سولتانە میهرۆنیسا دەچێتە ئەفغانستان

سولتانە میهرۆنیسا دەچێتە ئەفغانستان
ئەگەرچی لە میدیاكان هەمیشە ئەفغانستان بە وڵاتی جەنگ و نائارامی وەسف دەكرێت و زۆربەی دەوڵەتانیش هاووڵاتیانی خۆیان ئاگادار دەكەنەوەی لەوەی گەشت بۆ ئەم وڵاتە نەكەن، بە هۆی كێشە بەردەوامەكانی و نەبوونی ئەمن و ئاسایش لەو وڵاتە، بەڵام خانمە ئەكتەری توركی بیراك تۆزۆنتاش بە نیازە سەردانی ئەم وڵاتە بكات بۆ وێنەگرتنی رۆڵی خۆی لە فیلمێكی نوێ كە بەشێكی زۆری دیمەنەكانی لەو وڵاتە وێنە دەگیرێن.
لەم بارەیەوە ماڵپەڕی(Acunn)ی توركی رایگەیاند كە بیراك تۆزۆنتاشی ناسراو بە سولتانە میهرونیسا بە نیازە سەردانی ئەفغانستان بكات بۆ دەستپێكردنی وێنەگرتنی فیلمە نوێیەكەی، لەم فیلمەدا بیراك رۆڵی ئافرەتێكی گەنجی هۆزی كلش دەبینێت كە لە دارستانەكاندا دەژی لەگەڵ هۆزەكەی خۆی كە ناوچەكەیان دەكەوێتە ناوچەی نورستان و درێژ دەبێتەوە تا رۆژهەڵاتی كابول، بیراك خۆشحاڵی خۆی بە بەشداری كردن لەو فیلمە دەربڕی و بە یەكێك لە كارە هونەرییە گرنگەكانی كاروانی هونەریی خۆی وەسف كرد، بەڵام زانیاری زیاتری دەبارەی كارەكە نەدركاند و بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: حەز دەكەم وردەكارییەكانی كارەكە بە نهێنی بمینێتەوە تا ئەو كاتەی فیلمەكە نمایش دەكرێ، چونكە چەند سوپرایزێكیشی تێدایە حەز دەكەم پێش ئەوەی باسی بكەم جەماوەر بۆ خۆی بیبینێت.
Top