی نییە بە هەڵەداچوون و ساویلكەیی ئەم خەڵكە سەركۆنە بكات.
• چ جیاوازییەكی هەیە لەگەڵ كارەكانی پێشووترت بەتایبەتی (رەیحانە) و (دوا بڕیاری یاقوب) ؟
- بێگومان هەر كارێكی هونەری تایبەتمەندیی خۆی هەیە واتە لە رووی ناوەڕۆك و ئامانج و پەیامەوە جیاوازن، چونكە هەر دەرهێنەرێك لە هەر كارێكدا دەیەوێ پەیامێك ئاراستەی كۆمەڵگا بكات، (دانیشتووانی عەلیاوە)ش بە هەمان شێوە پەیام و ئامانجی تایبەتی خۆی هەیە، بەڵام لە رووی ستایلەوە بە هەمان ستایلی كارەكانی پێشووە، هەرچەندە ئەم بەرهەمە لە ناوەڕۆك و شێوازی كاركردن تێیدا لە چوارچێوەی فیلمێكی درێژدایە.
• لە (رەیحانە) ژمارەی ئەكتەرەكان زۆر بوو، لەم كارە نوێیەدا چەند ئەكتەر بەشدان ولەو بوارەدا هیچ جیاوازییەك لەگەڵ كارەكانی دیكەتان بەدی دەكرێ ؟
- سیناریۆ و تێكستی هەردوو درامای (رەیحانە) و (دوا بڕیاری یاقوب) وای دەخواست كە ژمارەیەكی زۆری ئەكتەر بەشداری تێدا بكەن، بەڵام ئەم فیلمە بەو ئەندازەیەیە كە ژمارەی ئەكتەرەكان تێیدا زۆر نییە، ئەكتەرە بەشداربووەكان 14-15 ئەكتەر دەبن كە هەموویان لەسەر ئاستی كوردستان ناسراون و خاوەن ئەزموونێكی زۆری هونەرین، رەنگە هەندێكیان بۆ یەكەم جار بێ لەگەڵ یەكتری كار بكەن وەك هونەرمەندان عەبدولی حەمە جوان و عەلی كەریم و عەلی توانا و شۆڕش قادر، بەڵام هیچیان یەكەم جاریان نییە بەشداری بكەن.
* پەیامی ئێوە لەم كارەدا چییە؟
- پەیامەكە ئەوەیە نابێت خەڵكی دەستەمۆی واقعی تاڵ و ملكەچی ژیانێكی زۆرەملێیانە بن، هاوكات ئەوەی پەیامێكی ئینسانیشی هەبێت، نابێ تەنگەنەفەس و كورتبین و میزاجی بێت، وەك ئەوەی لە كاراكتەری سەرەكی ئەم فیلمەدا دەبیندرێت كە خەڵكانێكی گومڕا و بێ ئیرادە لە ناوچەیەكی دوورەدست و هەژار و كۆڵەوار دەستەمۆن.
* بینەر پەرۆشی زنجیرەی هیندی و مەكسیكی و توركی و عەرەبییە بەجۆرێك خەریكە كاری كوردی لە بیردەچێتەوە، ئایا ئەمە لە بەدبەختیی ئێمەیە، یان هۆكارگەلێكی ئەوتۆ هەن كە چارەسەركردنیان سەختە بۆ ئەوەی جەماوەر روو لە دراماكانی كوردی بكاتەوە؟
-دەتوانین بڵێین بینەر پەرۆشی بینینی درامایە، ئینجا لە غیابی درامای كوردیدا پەنا بۆ ئەم درامایانە دەبات. ئەوەتا دەیان كەناڵی تایبەت بە دراما لە سەتەلایتەكاندا هەن و رۆژانەش ژمارەیان لە زیادبوونە، ئەمە نیشانەی گرنگیی درامایە بۆ بینەر بە گشتی، بینەر پشتی لە درامای كوردی نەكردووە، بەڵكو ئەوە لایەنی پەیوەندیدارە بە دەوڵەت و سەرمایەدارانیشەوە پشتیان لە كەلتووری وڵات و میللەت كردووە. ئێستا لە هەموو كات زیاتر بینەر پەرۆشی بینینی درامای كوردییە و ئێمە رۆژانە كۆنتاكمان لەگەڵ بینەری خۆمان هەیە و هەست بەمە دەكەین و دەزانین چەندە بێزارن لەو هێرشە گەورەیەی درامای دۆبلاژی سەقەتی بیانی، چونكە ئەم دراما بیانییانە لەگەڵ كەلتووری ئێمە ناگونجێن، هاوكات لایەنی دۆبلاژكردن و بە كوردی كردنیشیان زۆر بە سەقەتی و ناكامڵی ئەنجام دەدرێت.
* وەك دەرهێنەرێك پەیامتان چییە بۆ ئەو كەناڵانەی كە كاری بیانی نمایش دەكەن و ئامادە نین سپۆنسەری كارە كوردییەكان بكەن؟
- دەبێ خاوەنی ئەم كەناڵانە لە بەڕێوەبەرانی كەناڵەكانیان بپرسن كە ئاخۆ ئەوان كەناڵیان بۆ ئەوە دامەزراندووە و پارەی تێدا خەرج دەكەن كە خزمەت بە كەلتوور و بازاڕی بیانی دەكات، یان بە وتە و پەیامی خۆیان بە خزمەتی كۆمەڵگەی كوردی، میدیاكاران دەزانن ئەم دراما بیانییانە چ كارەساتێكی لەناو كۆمەڵگەی كوردیدا درووستكردووە و ئاكاری زۆرێك لە ئافرەت و پیاوان و گەنجانی ئەم وڵاتەیان بە چ لاڕێیەكی خراپدا بردووە. من پێموایە ئەمە گەندەڵیی كۆمەڵگەیە و زیانی گەورەی پێدەگەیەنێت كە دواتر بە هیچ قەرەبوو ناكرێتەوە، بەڕێوەبەرانی كەناڵەكان و حكومەت و خاوەن كۆمپانیاكان پێویستە بەخۆیاندا بچنەوە و ئاوڕێك لە كەلتووری خۆماڵی بدەنەوە و ئەوەندە عاشقی كەلتووری بیانی نەبن، چونكە ئەوەی لە كۆتاییدا دەمینێتەوە تەنیا كەلتوورە.

پرۆفایل

لوقمان غەریب، دەرهێنەر و سیناریستی ناسراوی شاری سلێمانییە خاوهنی چهند بهرههمێكی تهلهڤزیۆنی و درامیی زنجیرهییه، لهوانه: فیلمی تهلهڤزیۆنیی (سنوقه چا) ساڵی 2004 له نووسین و دهرهێنانی خۆی و لە كوردستان تیڤی و نهورۆز تی ڤی نیشان درا، زنجیرهدرامای (له گوڵێك كاڵتر) ساڵی 2007 نووسین و دهرهێنانی خۆی. له كەناڵەكانی نهورۆز، زاگرۆس، گهلی كوردستان و كهركووكدا نیشان درا، زنجیره درامای (نامهكانی ئهشرهف) ساڵی 2009 نووسین و دهرهێنان و له كوردستان تی ڤی نیشان درا، زنجیره درامای (ڕهیحانه) ساڵی 2010 نووسین و دهرهینان و له كوردستان تی ڤی نیشان درا، زنجیرهدرامای (دوا بڕیاری یاقوب) ساڵی 2012 نووسین و دهرهێنان. له كەناڵەكانی كۆڕهك و كهناڵ 4 نیشان درا.، فیلمی (دانیشتوانی عەلیاوە).





Top