یوسف عەبدولڕەحمان:شانۆی منداڵان بناغەیەكی پتەوە بۆ زیندووكردنەوەی شانۆ

یوسف عەبدولڕەحمان:شانۆی منداڵان بناغەیەكی پتەوە بۆ زیندووكردنەوەی شانۆ
هونەرمەند و مامۆستای كۆلێژی هونەرە جوانەكان یوسف عەبدولڕەحمان چەند ساڵێكە بە هونەری نواندنەوە سەرقاڵە لە دراما و شانۆ و شانۆی منداڵان، بەڵام ئەو لایەنەی ئێستا زیاتر گرنگی پێدەدات شانۆی منداڵانە كە تا ئێستا لە كوردستان وەكو پێویست ئاوڕی لێ نەدراوەتە سەرەڕای ئەوەی زۆر گرنگە و دەبێتە بناغەیەك بۆ سەرلەنوێ دروستكردنەوەی بینەری شانۆ لە كوردستان كە ئێستا زۆر پێویستە و یەكێكە لە هۆكارە سەرەكییەكانی زیاتر بووژانەوەی شانۆ، لەم دیمانەیەدا هونەرمەند یوسف عەبدولڕەحمان چەند لایەنێكی گرنگی شانۆی منداڵان بە خوێنەرانی گوڵان ئاشنا دەكات لە رێگەی ئەو پرسیارانەی ئاراستەمان كردووە.


• ئەگەر لە پێناسەی شانۆی منداڵانمانەوە دەست پێبكەین، چیمان پێ دەڵێیت؟
- شانۆی منداڵ جیهانێكی تایبەت و بێگەردە، وەكو كاغەزێكی سپی، یان شووشە وایە، هیچ شتێكى پیس و نامۆ قبووڵ ناكات، بۆیە دەبێ لەگەڵ ئەم جیهانەدا كە جیهانی بێگەردی منداڵە زۆر راستگۆیانە مامەڵە بكرێت.
* ئەی سەبارەت بە تایبەتمەندییەكانی شانۆی منداڵان؟
- شانۆی منداڵان جیاوازی زۆرە لەگەڵ شانۆی گەورەكان و لەوانەیە بە دیمانەیەكی وا نەتوانین بە تەواوی باس لە بنەماكانی شانۆی منداڵ بكەین، بەڵام دەتوانم هەندیك لە خاڵە سەرەكییەكانی بڵێم، سەرەتا دەبێ بزانین تەمەنی منداڵ كەی دەست پێدەكات، دەتوانین بڵێین لە تەمەنی 3 ساڵی دەست پێدەكات تاكو 15-18 ساڵی و بەسەر چوارقۆناغ دابەش دەكرێت ئەوانیش: باخچەی ساوایان و سەرەتایی، دواتر قۆناغی ناوەندی تاكو 18 ساڵی كە قۆناغی كۆتاییە، شانۆی منداڵان چەند بنەمایەكی گرنگی هەیە لەوانە دەبێ شادی بەخش بێت و بە زمانێكی سادە و ساكار قسەی پێ بكرێ، بیرۆكەی سادە بێت بۆ ئەوەی منداڵان بە ئاسانی تێیبگەن، سەماو گۆرانی تێدابێت، پەروەردەیی بێت بۆمنداڵ، رەنگ یەكێكە لە بنەما سەرەكییەكان نابێ فەرامۆش بكرێت، لە شانۆی منداڵان بە هیچ شێوەیەك نابێ قسەی ناشیرین بەكاربهێندرێت، دووركەوتنەوە بە هەموو شێوەیەك لە جیاوازی نەتەوەیی و ئایینی و رەگەزپەرستی، نابێت شانۆی منداڵان توندوتیژی وكوشتن و بڕینی تێدابێت، هەروەها نابێ فێڵ لە چاوی منداڵ بكرێت بە نیشاندانی دیمەنی زۆر خەیاڵاوی، ئەمانە بەشێكن لە بنەما گرنگ و سەرەكییەكانی شانۆی منداڵان.
* مەرجە شانۆی منداڵان مەنەلۆجی تێدا بێت؟
- بەڵێ زۆر گرنگە بەڵكو خاڵێكی سەرەكییە كە شانۆی منداڵان گۆرانیی تێدا بێت، چونكە كاتێك منداڵ دێتە نێو هۆڵی شانۆ هەست دەكات چۆتە ناو هۆڵێك كە پڕە لە شادی و خۆشی، بۆیە زەڕورە ئەو كەشە خۆشی بە منداڵ ببەخشێت لە كاتی نمایشی شانۆیی تاكو زیاتر چێژ لە شانۆكە وەربگرێت و سەرنجی زیاتر بۆ ناو بابەتەكە رابكێشێت، وا باشتر بەر لەدەست پێكردنی نمایشەكە بە گۆرانییەك دەست پێ بكات، ئەگەر لەناوەڕاست و كۆتاییش هەبێت زۆر باشترە.
* ئایا بەڕێوەبەرایەتیی شانۆ وەكو پێویست ئاوڕی لە شانۆی منداڵدان داوەتەوە؟
-ئەگەر بمانەوێت راستگۆیانە قسە بكەین، دەبێ بڵێین نەخێر، راستە چەند ساڵێك بەر لە ئێستا فیستیڤاڵی تایبەت بە شانۆی منداڵانیان كردەوە، ئەویش تەنیا لەناو شاری هەولێر ئەوەش جێگای دەستخۆشی بوو، بەڵام دەتوانم بڵێم شانۆی منداڵ بەتەواوی پشتگوێ خراوە هیچ كەسێك گرنگی بەم لایەنە نادات. ئەگەر سەیری شاری هەولێر بكەین، بەڕێوبەرایەتیی هونەری منداڵ هەیە، بەڵام ئەوەی تێبینیم كردبێت تاكو ئێستا گرنگییەكی ئەوتۆی وەكو پێویست بەهونەری شانۆی منداڵ نەداوە تەنانەت شانۆكارەكانیش نازانن ئەم بەڕێوبەرایەتییەكە لە كوێیە، جا دەبێ شانۆ حاڵی چۆن بێت لەم شارە، بەڵام ئێوە دەتوانن ئەم پرسیارە ئاڕاستەی بەڕێزیان بكەن.
* هیچ خاڵێكی هاوبەش لە نێوان هونەری شانۆی منداڵان لە كوردستان و وڵاتانی دیكە هەیە؟
- ئەگەر ئاوڕێك لە وڵاتە پێشكەوتووەكان بدەینەوە ئەو كات دەزانین ئەوان چ گرنگییەك بە شانۆی منداڵان دەدەن لە هەموو روویەكەوە، بۆ نموونە هۆڵی تایبەت بە شانۆی منداڵان هەیە كە تەنیا شانۆی منداڵانی تێدا نمایش دەكرێ، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هەستە كە شانۆی منداڵان بە كارێكی زۆر گرنگ و پێویست دەزانن لە هەمان كاتدا گرنگییەكی زۆر بە منداڵەكانیان دەدەن، چونكە نەوەی دواڕۆژ و بناغەی بونیادنانی وڵاتن، لەو سونگەیەی كە رۆشنبیركردنی منداڵ دەبێتە هۆی رۆشنبیركردنی نەوەی داهاتوویان، بۆیە دەڵێم هەرچەند گرنگی بە منداڵ بدرێت بە لایەنی پەروەردەیی منداڵ و هەوڵی رۆشنبیر كردنی و گەشەی فكری و بیر كردنەوە و هەست و نەستەكانی بدرێت بە رێگەی شانۆ هەر كەمە، شانۆ باشترین رێگەیە بۆ ئەوەی پەروەردەیەكی راست و درووست بە منداڵ ببەخشرێت و فێری ئەو شتانە بێت كە لە لای ئەو نهێنی و نامۆن، بۆیە نابێ بە هیچ شێوەیەك شانۆی منداڵان پشتگوێ بخرێت.
* فیستیڤاڵێكی تایبەت بە شانۆی منداڵان تا چەند پێویستە و چ سوودێكی دەبێت؟
- ئەمە پرسیارێكی گرنگە و لە وەڵامیدا دەڵێم: چۆن شیر گرنگ و پێویستە بۆ منداڵ، ساز كردنی فیستیڤاڵی شانۆیی تایبەت بە منداڵانیش ئەوەندە گرنگە، بەتایبەتی ئەگەر ئەم فیستیڤاڵە نێودەوڵەتی بێت، چونكە دەبێتە هۆی ئاشنا بوونی منداڵانی كورد بە منداڵانی جیهان و كەلتووریان، هەروەها لە نزیكەوە هێز و توانای منداڵانی دنیا دەبینن، دواتر بەراوردێك لە نێوان هێز و تواناكانیان دەكەن، ئەوا ئێمە و منداڵانی كورد هەست دەكەین كە منداڵەكانمان چەند بێبەشن لە گرنگی پێدانێكی درووست و پێویست، چونكە منداڵانی ئێمەش هیچیان كەمتر نییە لە منداڵانی دنیا بەمەرجێك دەسەڵات گرنگیان پێبدات، چونكە هەركە فیستیڤاڵ كراوە هەر وڵاتێك كۆمەڵێك كتێب و نامیلكەی تایبەت بە مێژوو و كەلتووری خۆی نمایش دەكات بۆ ئەوەی بەشداربووان پێی ئاشنا بن، ئەمەش بۆ ئێمە وەكو كورد زۆر گرنگە، چونكە ئەو شتانەی منداڵ لە تەمەنێكی زوودا پێیان ئاشنا دەبێت تا كۆتایی ژیانی لە یادیان ناكات، هەر لەو تەمەنە زووەدا ئاشنای كورد دەبن كە بۆ پاشەڕۆژیش كاریگەریی بەسەریانەوە دەبێت، بۆیە گرنگیدان بە شانۆی منداڵان دەبێتە بناغەیەكی پتەو بۆ سەر لەنوێ بونیادنانەوەی شانۆ و درووستكردنی بینەری شانۆ، چونكە خۆشەویستی ئەم منداڵانە بۆ شانۆ بەپێی قۆناغەكانی تەمەنیان بەردەوام دەبێت و دەمێنێتەوە.
* وەكو هونەرمەندێكی بواری شانۆی منداڵان دوایین كاروچالاكییەكانت چی بوون؟
- بە ناوی كوردستان بەشداریم كرد لە فیستیڤاڵی شانۆی منداڵان لە شاری كەربەلا و توانیم خەڵاتی باشترین دەرهێنەر بەدەست بهێنم، هەروەها كچە شانۆكاری كورد (شادی محەمەد) باشترین خەڵاتی ئەكتەری كچی بەدەستهێنا، هەر بە بۆنەی یادەكانی ئادار و نەورۆز لەگەڵ چەند هونەرمەندێكی دیكە بواری شانۆی منداڵان لەوانە (مام عەوڵا نەوزاد و ئاراس و ئەحمەد) لە فیستیڤاڵی (ئێمە هەموومان پێشمەرگەین) چەند نمایشێكی شانۆیی تایبەت بە منداڵانمان پێشكەش كرد، بە هەمان شێوە لە نەخۆشخانەی نانەكەلی نمایشێكی شانۆیی تایبەتمان پێشكەش بە منداڵانی نەخۆشخانەكە كرد، ئەمەش كارێكی مرۆییانە و خۆبەخشانە بوو.
Top