سەنا بەهاج كچە ئەكتەری مەغریبی بۆ گوڵان:سینەمای مەغریبی توانیویەتی رەنگدانەوەی كۆمەڵگە و ئێش و ئازارەكانی بێت
لە دەرفەتێكدا سەنا بەهاج بۆ گوڵان باسی لە چەند لایەنێكی گرنگی سینەما و ئاشنابوونی بە سینەمای كوردی كرد.
زۆر جار باس لەوە دەكرێ كە سینەمای مەغریب پشت بە ورووژاندن دەبەستێت، تەنانەت هەندێك جار باس لەوە دەكرێت كە سنوورەكانیش دەبەزێنێت، سەنا بەهاج وەك كچە ئەكتەرێكی مەغریبی ئەم تۆمەتانە رەتدەكاتەوە و بەم شێوەیە وەڵامی ئەو كەسانە دەداتەوە: پێموانییە سینەمای مەغریبی پشت بە جورئەت و ورووژاندن دەبەستێت بۆ راكێشانی سەرنجی جەماوەر، ئەمە زیاتر پڕوپاگەندەیە و دەخرێتە پاڵ سینەمای مەغریبی، چونكە دەرهێنەری مەغریبی رێزی جەماوەری خۆی دەگرێت، سەرەڕای ئەمەش نكۆڵی لەوە ناكەین هەندێك فیلم كە بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن، چەند دیمەنێكی ورووژاندنیان بەكارهێناوە، بەڵام ئەویشیان لە چوارچێوەیەكی جیا و لە دەرەوەی سیناریۆی فیلمەكەن، من وای دەبینم سینەمای مەغریبی هێشتا پارێزگارە بە پێچەوانەی ئەوەی لە فیلمە عەرەبییەكاندا دەیبینین.
سەنا لە هەمان كاتدا باس لەوە دەكات كە سینەمای مەغریبی هیچ جیاوازییەكی ئەوتۆی نییە لەگەڵ سینەمای وڵاتانی دیكەی عەرەبی كە شایەنی باسكردن بێت و دەڵێ: زۆربەی كارە هونەرییە عەرەبییەكان هاوشێوەن، یاخود جۆرە نزیكبوونەوەیەك هەیە لە نێوانیاندا، تا ئێستا هونەری عەرەبی بە گشتی لەنێو خۆیاندا ركابەرێتی دەكەن و هیچمان نەگەیشتووینەتە ئاستی جیهانی، بەشێوەیەكی گشتی جیاوازی سینەمای مەغریبی و عەرەبی تەنیا لە شێوەزارەكەدایە.
زۆربەی ئەكتەرە سینەماییە ناودارەكان بەتایبەتی لە وڵاتە رۆژهەڵاتییەكان سەرەتا بە كورتەفیلم دەستیان بە كاری نواندن كردووە، سەناش وەك ئەكتەرێك كورتەفیلم بە كارێكی گرنگ و پێویست دەزانێت بۆ پێشخستنی ئەكتەر و پێیوایە كورتەفیلم مەشقێكی گەورە و بەسوودە بۆ ئەنجامدانی فیلمی درێژ، وتیشی: بە هۆی ئەزموونی خۆمەوە لە كاركردن لە هەردوو جۆریان، دەتوانم بڵێم كورتەفیلمی باش و سەركەوتوو رۆڵێكی گرنگ و سەرەكیی لە بەرهەمهێنانی فیلمی درێژ هەیە.
سەنا پێیوایە لێكتێگەیشتنێك لە نێوان بەرهەمهێنەر و دەرهێنەرە مەغریبییەكاندا هەیە هەر ئەمەشە بووەتە هۆی ئەوەی بتوانن پەیامی سینەمای مەغریبی بەشێوەیەكی باش و راشكاوانە بگەیەنین و تێیدا سەركەوتوو بن و دەڵێ: لە زۆربەی فیلمە مەغریبییەكاندا بەرهەمهێنەر و دەرهێنەران توانیویانە كۆنتاكێكی بەهێز درووست بكەن لەگەڵ جەماوەر لە رێگەی پێشكەشكردنی ئەو بابەتانەی كە لە جەماوەرەوە نزیكن، بۆیە دەتوانم بڵێم سینەمای مەغریبی توانیویەتی رەنگدانەوەی كۆمەڵگەی مەغریبی و ئێش و ئازارەكانی بێت.
ئەگەرچی ساڵانە فیلمە كوردییەكان بەشداری لە فیستیڤاڵە سینەماییەكان مەغریبدا دەكەن، بەڵام رەنگە دووریی جوگرافی نێوان هەردوو وڵاتەكە هۆكارێك بێت بۆ ئەوەی هونەرمەندانی مەغریب وەك پێویست ئاشنایەتییان بە فیلمە كوردییەكان نەبێت، لەم بارەیەوە سەنا دەڵێ: بەداخەوە زانیارییەكی زۆرم نییە، بەڵام پێموایە لە زۆر رووە سیناریۆكانیان لە فیلمە مەغریبییەكان نزیكن رەنگدانەوەی ژیانی كۆمەڵایەتی و سیاسیی كۆمەڵگەی كوردین، هەر ئەو فیلمانەش هانیاندام كە لە بارەی مێژووی كوردەوە بخوێنمەوە و زانیاریی زیاتر پەیدا بكەم.
لە بارەی كاریگەریی سینەمای میسری لەسەر سینەمای عەرەبی بە گشتی بە سینەمای مەغریبیشەوە سەنا دەڵێ: من یەكێكم لەوانەی لە نزیكەوە سەیری فیلمە میسرییەكان دەكەم و بە رای من هەندێك لە فیلمەكان لە ئاستێكی زۆر بەرزدان لە هەموو روویەكەوە، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت كە هەموو عەرەبەكان كاریگەریی فیلمە میسرییەكانیان بەسەرەوە هەبێت، چونكە وڵاتانی دیكەش خاوەن كەلتوور و هونەری تایبەتی خۆیانن و هەر یەكیان جیاوازی و تایبەتمەندێتی خۆیان هەیە.
نەچوونی جەماوەر بۆ هۆڵەكانی سینەما بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی پێشوو یەكێكە لەو گرفتانەی كە ئێستا سینەماكاران بەدەستییەوە دەناڵێنن و نەیانتوانیوە بە تەواوی چارەسەری بكەن، سەنا سەرسامیی خۆی لەم دیاردەیە دەربڕی و وتی: منیش نازانم جەماوەر بۆچی پشتی لە سینەما كردووە، چونكە جەماوەری مەغریبی بەوە ناسراوە كە تینووی سینەمایە، هیوادارم سینەمای مەغریبی بگەڕێتەوە بۆ سەردەمی زێڕینی خۆی و جەماوەر وەك جاران لە هۆڵەكانی سینەما بكەنەوە و سینەماش وەكو جاران پاڵەوانە جیهانییەكان بەرهەم بهێننەوە. بۆ چارەسەركردنی ئەم گرفتەش دەڵێ: بێسەروبەریی هۆڵەكانی سینەما و گرنگینەدانی حكومەت و كەرتی تایبەت بە بواری سینەما و سینەماكاران و پێشكەشنەكردنی ئەو فیلمانەی كە لە ئاستی خواستی جەماوەرن، پێویستە چاكسازی تیا بكرێت، چونكە ئێستا جەماوەر زۆر لەو فیلمانە زیرەكترە كە پێشكەش دەكرێن، رەنگە ئەمانە هۆكاری سەرەكیی دووركەوتنەوەی جەماوەر بن لە سینەما.