كاتریناش دەچێتە كان

كاتریناش دەچێتە كان
بەشداریكردن لە فیستیڤاڵێكی جیهانی سینەمایی لە ئاستی كان خەونی هەر ئەكتەرێكە لە ژیانی خۆیدا و زۆریش لە ئەكتەران ئەگەرچی ناودارن لەسەر ئاستی جیهان، بەڵام بەدیهاتنی ئەم خەونەیان كارێكی ئاسان نییە و بە دەگمەن دێتەدی، هەندێكیشیان بە ناوی جیاجیا بەشداری لە فیستیڤاڵەكەدا دەكەن و مەرج نییە تەنیا وەك دەرهێنەر، یان ئەكتەر بەشدار بن.
بڕیار وایە كچە ئەكتەری ناوداری هیندی كاترینا كیف بۆ یەكەم جار لەسەر فەرشی سووری فیستیڤاڵی كان ئامادە بێت لە خولی داهاتووی فیستیڤاڵەكە، كاترینا نوێنەرایەتیی ماركەی (L>Oreal) كە تایبەتە بە كەرەستەكانی جوانكاری ئافرەتان بە یاوەری هەر یەكە لە ئیشواریا رای و سۆنام كاپور، بۆ ئەمە مەبەستەش كۆمپانیای ناوبراو كۆنگرەیەكی رۆژنامەیی ئەنجامدا بۆ هەر یەكە لە سۆنام و كاترینا، لە كۆنگرەكەدا سۆنام وتی: ئەمە جاری پێنجەمە بەشداری لە فیستیڤاڵ كان دەكەم و لەسەر فەرشە سوورەكەی ئامادە دەبم، ئەمەش مایەی شانازی و خۆشحاڵیمە.
لەلایەن خۆیەوە كاترینا بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند: تا ئێستا دەرفەتی ئەوەم بۆ نەڕەخساوە لە فیستیڤاڵی (كان)دا بەشداری بكەم و ئەمە یەكەمجارە كە بەشداری دەكەم بۆیە خۆشحاڵییەكەی سنووری نییە و یەكێك لە خەونە گەورەكانم هاتەدی، چونكە لەو كاتەوەی هاتوومەتە نێو جیهانی فیلم خەونم بەوەوە دەبینی لە فیستیڤاڵە سینەماییە جیهانییەكاندا بەشداری بكەم، لەوانەش فیستیڤاڵی كان.
Top