بە درێژایی مێژووی سینەمای هیندی زۆربەی بابەتەكانی فیلمەكانیان كۆمەڵایەتی بوون بەتایبەتی كێشەكانی زۆرداری كاربەدەستان و گەندەڵی پۆلیس و زەوت كردنی زەوی و زاری هەژاران، زۆریش بە دەگمەن باسی بابەتی سێكس و ئایین دەكرێ و بە دوو مەسەلەی هەستیار دادەنرێن كە ئەكتەران زۆر ناوێرن لێیان نزیك ببنەوە لە ترسی كاردانەوەی توندی كۆمەڵگا بەرامبەریان. تا چەند ساڵێك بەر لە ئێستا باس كردنی ئەم دوو بابەتە وەك فڕێدانی بەردێك بووە بۆ نێو ئاوێكی مەنگ و پێشتریش چەند هەوڵێك دران بێ ئەوەی سەركەوتووبن یان تەنانەت شایەنی باس كردنیش بن، بەڵام ئێستا دوو فیلم لە بۆكس ئۆفیسی سینەماكانی هیندستان لە كێبڕكێدان بۆ بەدەستهێنانی پلەكانی پێشەوە و سەركەوتن بەدەست بهێنن یەكەمیان(EK PAHELI LEELA)ە كە پاڵەوانەكەی كچە ئەكتەری ورووژێنەری هیندی سانی لیۆنە و باس لە كچێكی هیندی جوان و سەرنجڕاكێش دەكات لە سەردەمەكانی پێشوو و چەند دیمەن و گرتەیەكی سێكسی لەخۆ دەگرێت، ئەوی دیكەشیان فیلمی ( دارام سانكت مین - DHARAM SANKAT MEIN)یە لە پاڵەوانیەتی نەسرەددین شاه فیلمی دارام سانكت مین بەشێوەیەكی گاڵتەئامێز باس لە ئایین دەكات و تێیدا پیاوێكی هندۆسی تووشی قەیرانی شوناس دەبێتەوە كاتێك منداڵێك تەبەننی دەكات، بەڵام دواتر بۆی دەردەكەوێت كە باوكی راستەقینەی منداڵەكە موسڵمانە ئینجا بە دوای باوكی دەگەڕێت بۆ دۆزینەوەی، رەخنەگران پێشبینی دەكەن فیلمەكەی سانی لیۆن سەركەوتنی زیاتر بەدەست بهێنێت ئەمەش بەهۆی ناوبانگی ئەم كچە ئەكتەرە، چونكە جەماوەر دڵنیایە كە فیلمی سانی لیۆن هەمیشە سەرنجڕاكێشە.