گۆڤاری (بیبۆل) خانمە ئەستێرەی ناوداری هۆڵیۆد ساندرا پۆلۆكی خاوەن خەڵاتی ئۆسكاری ساڵی 2010، وەك جوانترین ئافرەتی جیهانی لە ساڵی 2015 دەستنیشان كرد، ساندرا سەرەتا كە هەواڵەكەی بیست، بە نوكتەی زانی و پێشبینی ئەوەی كرد كە هەندێك لە هاوڕێكانی بیانەوێ گاڵتەی پێ بكەن، بۆیە كارەكەی بە جددی نەزانی و هیچ هەڵوێست و كاردانەوەیەكی بەهێزی بۆ هەواڵەكە نەبوو. بەڵام دوای ئەوەی بەرپرسانی گۆڤارەكە پەیوەندییان پێوەی كرد و هەواڵەكەیان پشتڕاست كردەوە لە هەمان كاتدا پێیان راگەیاند كە وێنەكەی لە بەرگی ژمارەی مانگی داهاتووی گۆڤارەكە بڵاودەكرێتەوە و نازناوی جوانترین ئافرەتی ساڵی 2015یان پێ بەخشیوە، بە پێكەنینەوە وتی: ئێوە بە راست وا دەڵێن، من جوانترین ئافرەتی ساڵ بم، ئەمە قسەی بێ مانا و پڕوپووچە. ساندرای تەمەن 50 ساڵ، هەروەها وتی: بەدەستهێنانی هەر نازناوێك دەبێتە مایەی خۆشحاڵی ئەكتەر، بەڵام من جوانی راستەقینە لە رۆڵی دایكایەتی خۆم دەبینم بۆ لویسی كوڕە 5 ساڵییەكەم، هەر دەربارەی لۆس ئەنجلۆسیش وتی: جوانی راستەقینە لە هێمنیدایە، بەتایبەتی لەو شارە جوانە. ساندرا دەربارەی وەرزش و تەندروستی و رێكیی لەشی خۆیشی وتی: ئەمە بۆ خۆراكی تەندروست دەگەڕێتەوە كە من پەیڕەوی دەكەم و پێكدێت لە شەربەت و ئەنجامدانی وەرزش بە شێوەیەكی بەردەوام، چونكە سەرەڕای نەبوونی كات وەكو پێویست من هەفتانە پێنج رۆژ وەرزش ئەنجام دەدەم.شایەنی باسە جگە لە ساندرا، هەریەكە لە لۆبیتا نیونجۆ و گوینس پالترۆ و جنیڤەر لۆپێز و جۆلیا رۆبیرتس ئەم نازناوەیان بەدەستهێناوە.