لالە ئەسكەندەری:سینەمای هەر میللەتێك رەنگدانەوەی كەلتوور و مێژووی ئەو میللەتەیە
لالە ئەسكەندەری لە بارەی سینەمای نەتەوەییەوە دەڵێت: «هەر میللەت و نەتەوەیەك سینەمای تایبەت بە خۆی هەیە، چونكە رەنگدانەوەی مێژوو و فەرهەنگ و كەلتووری ئەو نەتەوەیەن، تەنانەت ئەگەر فیلمەكانی هۆڵیۆدیش ببینین، هەست بەمە دەكەین، بەڵام زۆر جار جۆرێك لە هاوشێوە بوون، یان نزیكی لە نێوانی سینەمای چەند میللەتێكدا هەیە، ئەمەش بەهۆی جوگرافیا و نزیكبوونی كەلتوور و فەرهەنگی چەند میللەتێك لە یەكتری، بۆ نموونە: رەنگە سینەمای كوردی و ئێرانی تا راددەیەك لە یەكترییەوە نزیك بن، چونكە ژیان و كۆمەڵگەكانمان زۆر لە یەكترییەوە نزیكن، تەنانەت لە جلوبەرگ و گۆرانی و سەما و قسەكردن و رەفتار و هەڵسوكەوت و شێوەی ژیانی ئێوە زۆر لە هی ئێمە نزیكە و شتێكی نامۆ نییە بۆ كەسێكی ئێرانی، ئەمەش وادەكات كە فیلم و دراما ئێرانییەكان لە كوردستان جەماوەرێكی زۆریان هەبێت، چونكە هیچ جیاوازییەكی ئەوتۆ لە نێوان ئەم دوو فەرهەنگە نابینێت و ئەوەی لێكیان نزیك دەكاتەوە، زۆر زیاترە لەوەی لێكیان جیا دەكاتەوە لە هەموو بوارەكانی ژیاندا. هەرچەندە من لە نزیكەوە زانیارییەكی زۆرم دەربارەی سینەمای كوردی و وردەكارییەكانی نییە و هیوادارم ئاشنایەتی زیاترم هەبێت دەربارەی سینەمای كوردی، بەڵام هەست دەكەم هێشتا گرنگیدان بە سینەما لە كوردستان وەك پێویست نییە و دەكرێ باشتر بێت.»
لالە جەخت لەوە دەكاتەوە كە سینەمای ئێرانی لە ساڵانی رابردوودا هەنگاو زۆری ناوە و زۆریش پێشكەوتووە لەسەر ئاستی ناوچەكە و جیهان و هاوكات دەڵێت: «بە حوكمی ئەوەی ئێستا فەرهەنگی سینەما لە پێشڤەچوونی زیاتر و بەردەوامدایە، دەبینین سینەمای ئێرانیش لە ساڵانی رابردوو نەك لەسەر ئاستی ناوچەكە، بەڵكو لەسەر ئاستی جیهان بەگشتی هەنگاوی زۆری هاوێشتووە، ئەمەش بووەتە مایەی ئەوەی كە لەسەر ئاستی جیهان سوودی لێ ببیندرێت، زۆر لە سینەماكارە ئێرانییە ناودارەكان لە دەرەوەی ئێران كاریان كردووە و سەركەوتنی بەرچاویشیان بەدەستهێناوە، بۆیە دەبینین فیلمەكانیان خەڵاتی سینەمایی بەرز بەدەست دەهێنن، هەروەها سینەماكارە ئێرانییەكان لە فیستیڤاڵە جیهانییەكاندا بوونیان بەرچاوە لە هەموو بوارەكاندا.»
دەربارەی ژیانی تایبەتی ئەكتەر و هونەرمەندان لالە دەڵێت: «هونەرمەند وەك هەرمرۆڤێكی ئاسایی ژیانی تایبەتی خۆی هەیە و رەنگە بە هۆی كارە هونەرییەكانی و كاریگەرییان لەسەر خەڵك، زیاتر خەڵك بیناسن و ئاشنای كارەكانی بن، بەڵام بە گشتی ئەویش مرۆڤە وەك هەموو مرۆڤێك ئاسایی دەژیت و یەكێك لە بابەتە گرنگەكانی ژیانی بریتییە لە پێكهێنانی ژیانی هاوسەرێتی، بە ڕای من هیچ تەمەنێكی دیاریكراو نییە بۆ چوونە نێو ژیانی هاوسەرێتی و هەر كاتێك مرۆڤ هەستیكرد لە رووی هزری و دەروونی ئامادەیە بچێتە نێو ئەم ژیان نوێیە، پێویستە ئەو كاتە كەسێك هەڵبژێرێت بۆ ئەوەی بە یەكەوە ژیانێكی نوێ دەست پێبكەن و خێزانێك بونیاد بنێن، بۆیە من وای دەبینم ناكرێ تەمەنێكی دیاریكراو بۆ چوونە نێو ژیانی هاوسەرێتی بەسەر نەوەكان بسەپێنین، چونكە گەیشتنی هەر كەسێك بەو قۆناغە جیاوازە.»
لالە دەربارەی ژیانی هاوسەرێتی خۆی و چۆنیەتی راپەراندنی كاروباری ماڵەوە دەڵێت: «من هیچ كاتێك جەختم لەوە نەكردۆتەوە كە ژیانی هاوسەرێتی لەگەڵ كەسێك پێك بهێنم كە كارەكەمان بە یەكەوەمان ببەستێتەوە، چونكە پێموایە زۆر شتی گرنگتر هەیە كە پێویستە لەبەرچاو بگیرێت، لەوانە بوونی لێكتێگەیشتن، پێشتر من و هاوسەرەكەم ژیانی سەڵتیمان بینیوە، بۆیە هەردووكمان بە باشی دەزانین كارەكانی ماڵەوە ئەنجام بدەین، ئەمەش مانای ئەوە نییە كە من هەمیشە چێشت ئامادە بكەم، ئەویش كاری دیكە ئەنجام بدات، چونكە هەردووكمان هەموو كارەكانمان بە هاوبەش ئەنجام دەدەین، لێكتێگەیشتنێك لە نێوانماندا هەیە، ئەمەش وایكردووە كارەكانی ماڵەوە زۆر بە خیرایی ئەنجام بدەین و كاتمان بە فیڕۆ نەچێت.»
سەبارەت بە لێكچوونی و نزیكی سیناریۆی فیلمەكانیش دەڵێت: «پێشتریش باسمكرد نزیكیی جوگرافی نێوان میللەتان وا دەكات، زۆر شت هەبێت، لێكیان نزیك بكاتەوە، لە سینەماش بە هەمان شێوەیە، بۆ نموونە: كوردێك و ئێرانییەك خاڵی نزیكبوونەوەی نێوانیان زۆرە، بۆیە كاتێك كوردێك سەیری فیلمێكی ئێرانی بكات، لە زۆر رووەوە خۆی لەو فیلمەدا دەبینێتەوە، بەتایبەتی لە كێشە كۆمەڵایەتییەكانی وەك بارودۆخی ئافرەت ئەگەر سەد لە سەدیش وەك یەك نەبن، دڵنیام لە زۆر رووەوە لە یەكتری نزیكن. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوە لە چارەسەركردنی ئەو بابەتەش سوودی لێ ببینێت، ئەمە بۆ كەسێكی ئێرانیش بە هەمان شێوەیە، من وەك ئەكتەرێك پێموایە ئەگەر رەچاوی ئەو مەرجانە بكرێت كە لە هەردوولا لەسەر بەرهەمهێنانی سینەمایی و لێیان لانەدرێ وەك دەرنەچوون لە دابونەریت و یاسا پەیڕەو كراوەكان، بە هەردوولایان دەتوانن كاری زۆر جوان و بەرز بەرهەم بهێنن، لە ئێستادا بە هۆی نزیكبوون و لێكچوونی فەرهەنگی هەردوو لا، دەتوانرێت سیناریۆی جوان بنووسرێتەوە كە رەنگدانەوەی سینەمای كوردی و ئێرانی بێت و دەبێتە هۆكارێكیش بۆ سەركەوتنی فیلمەكان، بەداخەوە من تا ئێستا ئاشنایەتییەكی زۆرم لەگەڵ سینەماكارانی كورد نییە، هیوادارم لە ئایندەیەكی نزیكدا ئەم دەرفەتەم بۆ بڕەخسێ كە فیلمی كوردی زیاتر ببینم بۆ ئەوەی خاڵە نزیك و لێكچووەكانی نێوان سینەمای هەردوو وڵات بزانم بۆ ئەوەی لە داهاتوودا سوودیان لێ وەربگرین.»